بەشێكی ئەو كەسانەی توشبووی نەخۆشییە جیاوازەكانن، لەوانە دڵ، ڕەبۆ، شەكرە، كاتی خواردنی دەرمانەكانیان دەكەوێتە ماوەی بەڕۆژوبونەوە، بۆیە پێویستە لە ڕەمەزاندا پلانی خۆیان هەبێت و گۆڕانكاری لەكاتی خواردنی دەرمانەكانیاندا بەكەن.
بەشێوەیەكی گشتی باشترە پێش ئەنجامدانی ئەو گۆڕانكارییانە ڕای پزیشكی پسپۆڕ وەربگیرێت، لەگەڵ ئەوەشدا چەند ڕێنماییەكی گشتی هەیە كە دەبێت توشبووی نەخۆشییە جیاوازەكان ڕەچاوی بكەن.
كەسانی بەتەمەن بەتایبەت ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، دەبێت پابەندبن بەو چارەسەرانەی بۆیان دانراوە، لەڕەمەزانیشدا بۆ ئەوەی كاتی خواردنی دەرمانەكانیان بیرنەچێت، دەبێت كاتی خواردن و بەكارهێنانیان لەسەر پەڕەیەك بنوسن یاخود زەنگی ئاگاداركردنەوە دابنێن.
چارەسەری نەخۆشی دڵ:
نەخۆشی دڵ یەكێكە لە نەخۆشییە بڵاوەكان لە جیهاندا زۆرینەی توشبووانیش كەسانی بەتەمەنن.
بەڕۆژوبونی ئەو كەسانەی نەخۆشی دڵیان هەیە، شتێكی ئاساییە، بەڵام باشتریشە ڕای پزیشكی پسپۆڕ وەربگیرێت چونكە حاڵەتەكان لە نەخۆشییەكەوە بۆ یەكێكی دەیكە دەگۆڕێت.
ئەو كەسانەی دەرمانەكەیان رۆژی یەك جارە، لەهەر كاتێكدا دوای ژەمی بەربانگ چارەسەرەكەیان بخۆن ئاساییە، بەڵام باشترە كاتێك دیاركراو هەبێت بۆ نمونە ئەگەر شەوێك كاتژمێر 9 دەرمانەكانیان خوارد، هەوڵبدەن شەوانی دیكەش لەو كاتەدا بیخۆن.
بۆ ئەوانەش كە چارەسەرەكانیان ڕۆژی دوو جارە، دەبێت لەمانگی ڕەمەزاندا بخرێتە دوای خواردنی ژەمەكانی بەربانگ و پارشێوەوە، بەڵام ئەگەر لە دووجار زیاتربێت، بۆ گۆڕانكاری كاتی دەرمانەكان دەبێت ڕاوێژ بە پزیشكی پسپۆڕ بكرێت.
نەخۆشییەكانی گورچیلە:
چارەسەری نەخۆشی گورچیلە دەكرێت بە دوو بەشەوە، یەكێكیان بەكارهێنانی دەرمانەپزیشكییەكانە كە بەشێوەیەكی گشتی دووجار دوای دوو ژەمەكەی ڕەمەزان بەكاردێت، بەشێكیشیان ئەوانەن كەلەدەرەوەی شوشتنی گورچیلەیان بۆ دەكرێت.
پسپۆڕانی نەخۆشییەكانی گورچیلە باس لەوە دەكەن،بەشێكی حاڵەتەكانی ئەو نەخۆشییە دەرمانەكانیان زیاتر لە دووجارە لە ڕۆژێكدا و ناتوانرێت گۆڕانكاریش لەكاتی خواردنی دەرمانەكانیاندا بكرێت، بۆیە ڕۆژو مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەكات و نابێت بەڕۆژوبن.
نەخۆشی ڕەبۆ:
چارەسەری سەرەكی بۆ توشبوانی ئەو نەخۆشییە، ئەو پەمپە تایبەتەیە كە لە چەند حاڵەتێكدا بەكاردەهێنرێت و دوو جۆری هەیە:
جۆری یەكەم: تەنها لەكاتی پێویست و هەستكردن بە هەناسە توندی بەكاردەهێنرێت، واتە دەبێت تەندروستی كەسەكە ناجێگیر بێت و مەترسی لەسەر ژیانی هەبێت.
سەبارەت بەوەی ئەو جۆرەی یەكەم ڕۆژو دەشكێنێت یاخود نا، زانایانی ئاینی جەخت دەكەنەوە لەسەر ئەوەی پەمپی ڕەبۆ كاریگەری لەسەر ڕۆژو نییە چونكە دەرمانەكە دەچێتە سییەكانەوە هیچ پەیوەندییەكی بە گەدەوە نییە، هەروەها ئەو پەمپە نەخواردنە و نە خواردنەوە.
جۆری دووەم: بەكارهێنانی دیاریكراو و ڕێكخراوە و بەپێی دۆخی نەخۆشەكە ڕۆژی جارێك بۆ دووجار بەكاردێت، لەمانگی ڕەمەزانیشدا كاتی بەكارهێنانەكەی لەنێوان ژەمی بەربانگ و پارشێودا دەبێت.
نەخۆشی شەكرە:
توشبووانی جۆری دووەمی شەكرە چەند جۆرێكی حەب بەكاردەهێنن بۆ دابەزینی ڕێژەی شەكر، كاتی بەكارهێنانی دەرمانەكانیشیان لە مانگی ڕەمەزاندا بەپێی جۆرەكەی دەگۆڕێت.
میتفۆرمین: ئەوانەی ئەو جۆرە چارەسەرە بەكاردەهێنن، بەختێكی باشیان لە مانگی ڕەمەزاندا، چونكە ئەو دەرمانە هاوشێوەی چارەسەرەكانی دیكە شەكر بەڕێژەیەكی زۆر دانابەزێنێت، شێوازی گونجاویش بۆ بەكارهینانی دەرمانەكەیان بریتییە لەوەی پێش ژەمی بەربانگ سێ بەشی حەبەكە بخۆن، پێش پارشێویش بەشەكەی دیكە.
سلفۆنێل یۆریا: باشترە ئەم چارەسەرە لە كاتی بەڕۆژوبوندا بەكارنەهێنرێت، چونكە شەكرە بەڕێژەیەكی زۆر دادەبەزێنێت.
كۆمپانیاكانی نزیك لە سلفۆنێل یۆریا چەند جۆرێكی دیكەیان دروستكردووە كە لەكاتی ڕۆژودا حەبێكی سێ ملیگرامی لێبەكاردەهێنرێت، یەكێك لەوانەش حەبی گلیمیبریدە.
ئەنسۆلین: كۆمەڵی ئەم جۆرە چارەسەرە سودی هەیە، چونكە كاریگەرییەكەی كورتمەودایە و پێش ژەمەكانی بەربانگ و پارشێو بەكاردەهێنرێت.
560 جار خوێندراوەتەوە