سەدر و حەکیم نیگەرانن لە دۆخى عێراق

KNN : Kurdish News Network
10:23 - 28/09/2020
عێراق
+
-

سەرۆکى رەوتى حیکمە و رێبەرى رەوتى سەدر، مەترسى خۆیان پیشاندەدەن لە ئاڵۆزبونى دۆخى عێراق و داواى چارەسەرکردنى دۆخەکە دەکەن.

لە راگەیەنراوێکدا، عەمار حەکیم، سەرۆکى رەوتى حیکمە رایگەیاند: بەردەوامبون لەسەر لێدان و هێرشکردنە سەر دامەزراوە گشتی و تایبەتەکان بەتایبەتى لە بەغدا، ئاماژەیە بۆ بونى پلانێک بۆ داڕوخانى عێراق و راکێشانى بەرەو شەڕ و فیتنە و ململانێ. 

داواش دەکات، لایەنە پەیوەندیدارەکان پەلە بکەن لە چارەسەرکردنى دۆخەکە و بکەرانى ئەو هێرشانە سزا بدرێن.

لاى خۆیەوە موقتەدا سەدر، رێبەرى رەوتى سەدر لە تویتێکدا رایگەیاند: چەند لایەنێک دەیانەوێت دۆخى عێراق تێکبدەن و پەلکێشى بکەن بۆ فیتنە.

پێشى وایە، پێویستە هەموان شەرع و ژیرى و نیشتیمانیبون بەکار بهێنن تا وڵات لە شەڕ و ململانێ و فیتنە دورخەنەوە.

نیگەرانییەکانى سەدر و حەکیم لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ جارێکى دیکە هێرشێکى کاتیۆشا کرایە نزیک فڕۆکەخانەى بەغدا و بەهۆیەوە شەش هاوڵاتى کوژران و برینداربون و باڵیۆزخانەى ئەمەریکا و چەند وڵاتێکى دیکەش هۆشداریانداوە لە حاڵەتى رانەگرتنى ئەو هێرشانە بەغدا چۆڵ دەکەن.




1189 جار خوێندراوەتەوە