ئامادەکردنى؛ كاروان فارس- ئەمەریكا
هەموو جارێك لەسەروبەندی
هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکادا مشتومڕی سیاسی جیاجیای گەرم سەرهەڵدەدات و جیهان
لە چاوەڕوانیدا دەبێت، هەموو لایەك خەیاڵی لای ئەوە دەبێت ئەو گۆڕانکارییەی لە ئەنجامی
هەڵبژاردنەکەدا دێتەکایەوە زیانی پێنەگەیەنێت، هەر لەبەرئەوەشە هەر لایەك بەگوێرەی
بەرژەوەندییەکانی خۆی بابەتەکە و بارودۆخەکە هەڵدەسەنگێنێت و خۆی بۆ هەر ئەگەرێك
ئامادە دەکات.
لەو سۆنگەیەوە هەستمکرد
بەشێك لەوانەی کە لەوبارەیەوە قسە دەکەن، قووڵ نین، سادە و ساکار و رووکەشانە شیکردنەوە
دەکەن و شۆڕنەبوونەتەوە ناو وردەکارییەکان، وەك ئەوەی هەروا رووداوێکی راگوزەری بێ
کاریگەر بێت، لەبەرئەوە بەپێویستم زانی ئەو زانیاریی و وردەکارییەیانە بخەمەبەر دیدەی
خوێنەران.
دیارە کە سیستمی
حكومڕانی لە ئەمەریکا ئاڵوز و ناوازەیە، سیستمێکی (فیدراڵی و سەرۆكایەتی و پەرلەمانی
و كۆماری و دیموكراتە) لەوەتەی ئەو سیستمە دامەزراوە لە دەستورێكی چەند لاپەرەی بچوكدا خۆی دەبینێتەوە کە لە ساڵی(1787)
لە فیلادیلفیا ئیمزایان لەسەر كردووە، تاكو ئێستاش پەیرەودەكرێت، چەند گۆرانكارییەكی
كەمیان لە هەندێك بڕگەی ناسەرەكی كردووە، تاكو ئێستاش لە بچوكترین دامودەزگاوە
تاكو لوتكەی دەسەڵات و دام و دەزگای ئەو وڵاتە پەیرەوی دەكەن و ملكەچی ئەودەستورە
نوسراوەن، کە تیایدا دەسەڵاتەكان تەواو جیاكراونەتەوە، بەشێوەیەكی زۆر دیموكرات و
دادپەروەرانە برگە و یاساكانی بەسەر هەر (50) ویلاتەكەی ئەمەریکا بە واشنتۆن د.س
پایتەختیشەوە جێبەجێ دەكرێن.
ویلایەتەكانی ئەمریکا
سەربەخۆیی نیمچە تەواویان هەیە و یاساكانی فیدراڵیش بەسەر گشت ویلایەتەكاندا جێبەجێ
دەكرێن.
سیستمی فیدراڵی
لە ئەمریکا لەسەر سێ كۆڵەكە بەندە:
١-یاسادانان
كە خۆی لە كۆنگرێس دەبینێتەوە.
كۆنگرێسیش لە
دوو ئەنجومەن پێكدێت، ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پیران.
٢-دەسەڵاتی
جێبەجێكردن كە كۆشكی سپی مومارەسەی دەكات، واتا سەرۆك كابینەی حكومەت پێكدەهێنێت و
مومارەسەی دەسەڵاتەكانی دەكات.
٣-دەسەڵاتی
دادوەریی كە خۆی لە دادگای باڵا دەبینێتەوە.
هەرسێ دەسەڵاتەكەش
بەتەواوەتی جیاكراونەتەوە، بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە باسی بکەین، خاڵی یەكەم و دووەمە،
واتا هەڵبژاردنی كۆنگرێس Congress و سەرۆكە. بەو پێیەی لە ئێستادا ئەمەریکا خەریكی هەڵبژاردنی سەرۆك و كۆنگرێس و شارەوانی
و دادوەر و بەرێوەبەری پەروەردە و حكومرانی چەندین ویلایەتە، کە بڕیارە لە (3/11/2020)
بەرێوەبچێت. سیستمەكە بەجۆرێك ئاسانكاری بۆ كراوە، دەنگدەر بۆ هەموو پۆستەكان دەتوانێ
راستەوخۆ دەنگ بدات بە لیستی پاڵێوراوانی حزبە سیاسیەكان.
