سەرپەرشتیاری دەروازەی پەروێزخان: (80%)ی داهاتی دەروازەکە بۆ کۆمپانیاکانە

KNN : Kurdish News Network
11:35 - 15/08/2020
کوردستان

سەرپەرشتیاری دەروازەی پەروێزخان ئاشکرایکرد، لەلایەن حکومەتەوە مۆڵەتدراوە بە حەوت کۆمپانیا و هەشت قەپان، رۆژانە مامەڵەی شۆفێران و بازرگانان بە ڕێدەکەن و بە بڕی جیاواز پارەیان لێوەردەگرن، بڕێکی کەمی داهاتەکەی دەگەڕێتەوە بۆ حکومەت.

 

ئاسۆ قادر لەیل سەرپەرشتیاری دەروازەی پەروێزخان بە سایتی فەرمی بزوتنەوەی گۆڕانی راگەیاندووە، ڕۆژانه‌ شه‌ش جۆر كاری‌ نایاسایی‌ و قاچاخچێتی‌ له‌ ده‌روازه‌كه‌وه‌ ده‌كرێت، ئه‌مه‌ش به‌شێكی‌ گه‌وره‌ی‌ ده‌ستخستنی‌ داهاتی‌ نایاساییه‌ له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك به‌رپرسه‌وه، بە جۆرێک تەنیا لە پەروێزخان رۆژانە حەوت کۆمپانیا و هەشت قەپان پارە لە بازرگان و شۆفێران وەردەگرن، کۆمپانیا هەیە (10) دۆلار لەهەر بارهەڵگرێک وەردەگرێت، تەنها (20%)ی ئەو پارەیە بۆ حکومەتە و (80%)ی بۆ کۆمپانیاکەیە.

 

‌ سه‌باره‌ت به‌و كاڵایانه‌ی‌ به‌ قاچاخ هاورده‌ ده‌كرێن، سه‌رپه‌رشتیاری‌ ده‌روازه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ په‌روێزخان دەڵێت، ڕۆژانه‌ له‌ ده‌روازه‌كه‌وه‌ (هێلكه، مریشك، دووگ، پیاز، خه‌یار و ئوتومبێلی‌ خوار مۆدێلی‌ یاسایی، مامه‌ڵه‌ی‌ نایاساییان پێوه‌ ده‌كرێت و بڕێكی‌ زۆر داهاتی‌ لێوه‌ په‌یدا ده‌كرێت بۆ چه‌ند به‌رپرسێك.

 

 ئه‌گه‌ر خاوه‌نداری‌ كۆمپانیاو قه‌پانه‌كان بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ حكومه‌ت و بڕی‌ ئه‌و پاره‌یه‌ی‌ له‌ شۆفێران و بازرگانان وه‌رده‌گیرێت كه‌مبكرێته‌وه‌، حكومه‌ت و هاولاَتی‌ سودمه‌ندی‌ سه‌ره‌كی‌ ده‌بن و داهاتێكی‌ باش ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ خه‌زێنه‌ی‌ گشتی،" بە وتەی سەرپەرشتیاری دەروازەی پەروێزخان".

2140 جار خوێندراوەتەوە