ئاراس سەعید نوێترین بەرهەمی چاپکراوی بڵاوکردەوە

KNN : Kurdish News Network
05:12 - 16/07/2026
هەمەڕەنگ
+
-

 
 مەرگی بەها سەمبوولییەکان نوێترین بەرهەمی چاپکراوی ئاراس سەعیدەو ئەمڕۆ بڵاو کرایەوە، نوسەرو توێژەری دیاری کورد (ڕێبوار سیوەیلی) پێشەکی بۆ نووسیوە

هەواڵ: هەمەرەنگ - KNN

 

ئاراس سەعید لە بارەی بەرهەمە نوێێەکەیەوە بە کەی ئێن ئێنی  رایگەیاند: ئەم بەرهەمە، پێکهاتووە لە چەند تێکست و وتاری هزری سەبارەت بە لێکەوتەکانی تەکنەلۆژیا لەسەر مرۆڤ و یادەوەری و فەرهەنگ و کولتوورەکەی.

 

باسی لەوەشکرد، پەرتووکە ناو ئاخنە لە کۆمەڵێک ناونیشان؛ (مەرگی کاغەز، مەرگی دەق، مەرگی نووسەر، مەرگی ڕەخنە و ڕەخنەگر، مەرگی تەلەفزیۆن، مەرگی پیشەمەندی، مەرگی هاوڕێیەتی، مەرگی...هتد) هەموویان نیشانەکانی یەک پەتای گەورەن، کە ناوم ناوە : پەتای پووچگەرایی دیجیتالی.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەم کۆپەڕە لەماوەی ڕابردوودا بەشێکیان بە زمانی یۆنانی لە ڕۆژنامەی (فەریترا)ی یۆنانی بڵاوکراونەتەوە، ڕامانێکە لە تەکنەلۆژیا و لێکەوتەکانی لەسەر شێوازی ژیانی مرۆڤ و یادەوەری و فەرهەنگەکەی.

 

هەر لەسەر ئەو بەرهەمە،  ڕێبوار سیوەیلی، لە پێشەکی پەرتووکەکەدا دەڵێت:" من لە خوێندنەوەی ئەم کتیبەدا زیاتر لە هەر شتێک هەستم بەوە کرد کە نووسەر نیگەرانییەکی قووڵی لەسەر قەیرانی مانا هەیە. زۆرجار لە سەردەمی ئێمەدا باس لە زۆربوونی زانیاری دەکرێت، بەڵام کەمتر پرسیار دەکرێت کە ئەم هەموو زانیارییە چ مانایەکی بۆ ژیانی ئێمە دروست کردووە. ڕاستە زانیاری لە هەر کاتێکی تر زۆرترە، بەڵام منیش وەک زۆر کەس هەندێک جار هەست بەوە دەکەم کە لەگەڵ ئەو هەموو دەنگ و وێنە و هەواڵەدا، مرۆڤ زیاتر پێویستی بە تێڕامان و بێدەنگی هەیە."

 

 

دەشڵێت:" هەر بۆیەش کتیبەکە سەرنجی منی ڕاکێشا، چونکە لە بنەڕەتدا باس لە مەرگی شتێک ناکات، بەڵکو باس لە ترسێک دەکات؛ ترسی ئەوەی کە مرۆڤ بتوانێت زانیاریی زۆرتر کۆ بکاتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا بە هێواشی پەیوەندیی خۆی بە مانا، یادەوەری و تێڕامانەوە لەدەست بدات. ئەم ترسە ڕەنگە بۆ هەموو خوێنەرێک یەکسان نەبێت، بەڵام پێموایە پرسیارێکی گرنگە و شایەنی ئەوەیە بیری لێبکەنەوە. لە لاپەڕەکانی ئەم کتیبەدا خوێنەر تەنها لەگەڵ باسێکی فەرهەنگی ڕووبەڕوو نابێتەوە، بەڵکو لەگەڵ پرسیارێک ڕووبەڕوو دەبێتەوە کە پەیوەندی بە خودی ژیانی خۆیەوە هەیە: لە جیهانێکدا کە هەموو شتێک بە خێرایی دەگۆڕێت، ئەدی دەبێت چی بپارێزریت؟ ئەوەش ئەو پرسیارەیە کە منیش کاتێک ئەم کتێبەم دەخوێندەوە، بەردەوام لە خۆم دەکردەوە."

 

جێی باسە نوسەری بەرهەمەکە،   ئاراس سەعید، چەند ساڵیکە  لەبواری فەلسەفە و کۆمەڵناسی و میدیای تیۆری دەنووسێت، وتار و توێژینەوەکانی بەزمانی کوردی و چەندین زمانی زیندووی جیهانی بڵاودەبنەوە.

 

خاوەنی دوو پەرتووکی چاپکراوە بەناونیشانی:

- بەخێربێن بۆ گوندە بچکۆلەکە، 2025

-مەرگی بەها سەمبوولییەکان، 2026 

170 جار خوێندراوەتەوە