١-كۆنگرێس
(یاسادانان) لە دوو ئەنجومەن پێكدێت كە ژمارەی ئەندامەکانی دەگاتە (٥٣٥) ئەندام.
یەكەم:- ئەنجومەنی
(نوێنەران) House
of Representatives كە لە (435) ئەندام پێكدێت و هەردوو ساڵ جارێك هەڵبژاردن بۆ ئەم ئەنجومەنە دەكرێت،
ئەو(435)ئەندامەی دابەش بوون بەسەر ویلایەتەكان بەپێ كەمی و زۆری ژمارەی دانیشتوانی
ویلایەتەكان دابەشكراوە، واتا ویلایەتێك ژمارەی دانیشتوانی زۆر بێت ژمارەی ئەندامیشی
لەو ئەنجومەنە زۆر دەبێت، بەپێچەوانەوە ئەگەر ژمارەی دانیشتوانی كەم بوو ژمارەی ئەندامیش
كەمترە. زۆری و كەمی دانیشتوانی ویلایەتەكان رێژەی ئەندام بوون لەو ئەنجومەنە دیاری
دەكەن، بۆ نمونە ویلایەتی كالیفۆرنیا زۆرترین ژمارەی دانیشتوانی هەیە نزیكەی(40)
چل ملیۆن كەس دەبێت، ژمارەی كورسییەکانی لە ئەنجومەنی نوێنەران (53) كورسی یە. ویلایەتی
دەلوێەر (Delaware)ژمارەی دانیشتوانی نزیكەی
(1) یەك ملیۆن كەسە و (1)كورسی بەردەكەوێت.
مەرجی خۆكاندید
كردن بۆ ئەنجومەنی نوێنەران
١-دەبێت
تەمەنی کاندید لەسەرووی (25) ساڵییەوە بێت.
٢-هەڵگری
رەگەزنامەی ئەمریکا بێت وماوەی (7) ساڵ دانیشتووی هەمیشەیی ئەو ویلایەتە بێت کە تیایدا
خۆی کاندید دەکات.
لە ئێستادا ئەنجومەنی
نوێنەران بەدەست دیموكراتەكانەوەیە كە نانسی پێڵۆسی سەرۆكایەتی دەكات
ئەو(435) كورسییە
بەو شێوەیە دابەش بوون
دیموكراتەكان (232)كورسی
كۆمارییەکان (197)كورسی
ئازادیخوازەكان
(1)كورسی
كورسی بەتاڵ (5)
كورسی
دیموكراتەكان زۆرترین
كورسیان هەیە و لەو ئەنجومەنەدا براوەن، هەر كاندیدێك لە پارتی براوەدا زۆرترین دەنگ
بەدەستبهێنێت دەبێتە سەرۆكی ئەنجومەنەكە، کە ئێستا(نانسی پیلۆسی)سەرۆكایەتی دەكات.
دووەم:-ئەنجومەنی
(پیران ) U.S.
Senate ئەو ئەنجومەنە لەناو كۆنگرێس دەسەڵاتی بەرزترە لە ئەنجومەنی نوێنەران، ژمارەی ئەندامەکانی
دەگاتە (100) ئەندام بەجۆرێك هەر ویلایەتەی دوو ئەندامی بەردەكەوێت لێرەدا بۆ ئەندامبوون
زۆری و كەمی ژمارەی دانیشتوانی ویلایەتەكان پێوەر نییە، بەڵكو دەستور بەشێوەیەكی یەكسان
بۆ هەر ویلایەتێك (دوو) كورسی داناوە.
