بە رابەرایەتى فلۆرێنتینۆ پێرێز، شەوى رابردوو بەشێوەیەکى فەرمى (12) یانەى ئەوروپا نوسراوێکیان بڵاوکردەوە و ئاشکرایانکرد کە دەیانەوێت خولى (سوپەر لیگ) دروست بکەن، یوفا و فیفا و بەشێک لە شارەزایانى تۆپى پێش ئەوە بە کودەتا دەزانن.
بەپێى پلانەکان، ئەو خولە بە لە (15) یانەى هەمیشەیى و (5) یانەى دیکە پێکدێت و دەبێتە جێگرەوەى چامپیۆنس لیگ.
خولەکە فلۆرێنتیرۆ پێرێز سەرۆکى ئێستاى ریاڵ مەدرید پلانداڕێژەرییەتى و هەر خۆشى سەرۆکى بۆردى بەڕێوەبردنى (سۆپەر لیگ)ە، و توانیویەتى لەپاڵ ریاڵ مەدرید کاریگەرى لە هەریەکە لە یانەکانى: بەرشەلۆنە، ئەتلەتیکۆ مەدرید، مانچستەر یونایتد، مانچستەر سیتی، لیڤەرپوڵ، چێڵسی، ئارسناڵ، تۆتنهام، ئینتەر میلان، یۆڤانتۆس، ئەیسی میلان، هەبێت کە ئەمانە (12) تیپى هەمیشەیى خولەکەن.
یەکێتى تۆپى پێى ئەوروپا (یوفا) و یەکێتى تۆپى پێى جیهان (فیفا)، زۆر بە توندى هاتۆنەتە سەرخەت بۆ روبەڕوبونەوەى ئەم پڕۆژەیە و هەڕەشەى ئەوە دەکەن ئەگەر بێت و ئەو یانانە دەستبەردارى پڕۆژەکە نەبن یاریزانەکانى ئەو یانانە لە مۆندیال بێبەشدەبن و لە خولەناوخۆییەکانى وڵاتەکانیشیان بەشداریان پێناکرێت.
بەپێى هەندێ راگەیاندنى ئەوروپیش هەریەکە لە پاڵەوانێتییەکانى چامپیۆنس لیگ و یۆرۆ لیگ بۆ ماوەیەکى نادیار راگیراون و باس لەوە دەکرێت پاریس سانجێرمان کە تائێستا لە پڕۆژەى سۆپەرلیگدا نیە راستەوخۆ بکرێتە پاڵەوانى ئەم وەرزەى چامپیۆنس لیگ.
لە وڵامى فشارەکانى یوفا و فیفاش لە بێبەشکردنى ئەو یاریزانانەى لە سوپەرلیگ لە مۆندیالى (2022)، فلۆرێنتیرۆ پێرێز ئەندازیارى پڕۆژەکە وتویەتى:" مۆندیالێکى تایبەت دروست دەکەین"، بەڵام ئەو قسەیە تائێستا پشتڕاست نەکراوەتەوە و قسەى راگەیاندنەکانە.
میدیا وەرزشییەکانى ئەوروپا ئاشکرایانکردووە بۆ تەواو کردنى (15) یانەى هەمیشەیى خولەکە، پێرێز توانیویەتى بڕوا بە هەریەک لە یانەکانى ( بایرن میونخ و لیۆن و پاریس سانجێرمان) بهێنێت تا بەشدارى خولەکە بکەن.
بڕیارە ئەمڕۆش کۆبونەوەکانى یوفا ئەنجام بدرێن و بڕیار و رێوشێوێنى نوێ لە بارەى سوپەر لیگ و خولە ناوخۆیییەکان و چامپیۆنس لیگ دەربچێت.
756 جار خوێندراوەتەوە