چاکسازی لە کێڵگەی کۆرمۆر دەستپێدەکات؛ پێدانی کارەبا کەمدەبێتەوە و غازی ماڵان وەک خۆی دەمێنێتەوە

KNN : Kurdish News Network
01:48 - 01/10/2026
کوردستان
+
-

وەزارەتەکانی سامانە سروشتییەکان و کارەبای هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنن، پرۆسەی چاکسازیی ساڵانە لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەستپێدەکات و بۆ ماوەی مانگێک بەردەوام دەبێت. ئەگەرچی ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی چەند کاتژمێرێکی پێدانی کارەبای نیشتمانی، بەڵام هیچ کاریگەرییەکی لەسەر دابینکردنی غازی ماڵان نابێت.

 

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە ڕوونکردنەوەیەکدا هاووڵاتییان دڵنیا دەکاتەوە کە پرۆسەی چاکسازییەکەی کۆمپانیای داناغاز نابێتە هۆی کەمبوونەوەی غازی ماڵان. ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستادا ئاستی بەرهەمهێنانی غاز 640 ملیۆن پێی سێجایە و لە کاتی چاکسازییەکەدا بۆ 520 ملیۆن پێی سێجا کەمدەبێتەوە، بەڵام ئەو بڕە کەمبوونەوەیە کاریگەریی لەسەر پشکی غازی ماڵان دروست ناکات.

 

لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی کارەبا ئاشکرای کرد کە پرۆسەکە لە ڕێکەوتی 2ی تشرینی یەکەم تا 2ی تشرینی دووەم بەڕێوەدەچێت و بەهۆیەوە چەند کاتژمێرێک پێدانی کارەبا کەمدەبێتەوە. جەختی لەوەش کردەوە کە هەردوو وەزارەت لە هەماهەنگیدا دەبن بۆ ئەوەی کەمترین کاریگەریی لەسەر پڕۆژەی ڕووناکی هەبێت، هاوکات هۆکاری دیاریکردنی ئەم کاتەش بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی ساڵانە، بۆ نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما دەگەڕێتەوە تاوەکو کەمترین کاریگەری لەسەر کاتژمێرەکانی کارەبا هەبێت.

59 جار خوێندراوەتەوە