ترەمپ هەڕەشە لە رێکخراوى تەندروستى جیهانى دەکات و مۆڵەتى (30) رۆژى پێدەدات

KNN : Kurdish News Network
10:19 - 19/05/2020
جیهان
+
-

 

دۆناڵد ترەمپ هەرەشەى ڕاگرتنى سەرجەم هاوکارییەکانى بۆ رێکخراوى تەندروستى جیهانى دەکات ئەگەر لەماوەى (30) رۆژدا رێکخراوەکە چاکسازى و پیاچونەوە بە شێوازى کارکردنیدا نەکات.

 

 

 ئەمڕۆ سێشەممە (19/5/2020) دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا  چەند رەخنەیەکى ئاراستەى رێکخراوى تەندروستى جیهانى کردو هەڕەشەى هەڵپەساردنى ئەندامێتى وڵاتەکەى لەو رێکخراوەدا کرد ئەگەر رێکخراوەکە شێوازى کارکردنى نەگۆڕێت و چاکسازى بنەڕەتى نەکات.

 

 

ترەمپ تەندروستى جیهانى بە هاوکاریکردنى چین لەشاردنەوەى زانیارییەکان و پێدانى ئامارى نادروست تۆمەتبارکردووە و دەڵێت، ئەو رێکخراوە لەژێر فشارى (شى جین بینگ) سەرۆکى چیندا بە جیهانى راگەیاند کە ڤایرۆسى کۆرۆنا مەترسى نیە بۆ سەر تەندروستى وڵاتان.

 

وتیشى، ڕێکخراوى تەندروستى جیهانى بێ ئاگابووە لەو راپۆرتانەى لە مانگى (12)ى ساڵى رابردوودا لەبارەى کۆرۆناوە بڵاوکراونەتەوە و درەنگ بە مەترسیەکانى ئەو ڤایرۆسەى زانیوە، بەوتەى سەرۆکى ئەمەریکا رێکخراوەکە شکستى هێناوە لە بانگێشتکردنى حکومەتى چین بۆ لێکۆڵینەوەیەکى سەربەخۆ لەبارەى سەرهەڵدانى کۆرۆناوە لەو وڵاتە.

 

 

ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەمەریکا جگە لەوەى ئەندامى ڕێکخراوى تەندروستى جیهانییە، یەکێکە لەو وڵاتانەى زۆرترین هاوکارى دارایى رێکخراوەکە دەکات و ساڵانە نزیکەى (450)ملیۆن دۆلارى پێ دەبەخشێت.

2695 جار خوێندراوەتەوە