د.هێرش سەلیم: بارودۆخەکە مەترسیدار و هەستیارە

01:19 - 29/05/2020
کوردستان

جێگرى بەڕێوەبەرى تەندروستى سلێمانى رایدەگەیەنێت، کۆرۆنا لە تەشەنەسەندندایە و بارودۆخەکەى ئێستا مەترسیدار و هەستیارە، دەشڵێت: بەهۆى زۆرى ژمارەى توشبوانەوە ئەگەرى هەیە نەخۆشخانەى شەهید ئاسۆ بکرێتەوە.

د.هێرش سەلیم جێگرى بەڕێوەبەرى تەندروستى سلێمانى بە دیجیتاڵ میدیاى KNNى راگەیاند، لە ئێستادا سەرجەم تیمەکانمان گەڕاندوەتەوە بۆ نەخۆشخانە و بارودۆخى تەندروستى لە تەنگژەیەکى سەختدایە و لە هەوڵداین بۆ دۆزینەوەى چارەسەرێکى گونجاوى دۆخەکە.

ئاماژە بەوەش دەکات، زۆرینەى ئەو نەخۆشانەى لە ئێستادا هەڵگرى ڤایرۆسى کۆرۆنان؛ نیشانەى نەخۆشیەکەیان تێدایە، ئەمەش جیاوازترە لە شەپۆلى پێشوى کۆرۆنا کە نەخۆشەکان تەنها هەڵگرى ڤایرۆسەکە بوون و زۆر بە دەگمەن نیشانەکانیان تێدابوو، سەربارى ئەوەش هەندێکیان بارى تەندروستیان ناجێگیرە.

د.هێرش سەلیم، ئەوە دەخاتەڕوو؛ کە ئەم شەپۆلە نوێیەى کۆرۆنا جیاوازە لە جارى پێشو، چونکە زۆرینەى نەخۆشەکان سەرچاوەى توشبونیان نادیارن و ئەو کەسانەن کە خۆیان چون بۆ پشکنین و بەشێکى زۆریشیان ئەنجامەکەى پۆزەتیڤبوە و هەڵگرى ڤایرۆسەکەبوە، هەربۆیە بارودۆخەکە ئێستا مەترسیدار و هەستیارە.

 

بڕیار نامیق / سلێمانى

1582 جار خوێندراوەتەوە