دوای دوو ساڵ لە راگرتنی پرۆسەی گەڕاندنەوەی
پەنابەرانی عێراق لە سوریا، جارێکی دیکە پرۆسەکە دەست پێدەکاتەوە و لە قۆناغی
یەکەمدا (500) خێزانی عێراقی دەگەڕێندرێنەوە.
ئاژانسی هاوار نیوز لەسەر زاری (
مونیر محەمەد) یەکێک لە بەرپرسانی کەمپی هۆل لە رۆژئاوای کوردستان بڵاویکردەوە،
دوای هەوڵەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، حکومەتی عێراق رەزامەندی نیشاندا لەسەر
گەڕاندنەوەی (500) خێزان بۆ ناوچەکانیان و ئامادەکارییەکان لەلایەنی عێراقیشەوە
دەستیپێکردوە.
ئەوە لەکاتێکدایە، گەڕاندنەوەی
پەنابەرانی عێراقی لە کەمپەکانی رۆژئاوای کوردستان لە ساڵی (2019)ەوە راگیراوە.
بەپێی دواین ئامارەکان، لە کەمپی
هۆل کە (45) کم لە شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستانەوە دورە، (30) هەزار و (738)
پەنابەری عێراقی تێیدا نیشتەجێن، کە دەکاتە هەشت هەزار و (256) خێزان.
زۆربەی پەنابەرانی عێراقی لە سوریا
و رۆژئاوای کوردستان، خەڵکی پارێزگاکانی هاوسنوری نێوان عێراق و سوریان و دوای
هاتنی داعش لە ساڵی (2014)دا چونەتە سوریا.
384 جار خوێندراوەتەوە