بزوتنەوەی گۆڕان: ڕاگرتنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بڕیارێکی سیاسیە

KNN : Kurdish News Network
05:45 - 03/07/2025
کوردستان
+
-

بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ ڕاگرتنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بڕیارێکی سیاسیە و دەبێت پرسی موچە لەسەر بنەمای دەستور و بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی چارەسەر بکرێت.


ئەمڕۆ پێنجشەممە (٣ی تەموزی ٢٠٢٥)، کۆبونەوەی ئاسایی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان، بە سەرپەرشتی ڕێکخەری گشتی، لە مەکۆی سەرەکی لە گەڕەکی کوردسات لە شاری سلێمانی بەڕێوەچو.

 

ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و کاریگەری لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان، کێشەکانی نێوان حکومەتی فیدڕاڵ و حکومەتی هەرێم بەتایبەت بڕیاری ڕاگرتنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، خۆڕێکخستنەوە و ئامادەکارییە ڕێکخراوەییەکانی بزووتنەوەکە، سێ تەوەری جێ گفتوگۆ و تاوتوێکردنی کۆبونەوەکە بوون.

 

لەسەرەتادا، دانا ئەحمەد مەجید، ڕێکخەری گشتی، لەسەر پێشهاتە سیاسییەکانی ناوچەکە و ئاڵۆزییە هەرێمایەتیەکان و ڕەنگدانەوەی ئەم دۆخە لەسەر ئاسایش و سەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵوەستەی کرد، لەو چوارچێوەیەدا کاردانەوەی ئەو هەلومەرجانەی لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان باس کرد، بەشێوەیەک ململانێکان بەردەوامیان دەبێت و ئەرکی هەموانە هەرێمی کوردستان لەو کێشمەکێشمە سیاسی و ململانێ هەرێمییە بێلایەن بهێڵنەوە و خاک و خەڵکی کوردستان لە مەترسیەکان بپارێزین.

 

کۆبونەوەکە، کە بە بەشداری ژمارەیەک لە باژێڕوان و ڕێکخەری ژورەکان و سەرپەرشتیاری مەکۆ و نوێنەرانی جڤاتی گشتی بەڕێوەچوو، جەختکرایەوە لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەنێوان هەردو حکومەتدا، بەتایبەت بڕیاری ڕاگرتنی مووچەی فەرمانبەران لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵی وەک بڕیارێکی سیاسیی و نادەستوریی دژی خەڵکی کوردستان هێنرایە زمان، لەو سۆنگەیە و بە لەبەرچاوگرتنی بارگرانی ژیانی فەرمانبەرانی هەرێم داواکرا چارەسەری ئەم کێشەیە لەسەر بنەمای دەستور و قانون و بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی بکرێت و چیتر مووچە نەکرێتە کارتی سیاسیی و خەڵکی کوردستان باجی کێشەکان بدات، بۆ ئەو مەبەستە حکومەتی هەرێمیش بەرپرسیارە لە تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە و دابینکردنی شایستەی داراییەکان.

 

لەبارەی دۆخی ڕێکخراوەیی بزوتنەوەی گۆڕان، کۆبونەوەکە بڕیاری پێویستی لەسەر هەموو ئاستەکانی کاری سیاسیی، ڕێکخراوەیی، دامەزراوەیی، کارگێڕی و میدیایی بۆ قۆناغی داهاتوو دا، بەشێوەیەک لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە پەیوەندیدا دەبن بۆ لابردنی ئاستەنگە قانونی و سیاسیەکان، لەلایەکی دیکەش هەموو ئۆرگانەکان لەسەر ئاستی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان ڕێکدەخرێنەوە و هاوشانی ژورەکان و ئۆرگانەکانی دیکە بەکاری ڕێکخراوەیی هەڵدەستن و کار بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگە دروستکراوەکان و بەهێزکردنەوەی ڕایەڵەکانی پەیوەندی لەگەڵ خەڵک و هاونیشتمانیان دەکەن.


فۆتۆ - بڕیار نامیق

197 جار خوێندراوەتەوە