یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی جەژن، قوربانیكردن و دابەشكردنی
گۆشتە بەسەر ماڵاندا، ئەوەش وادەكات هاوڵاتیان لەو ڕۆژانەدا بڕێكی زیاتری گۆشت بخۆن
بەراورد بە ڕۆژانی ئاسایی، زۆرینەش گۆشت دەبرژێنن، بەتایبەت ئەو ماڵانەی قوربانییەكە
دەكەن.
پسپۆڕانی خۆراكی و تەندروستی ئاماژە بەوە دەكەن گۆشت شێوازی
زۆری ئامادەكردنی هەیە، بەڵام دەبێت هاوڵاتیان باشترین و تەندروسترین هەڵبژێرن بە
تایبەت لە ڕۆژانی جەژندا، كە چەندین جۆری
دیكەی خواردن و خواردنەوەی جیاواز دەچێتە گەدەوە.
بەپێی ئەنجامی توێژینەوە پزیشكییەكان، زۆر خواردنی گۆشتی
برژاو بێ زیان نییە و ئەگەری توشبوون بە چەند كێشەیەكی تەندروستی زیاد دەكات، بەڵام
بەشێوەیەكی گشتی زیانەكانی ئەو گۆشتەی بە برژاوی دەخورێت لە گۆشتی سورەوەكراو كەمترە.
توێژینەوەیەكی زانكۆی نیویۆرك ئاشكرای كردووە، زۆر
خواردنی گۆشی برژاو ئەگەری توشبوون بە نەخۆشی شەكرە زیاد دەكات، چونكە ئەو گۆشتە بڕێكی
زۆر ماددەی پرۆتینییەكانە، ئەوەش هۆكارێكی سەرەكییە بۆ توشبوون بەو نەخۆشییە، ئەمە
جگە لەوەی هۆكارێكە بۆ زیادبونی كێش.
بەڕای توێژەرەكان ئەو پلە گەرمییە بەرزەی بۆ گۆشت
برژاندن بەكاردێت شەكر و ترشە چەورییەكانی گۆشتەكە دەگۆڕێت بۆ چەند پێكهاتەیەك كە
هۆكارە بۆ توشبوون بە شێرپەنجە، بە تایبەت ئەگەر گۆشتەكە زۆر برژابێت تا ڕادەی
سوتان.
یەكێكی دیكە لە زیانەكانی گۆشتی برژاو، بەهۆی ئەو خەڵوزەوەیە
كە بۆی بەكاردەهێنرێت، ئەوەش بەهۆی ئەو ماددانەى لە خەڵوز و دوكەڵەكەدا هەیە و دەچنە
سەر گۆشتەكە، زیانەكەشی بۆ ئەو كەسەیە كە گۆشتەكە دەبرژێنێت و هەروەها ئەوەش كە دەیخوات.
بەڕای پسپۆڕەكان باشترین و تەندروسترین ڕێگا بۆ خواردنی
گۆشت كوڵاندنێتی كە زیانی نییە، هەروەها كاریگەری لەسەر ڕێژەی چەوری و شەكری خوێن
نییە، بەو مەرجەی ئەو گۆشتەی دەخورێت بە بڕێكی كەم بێت و زیادەڕۆیی نەكرێت لە
خواردنیدا.
3044 جار خوێندراوەتەوە