هەڵبژاردنى
سەرۆک کۆمارى قوبروسى تورکى بۆ خولى دوەم درێژکرایەوە و رکابەرى سەرەکیش لە نێوان
لایەنگرێکى حکومەتى تورکیا و دژەکەى ماوەتەوە.
دوێنێ هەڵبژاردنى
سەرۆک کۆمارى قوبروسى تورکى بەبەشدارى (11) کاندید کە حەوت لە کاندیدەکان
سەربەخۆبون و بەڕێوەچو، کە تێیدا (198) هەزار و (957) دەنگدەرى ئەو وڵاتە لە (736)
سندوقدا دەنگیاندا.
دواى کۆتایى
هاتنى پڕۆسەى هەڵبژاردنەکە، شەوى رابردو ئەنجامەکەى راگەیەنرا، بەڵام هیچ کام لە
کاندیدەکان نەیانتوانى دەنگى پێویست کە (50+1) بەدەست بهێنیت، بۆیە هەڵبژاردن بۆ
خولى دوەم درێژکرایەوە کە رۆژى (18)ى ئەو مانگە بەڕێوە دەچێت.
لە خولى دوەمدا،
ئەو دو کاندیدەى لە خولى یەکەمدا زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە رکابەرى یەکترى
دەکەن و زۆرینەى سادە دەبێتە براوەى هەڵبژاردن.
لە خولى
یەکەمدا، ئەرسین تەتار سەرۆک وەزیرى ئێستاى قوبروس (32.3)ى دەنگەکانى بەدەستهینا و
مستەفا ئاکنجى سەرۆک کۆمارى ئێستاى قوبروس (29.8)ى دەنگەکانى بەدەستهێنا.
ئەرسین تەتار
لەلایەن حکومەتى تورکیا (ئەکەپە)وە پشتگیرى دەکرێت و مستەفا ئاکنجیش سەرۆک کۆمارى
ئێستاى قوبروسى تورکى لایەنگرى سیستمى فیدڕاڵى و یەکگرتنى هەردو قوبرسەکەیە، کە
ئەوەش دژە بە سیاسەتى حکومەتى تورکیا.
ساڵى (1974)
دواى دەستێوەردانى سەربازى تورکیا، قوبروس بو بە دو بەش و قوبروسى یۆنانى لەلایەن
هەمو جیهانەوە ناسراوە و ئەندامى یەکێتى ئەوروپایە، هەرچى قوبروسى تورکییە تەنها
لەلایەن تورکیاوە دانیپێدانراوە و لەسەر ئاستى جیهانى دانپێدانراو نیە.
743 جار خوێندراوەتەوە