ئەمریکا کۆرۆنا کۆنتڕۆڵ دەکات و فەرەنساش چاکبوونەوەى سەرجەم تووشبووەکانى راگەیاند

KNN : Kurdish News Network
09:29 - 25/02/2020
جیهان
+
-

دۆناڵد ترەمپى سەرۆکى ئەمریکا رایدەگەیەنێت، ڤایرۆسى کۆرۆنا لە وڵاتەکەى لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە، داواى دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلاریش بۆ دۆزینەوەى ڤاکسینەکە لە کۆنگرێس دەکات. حکومەتى فەرەنساش چاکبوونەوەى سەرجەم تووشبووانى لە وڵاتەکەى راگەیاند.

 

 دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا لە میانى گەشتەکەیدا بۆ وڵاتى هیندستان لە تویتێدا نوسیوێتى: ڤایرۆسى کۆرۆنا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە.

ئاماژەى بەوەشکردوە، لەگەڵ هەموو لایەنەکان و وڵاتانى پەیوەندیدار لە پەیوەندیدان، بە تایبەت لەگەڵ سەنتەرەکانى رووبەروو بوونەوەى نەخۆشییە گوازراوەکان و ریکخراوى تەندروستى جیهانى. دەشڵێت: ئەو پاشەکشەى لە بازاڕى دراو روویداوە لە ترسى کۆرۆنا، شتێکى ئاساییە.

هاوکات کۆشکى سپى بڵاویکردەوە، ئیدارەى ئەمریکا دواى لە کۆنگرێس کردووە بودجەیەکیان بە بڕى ٢ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ تەرخان بکات بۆ رووبەروو بوونەوەى کۆرۆنا.

کۆشکى سپى لە داواکارییەکەیدا بۆ کۆنگرێس پێشنیازیکردوە بڕى ملیارێک دۆلار لەو پارەیە بۆ دۆزینەوەى ڤاکسینى دژە کۆرۆنا خەرجبکرێت، ئەو پارەشى دەمێنێتەوە لە پرۆسەى توێژینەوەى پەیوەندیدار بەکاربهێنرێت.

 

فەرەنسا

لەلایەکى ترەوە ئۆلیڤیە فیران وەزیرى تەندروستى فەرەنسا لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا کۆتایى هاتنى کۆرۆناى لەسەر خاکى وڵاتەکەى راگەیاند و وتى، دوایین نەخۆشى کۆرۆنا لە شارى لیۆن چاکبووەتەوە و نەخۆشخانەى بەجێهێشتووە.

سەبارەت بە گەڕانەوەى ٢٠٠ هاوڵاتى وڵاتەکەشى لە ناوچەکانى باکورى ئیتاڵیاـ فیران رایگەیاند، ئەگەر لە رۆما هاتوونەتەوە ئەوا هیچ کێشەیەک نیە، چونکە خۆشم رۆژى چوار شەممە لە رۆما دەبم بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەى وەزیرانى تەندروستى وڵاتانى ئەوروپا. بەڵام ئەگەر لە میلانۆ یان ڤینیسیا هاتوونەتەوە، ئەوا دەبێت بۆ ماوەى ١٤ رۆژ لە ژێر چاودێریدا بمێننەوە.

11944 جار خوێندراوەتەوە