ئەندامانی ئەو ئەنجومەنە
هەر (6) ساڵ جارێك هەڵدەبژێرێن،بەڵام بەجۆرێكە (2) ساڵ جارێك بۆ (3/1) یەك لەسەر سێ
ئەندامانی هەڵبژاردن دەكرێت. واتا بۆ ئەمساڵ هەڵبژاردن بۆ (33) ئەندامی ئەنجومەنی
پیران و هەروەها بۆ پركردنەوەی (2) دوو كورسی بەتاڵی هەریەكە لە ویلایەتەکانی (ئەریزۆنا
و جۆرجینا)دەكرێت ئەو دوو کورسیەش هی هەر یەكە لە سیناتۆران (جۆن مەككینی و جۆرج
لویس)ی كۆچ كردوون، واتا بۆ (35) ئەندام لە ئەنجومەنی پیران دەكرێت و تاكو (6) شەش
ساڵیی تر هەڵنابژێردرێنەوە و بۆ (2) دوو ساڵی تر هەڵبژاردن بۆ (3/1) یەك لەسەر سێ تری ئەنجامدەدرێت، هەموو دوو ساڵ
جارێك (3/1) یان هەڵدەبژێردێت.ێرەدا زۆری كورسی رۆڵ دەبینێت نەك دەنگ
مەرجەکانی خۆ كاندید كردن بۆ ئەنجومەنى پیران
١-تەمەنی
کاندید لەسەرووی (30) سی ساڵییەوە بێت
٢-هەڵگری
رەگەزنامەی ئەمریکا بێت و بۆ ماوەی (9)ساڵ لەو ویلایەتەدا نیشتەجێی هەمیشەی بێت کە
تیایدا خۆی کاندید دەکات، لە ئێستادا ئەنجومەنی سێنات (پیران) بە دەست کۆمارییەکانەوەیە
كورسیەكان بەو شێوەیەن:
کۆمارییەکان (53)كورسی
دیموكراتەكان (45)
كورسی
سەربەخۆكان(2)كورسی
جێگری سەرۆكی ئەمریكا
سەرۆكایەتی ئەو ئەنجومەنە دەكات، بەڵام مافی دەنگدانی نییە، تەنیا لەحاڵەتێكدا دەنگ
دەدات ئەگەر ئەنجامی دەنگدان لەو ئەنجومەنە یەكسان بوو واتا (50 بە 50) بوو ئەوكات
دەنگ دەدات، ئەمەش حاڵەتێكی ئەستەمە و نەبووە ئەنجومەنی سینات لەسەر پرسێکی یاسایی
دەنگدانی (50 بە 50) بێت. بەڵام زۆربەی جار ئەو ئەنجومەنە لە ناوخۆی دا سەرۆكێك هەڵدەبژێرێت.
بۆ ئەوەی دیموكراتەكان بۆ ئەمجارە لەو ئەنجومەنە گرنگەشدا براوە بن، لانیكەم دەبێت
(3 بۆ4) كورسی زیاتر بەدەستبهێنن.
كۆنگرێس بە هەردوو
ئەنجومەنەكەوە كە (535) ئەندامن. رۆڵێكی یەكجار گرنگ دەگێرێت و یاسا دادەنێت و
چاودێری حكومەت و ژیان وگوزەرانی خەلك و باج و ماف و ئازادیەكان دەكات، بۆ ئەمساڵیش
ركابەرییەكە هەر لەنێوان هەردوو پارتە گەورەكەی ئەمەریكا دەبێت، ژمارەیەك پارتی دیکەش
هەن وەك (حزبی ئازادیخوازەكان و پارتی سەوزو محافزكارەكان و سەربەخۆكان) بەڵام ئەوەندە
بەهێز نین و وەك پێویست دەنگ ناهێنن.
٢-دەسەڵاتی
جێبەجێکردن كە سەرۆكی ئەمەریکا پیادەى دەكات.
