پلاستیک دزە دەکاتە ناو ئەندامی زاوزێی مرۆڤ... توێژینەوەیەک "کارەساتێکی بێدەنگ" ئاشکرا دەکات

KNN : Kurdish News Network
08:06 - 03/07/2025
تەندروستی
+
-


مەترسییەکانی پلاستیک رۆژ بە ڕۆژ ڕو لە زیادبون دەکات، ئەنجامی توێژینەوەیەکی زانستی، کە لە ئیسپانیا ئەنجامدراوە دەریخستوە، کە زۆرینەی ژن و پیاو مایکرۆپلاستیک لە شلەی زاوزێیاندا هەیە و ئەمەش کاریگەری خراپی لەسەر لەدایکبونی منداڵ و تێکچونی DNA دەبێت.


تەندروستی: KNNC

ئەنجامی توێژینەوەیەک, کە لە کۆبونەوەی کۆمەڵەی ئەوروپی بۆ زاوزێی مرۆڤ و کۆرپەلەناسی لە پاریس پێشکەشکرا ئاشکرای دەکات، کە زۆرینەی ژن و پیاو مایکرۆپلاستیکیان لە شلەی زاوزێیاندا هەیە.

لەبارەی ئەنجامی توێژینەوەکەوە، توێژەران ئەوەیان خستوەتەڕو،  بونی ئەم مایکرۆپلاستیکانە پرسیاری گرنگ لەبارەی کاریگەرییە ئەگەرییەکانیان لەسەر توانای منداڵبون و تەندروستی زاوزێ دەوروژێنێت.

گەردیلە پلاستیکییەکان کە قەبارەیان کەمترە لە پێنج ملیمەترە، لە شلەی فۆلیکۆلیدا دۆزراونەتەوە،  کە دەوری هێلکە گەشەسەندوکانیان داوە  لە ژناندا و  لە کۆی 29 هێلکەدان، لە 20یاندا دۆزراوەتەوە، کە ئەمەش دەکاتە ڕێژەی (%69)، هەروەها گەردیلەی مایکرۆپلاستیک لە ئاوی پیاو(مەنی)دا، لە کۆی 22 پیاو لە 12 یاندا دۆزراوەتەوە، کە دەکاتە ڕێژەی (55 %).

دوای دەرئەنجامەکان، توێژەران ئەوەشیان خستوەتەڕو، کە هەردو شلەکە ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە دوگیانیدا، جا چ بە شێوەیەکی سروشتی بێت یان لە ڕێگەی دەستێوەردانەوە.

ئەم جۆرە تەنۆلکە مایکرۆپلاستیکیانەی لە ئاژەڵدا هەیە، دەبنە هۆی هەوکردن و تێکچونی شانە و دی ئێن ئەی و تێکچونی هۆرمۆنەکان، ئیمیلیۆ گۆمێز سانچێز، کە بەرپرسی یەکەمی توێژینەوەکەیە لە سەنتەری منداڵبونی نێکس لە شاری مورسیای ئیسپانیا لە بەیاننامەیەکدا ڕونیکردوەتەوە، ئەو سپێرمانەی بەرکەوتەی تەنۆلکەی مایکرۆپلاستیکن لەناو بۆرییەکانی تاقیکردنەوەدا توشی تێکچونی جوڵە و تێکچونی DNA بون.

ئەمە لەکاتێكدایە، لە ڕابردوشد، توێژەرانی تری بڕێکی زۆر مایکرۆپلاستیکیان لە کۆئەندامی زاوزێی سەگ  و مرۆڤدا دۆزیوەتەوە و داتاکانی سەگ ئەوەشیان پیشانداوە کە ڕەنگە ئەم گەردیلانە ببنە هۆی تێکچونی توانای منداڵبون.

211 جار خوێندراوەتەوە