ئەو هونەرمەندە كوردانە كێن كە لە ئێستادا توشی كۆرۆنا بوون، تەندروستییان چۆنە؟

KNN : Kurdish News Network
03:11 - 10/08/2020
هەمەڕەنگ
+
-

لەگەڵ هەڵكشانی ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، ژمارەی ئەو هونەرمەند و كەسایەتییە دیارانەی كوردستانیش لە زیادبوندان كە توشی نەخۆشییەكە بوون و بەشێكیان نەخۆشییەكەیان بە ئاسانی گرتووە و بەشێكی دیكەیان دۆخێكی سەختیان تێپەڕاندووە.

نوێترین توشبووی كۆرۆنا لەچینی هونەرمەندان گۆرانیبێژی لاو هەڵوێستە، كە لەڕێی پەیجەكەی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئینستەگرام توشبوونی خۆی بە ڤایرۆسەكە ڕاگەیاندووە، ئاماژەی بەوەش كردووە دۆخی تەندروستی باشە.

هەڵوێست داوای لەو كەسانە كردووە كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەركەوتنیان لەگەڵیدا هەبووە، ئاگاداری خۆیان بن و تێكەڵاوی خەڵك نەبن تا كارەساتی گەورە ڕونەدات.

یەكێكی دیكە لە هونەرمەندە توشبووەكان، گۆرانیبێژی لاوی میللی عەبدوڵا هەركییە، كە ماوەی چەند ڕۆژێكە لە نەخۆشخانەیە و لە سەرەتاشدا دۆخی تەندروستی ناجێگیر بووە، بەو پێیەی ئەو هونەرمەندە نەخۆشی شەكرەی هەیە.

دوای تێپەڕینی چەند ڕۆژێك، لێدوانی جیاواز لە بارەی نەخۆشكەوتنی ئەو هونەرمەندە بڵاوكرایەوە و بەشێك لە خزمەكانی ڕەتیانكردەوە كۆرۆنای بێت ‌و گوتیان بەهۆی نەخۆشی دیكەوە لە نەخۆشخانە ماوەتەوە، هەرچەندە سەرەتا عەبدوڵا هەركی خۆی ڕایگەیاند كە تووشی كۆرۆنا بووەو تائێستاش خۆی نەیگوتووە كە تووشبووی ڤایرۆسەكە نەبووە یاخود ڤایرۆسەكەی پەڕاندووە.

هونەرمەندی گەورەی كورد سابیر كوردستانی هەفتەی ڕابردوو توشبونی بە نەخۆشی كۆڤید 19 ئاشكرا كرا، ئاماژە بەوەش كرا كە دۆخی تەندروستی ناجێگیرە و لە ژێر چاودێری وردی پزیشكیدایە، بەڵام لەئێستادا بەرە و باشتر چووە و قۆناغی مەترسی تێپەڕاندووە.

هەر لە هەفتەی ڕابردوودا چەند هونەرمەند و كەسایەتییەكی دیكەی ناسراو توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون لەوانە؛ نزار سەلامی و جەلال پەرێشان و فاخر هەریری، تائێستاش چاكبونەوەیان ڕانەگەیەندراوە.

نزار سەلامی لە پەیامێكی ڤیدیۆیدا باسی لەوە كردووە كە دوای پشكنین ئەنجامەكەی پۆزەتیڤ بووە، ناشزانێت چۆن توشبووە، بەڵام بە گرنگی دەزانێت هەمووان ئاگاداری خۆیانبن، داوای لە هەمووان كردووە زیاتر ئاگاداری خۆیان بن ئەگەر شتێكیش ڕووبدات گەردنی ئازاد بكەن، "چونكە هەمووان مردنێك قەرزارین".

پێشتریش چەند هونەرمەند و كەسایەتییەكی دیكە توشی كۆرۆنا بوون لەوانە؛ یاسین قادر بەرزنجی، نەرمین كاوان، جێگر میدیا حسێن، ئاسۆ مەحمود، ڕوبار ئەحمەد، ترێ فاتیح و چەند كەسایەتییەكی ناسراوی دیكە، بەڵام سەرجەمیان توانیان بەسەریدا زاڵبن و دوای ماوەیەك چاكبونەوەی خۆیان ڕاگەیاند.

لە نێوان كەسایەتییە هونەرییە توشبووەكانیشدا گۆرانیبێژی ناسراو عەتا چاوشین دوای هەفتەیەك لە توشبونی بە كۆرۆنا، لە 22ی حوزەیراندا گیانی لەدەستدا و بووە یەكەم هونەرمەندی كورد كە بەو ڤایرۆسە كۆچی دوایی بكات، بڕیاریشە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پەردە لەسەر پەیكەرێكی ئەو هونەرمەندە لاببرێت كە لەلایەن پەیكەرساز چێنەر نزارەوە جێبەجێكراوە.

3346 جار خوێندراوەتەوە