کەشناسی پێشبینیی چوار ڕۆژی بڵاوکردەوە؛ لە سبەینێوە پلەکانی گەرما بەرز دەبنەوە

KNN : Kurdish News Network
11:21 - 11/11/2026
عێراق
+
-

دەستەی کەشناسیی عێراق پێشبینییەکانی بۆ ڕەوشی کەشوهەوای چوار ڕۆژی داهاتوو بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت، لە سبەینێ پێنجشەممەوە پلەکانی گەرما لە سەرتاسەری وڵاتدا ڕوو لە بەرزبوونەوە دەکەن و لە سلێمانی و دهۆک نزمترین پلەی گەرما تۆمار دەکرێت

 

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی دەستەی کەشناسی کە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاوکراوەتەوە، سبەینێ پێنجشەممە ئاسمانی ناوچەکانی باکوور (هەرێمی کوردستان) و باشووری وڵات ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت و لە ناوچەکانی ناوەڕاستیش نیمچەهەور دەبێت. هاوکات بەرزترین پلەکانی گەرما لە دهۆک و سلێمانی 15 پلە، هەولێر 17 پلە، کەرکووک و نەینەوا و سەڵاحەدین 18 پلە، ئەنبار 19 پلە، دیالە 20  پلە، بەغدا و واست و کەربەلا 21 پلە، بابل و میسان و نەجەف و زیقار و بەسرە 22 پلە، لە موسەننا و دیوانییەش 23 پلە دەبێت

 

سەبارەت بە ڕۆژانی دواتر، دەستەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕۆژی هەینی کەشوهەوا بەگشتی ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت و پلەکانی گەرما هاوشێوەی ڕۆژی پێشوو دەمێننەوە، بەڵام لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممەی داهاتوودا پلەکانی گەرما لە سەرتاسەری وڵاتدا کەمێک بەرز دەبنەوە و لە ڕۆژی یەکشەممەدا ئاسمانی ناوچەکانی باکوور و ناوەڕاست دەگۆڕێت بۆ نیمچەهەور.

28 جار خوێندراوەتەوە