کازمى: هەرکەسێک روبەڕوى دەوڵەت ببێتەوە باجى قورس دەدات

KNN : Kurdish News Network
09:52 - 14/05/2021
عێراق
+
-

سەرۆک وەزیرانى عێراق رایدەگەیەنێت، حکومەتى ئێستاى عێراق لە دۆخێکى خراپدا پێکهێنرا و روبەڕوى کۆمەڵێک ئاڵنگارى گەورە بوەوە، دەشڵێت: له‌ تەمەنى یەک ساڵى کابینەى حکومەتدا بەهێندەى (17) ساڵى رابردو شەڕى گەندەڵیمان کردوە.

مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق لە وتارێکدا کە بەبۆنەى جەژنى رەمەزانەوە پێشکەشى کرد رایگەیاند، ئەم حكومەتەی ئێستا لە دۆخێكی زۆر خراپدا لەدایك بوو، كابینەكەی ئێمە جیاوازتربوو لە حكومەتەكانی پێشووتر، كە زۆربەیان تەنها بە دروشم كاریان دەكرد، بەڵام ئێمە سەرباری رێگری و ئەو هەموو پڕوپاگەندانە، بەكردار كارمان كردووە و ئه‌و شه‌ڕی گه‌نده‌ڵیه‌ی ئێمه‌ش له‌مساڵى کابینەى حکومەتدا كردومانە، یه‌كسانه‌ به‌ هه‌وڵی زیاتر له (17)‌ ساڵی ڕابردوو.

لەبارەى بەڕێوەچونى هەڵبژاردنى پێشوەختە لە عێراق؛ کازمى وتى: "هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کاتی دیاریکراوى خۆیدا ئەنجام دەدرێت و هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ سەرکەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردن و خۆم بۆ پۆستى سەرۆک وەزیرانیش هەڵنابژێرم".

سەبارەت بە پەیوەندیەکانى نێوان بەغدا و هەرێم، سەرۆک وەزیرانى عێراق ئاماژەى بەوەکرد، لێکتێگەیشتنی باشمان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە وەکو سەرەتایەک بۆ چارەسەکردنی سەرجەم کێشە هەڵپەسێردراوەکان.

لە وتارەکەیدا کازمى باسى لەوەکرد، حکومەت روبەڕوی ئەو گروپانە دەبێتەوە، کە لە دەرەوەی یاسا چەکیان هەڵگرتووە، وتیشى؛ هەرکەسێک روبەڕوى دەوڵەت ببێتەوە باجى قورس دەدات.

602 جار خوێندراوەتەوە