لە 3/11/2020 پرۆسەی
هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەمریكا بەڕێوەدەچێت دۆناڵد ترامپ لە کۆمارییەکان و جۆی بایدن لە
دیموکراتەکان و هاوی هۆکینز لە پارتی سەوز و جۆ یۆجۆرگنسن لە پارتی ئازادیخوازەکان
خۆیان بۆ ئەم پۆستە کاندیدکردووە. وەك هەمووان دەزانین ململانێی سەرەكی لە نێوان جۆی
بایدن و دۆناڵد ترەمپ دەبێت. دەنگدەر لەئەمریکا راستەخۆ دەنگ نادات بە سەرۆكی ئەمەریکا
بەڵكو سیستمە كە بەشێوەیەكی ناراستەخۆیە. ماددەی دووەمی برگەی یەكی دەستوری ئەمریکا،
زامنی ئەو یاسایەی كردووە بۆ دەستنیشانكردنی سەرۆكی وڵات لە رێگەی سیستمێکەوە كە پێ
دەوترێت دەستەی هەڵبژاردن یان کۆلیژی هەڵبژاردن (electoral college)
پڕۆسەى کۆلێژى هەڵبژاردن چیە؟
پرۆسەی کۆلێژی هەڵبژاردن
پێکهاتووە لەهەڵبژاردنی هەڵبژاردەکان و کۆبوونەوەی ئەو دەستەبژێرانەی کەدەنگی خۆیان
دەدەن بەسەرۆک و جێگری سەرۆک و ژماردنی دەنگەکانی هەڵبژاردن لەلایەن کۆنگرێسەوە.
كەواتە (کۆلیژی
هەڵبژاردن) جەستەی ئەو دەستەبژێرەن کە لەلایەن دەستووری ئەمریکاوە دامەزراون و هەر
چوار ساڵ جارێك بە تەنیا بە مەبەستی هەڵبژاردنی سەرۆک و جێگری سەرۆکی ئەمەریکا پێکیدەهێنن.
دەستەبژێرەکان
" لە هەر (50) ویلایەتەکەدا لە مانگی دیسەمبەر کۆدەبنەوە و دەنگ بە سەرۆک دەدەن
. ئەوکەسەی زۆرینەی دەنگەکان لە " کۆلێژی هەڵبژاردن " وەردەگرێت دەبێتە
سەرۆک کۆمار .
چۆن ئەم سیستمە
بە تەواوی کار دەکات؟
لە سیستمی
" کۆلێژی هەڵبژاردن "دا هەر ویلایەتێك ژمارەیەکی دیاریکراو لە "دەنگەکان"ی
بۆ دیاری دەکرێت . کۆی گشتی (538) دەنگی هەڵبژاردن هەیە و ژمارەی دەنگەکانی هەر ویلایەتێك
دەبێ بەپێی ڕێژەی ژمارەی دانیشتوانی ویلایەتەکە زیاتر "دەنگەکان" بەدەستبهێنێت.
لێرەدا زۆری كورسی رۆڵ دەبینێت نەك دەنگ
هاوکێشەی دیاریکردنی
ژمارەی دەنگەکان بۆ هەر ویلایەتێك سادەیە. لە ماددەی دووەم بڕگەی یەکەم بڕگەی 2ی دەستووری
ئەمەریکا لە electoral
college (ئیلیكتۆڕاڵ كۆڵیج) دەستنیشانی كردووە كە ژمارەی ئەم دەستەیە بەقەت ژمارەی ئەندامانی
كۆنگرێسە (ئەنجومەنی نوێنەران و پیران)، هەروەها سێ ئەندام وەك نوێنەری واشنتۆنی
پایتەخت، واتە ژمارەی دەستەكە (538) ئەندامن (435+100+3=538) هەر كاندیدێكی سەرۆكایەتی
بتوانێت (50+1) واتا (270)دەنگ لەم دەستەیە بەدەستبهێنێت دەبێتە سەرۆكی ئەمریكا. جیاواز
لەزۆربەی هەڵبژاردنەکان مەرج نییە ئەوکەسەی دەبێتە سەرۆک کۆمار، ئەو کاندیدە نەبێت
کە لەڕۆژی هەڵبژاردندا زۆرترین دەنگ بەدەستبهێنێت. بەڵکو هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمریکا،
پرۆسەیەکی دوو هەنگاویە، لێرەدا زۆری كورسی رۆڵ دەبینێت نەك دەنگ وەك ئەوەی ساڵی (2016)
لە هەڵبژاردنی رابردووا روویدا كە دیموكراتەكان بە سەرۆكایەتی هیلاری كلنتۆن دەنگی
زۆرتریان هێنا، بەڵام كۆمارییەكان بە سەرۆكایەتی ترەمپ كورسی زیاتریان بەدەستهێنا
و بوونە براوە.
