وەزیری تەندروستی عێراق هۆشداری دەدات لە بەرزبونەوەی ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا

KNN : Kurdish News Network
06:23 - 26/01/2021
عێراق

وەزیری تەندروستی عێراق هۆشداری دەدات لە بەزربونەوەی ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا، بەهۆی پابەند نەبوون و جێبەجێنەکردنی رێنماییەکانی خۆپارێزی.

 

 حەسەن تەمیمی وەزیری تەندروستی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە، عێراق بە وریایی و جدییەتییەوە مامەڵە لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکات، بەردەوام هۆشداری زیادبونی زیانە گیانییەکان دەدرێت، بەڵام رێنماییەکانی خۆپارێزی لەلایەن هاوڵاتیانەوە پشتگوێ دەخرێت.

 

وتیشی، رۆژانە پشکنینێکی زۆر لە قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگەکان ئەنجام دەدرێت، چونکە هێشتا هەڕەشەی کۆرۆنا لە جیهان و ناوچەکەدا بوونی هەیە.

 

وەزیری تەندروستی داواشی لە هاوڵاتیان کرد، لەگەڵ بڵاوبونەوەی جۆرە نوێیەکەی کۆرۆنا زیاتر لە جاران پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان و رێکارەکانی خۆپارێزی کرد.

 

لەبارەی دابینکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا وەزیری تەندروستی عێراق ئاشکرایکرد،لەگەڵ کۆمپانیای ئەسترازینیکا گرێبەستیان کردووە بە مەبەستی کڕینی یەک ملیۆن ڤاکسینی دژە کۆرۆنا، بەوەش ئەسترازینیکا دەبێتە دووەم کۆمپانیا کە ڤاکسینی لێ کڕیبێت.  

 

ژمارەی توشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق، (615 هەزار و 380)کەسە، (13 هەزار و 10) توشبوو گیانیان لەدەستداوە، (584 هەزار و 752) کەسیش کە دەکاتە رێژەی (95٪)، چاکبونەتەوە.

206 جار خوێندراوەتەوە