ناوەڕۆکى کۆبونەوەکەى ئەمڕۆى ئەنجومەنى وەزیران

06:34 - 16/09/2020
کوردستان

حکومەتى هەرێم سەردانەکەى سەرۆک وەزیرانى عێراق بۆ هەرێمى کوردستان بە هەنگاوێکى ئەرێنى بە ئاراستەى چارەسەرکردنى کێشەکانى نێوان هەرێم و بەغداد ناودەبات.

ئەمڕۆ چوارشەممە (16/9/2020) حکومەتى هەرێم کۆبوەوە، بەپێی راگەیەنراوێکى حکومەت، سەردانەکەى مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان گفتوگۆى لەبارەوە کراوە و بە هەنگاوێکی ئەرێنی لە پێناو چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێم و ناوەند ناوبراوە.

لە کۆبونەوەکەدا سەرۆکى حکومەتى هەرێم رایگەیاندوە، سەرەڕای قەیرانەکان، بەڵام دۆخی خزمەتگوزاری لە هەرێمی کوردستان لە ناوچەکانی تری عێراق باشترە و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەمو کەس و لایەنێک زیاتر پەرۆشی باشترکردنی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانە.

هاوکات قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکى حکومەت، لەبارەى سەردانەکانی شاندی هەرێم بۆ بەغداد رایگەیاندوە، گفتوگۆکان بەو ئاراستەیە بەردەوامن کە ڕێککەوتنێکی درێژخایەنی لێ بەرهەم بێت.

بەپێى راگەیەنراوەکەى حکومەتى هەرێم، پڕۆژە یاسای بودجەی حکومەتى فیدڕاڵی بۆ ساڵی (2020) تاووتوێ کراوە، بەتایبەت ئەو بڕگانەی پڕۆژەکە کە پەیوەندییان بە ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە.

1093 جار خوێندراوەتەوە