خۆری سەرۆكایەتی ترەمپیش كۆتایی دێت
بۆ روونتركردنەوەی
ئەو یاسایە نمونەیەك دەهێنینەوە، لە ویلایەتێكی وەكو تەكساس كە دوای كالیفۆرنیا زۆرترین
ژمارەی دانیشتوانی هەیە و (38) كورسی كۆنگرێسی هەیە، ئەگەر کۆمارییەکان لەو (38)
كورسییە نیوە کۆ یەك بەدەستبهێنن واتا (20)كورسی، ئەوا هەموو كورسییەكانی تریش لەگەڵ
خۆی دەبات، واتا لە (دەستەی هەڵبژاردن)دا دەبێتە خاوەنی هەر (38) كورسییەكە، ئەمە
سەبارەت بە هەر (50) ویلایەتەكە بەو شێوەیەیە. لە تەكساسیش کۆمارییەکان نزیكەی(40)
چل ساڵە براوەن. ماوەیەكی زۆرە کۆمارییەکان جلەوی دەسەڵاتی ئەنجومەنی سێناتیان گرتۆتە
دەست، بەڵام زۆرینەی راپرسییەكان و ئامار و لێكدانەوەكانی
كە بۆ هەڵبژاردنی ئەمساڵ دەکرێن وایدەبینن لەوانەیە کۆمارییەکان ئەنجومەنی پیران سێنات
لە دەستبدەن. واتا خۆری سەرۆكایەتی ترەمپیش كۆتایی دێت، بەمەش گشت ئەو پلان
وبەرنامە و ستراتیژ و ئامانجانەی ترەمپ لە ماوەی چوار ساڵدا دایرشتبوو دەكەوێتە ژێر
مەترسی و گۆرانیان بەسەردا دێت، لەبەرئەوەی دیموكراتەكان لەسەر كۆی پرسە سیاسیەكانی
تایبەت بە ناوخۆی ئەمەریكا و جیهان لەگەڵ
کۆمارییەکاندا جیاوازییان هەیە.
پێدەچێت کۆمارییەکان سەرۆكایەتی ئەمریكا و كۆنگریس لەدەستبدەن
ئێستا بەتایبەت
لە دوای یەکەم دیبەیتی نێوان هەردوو کاندید ترەمپ و بایدن تاڕاددەیەك روونبۆتەوە،
پێدەچێت کۆمارییەکان سەرۆكایەتی ئەمریكا و كۆنگریس لەدەستبدەن بەهۆی ئەو سیاسەتەی
لەسەردەمی حوکمڕانی ترەمپدا پەیڕەوکراوە، بەو هۆیەوە کۆمارییەکان زەبرێکی کوشندەیان
بەرکەوتووە، بەتایبەت لەسەر پرسی ڤایرۆسی کۆڕۆنا و کوژرانی جۆرج فڵۆیدی رەشپێست بەدەستی
پۆلیسێکی رەیسیستی سپی پێستەوە، کە دەنگدانەوەیەکی گەورەی هەبوو، لەسەر هەردوو
ئاستی دەرەکی و ناوخۆدا خۆپیشاندانی ناڕەزایی لێکەوتەوە.
لە کۆتاییدا بە
شێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێین هەرچەندە ئەگەری سەرکەوتنی دیموکراتەکان لەم هەڵبژاردنەدا
زۆرە، بەڵام ئەوە هەڵبژاردنە و لەوانەیە وەکو چوار ساڵ لەمەوبەر پێشبینییەکان پێچەوانە
ببنەوە، بۆیە دەبێ چاوەڕێی دوا رۆژی هەڵبژاردنەكان بكەین.
2358 جار خوێندراوەتەوە