وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌: له‌ هه‌وڵی نه‌هێشتنی گرفتی رێگاوبان و هاتوچۆداین

KNN : Kurdish News Network
07:59 - 28/10/2019
کوردستان

هه‌رێم 10 ملیار دینار بۆ پڕۆژه‌كانی رێگاوبانی دهۆك ته‌رخان ده‌كات

ئەمڕۆ دوشەممە 2019/10/28 وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ژمارەیەک پڕۆژەی لە سنوری پارێزگای دھۆک بەسەرکردەوە و رایگه‌یاند؛ له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌داین گرفتی خراپی رێگاوبان و هاتوچۆ چاره‌سه‌ر بكه‌ین.

دانا عەبدولکەریم حەمەساڵح، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن لەو سەردانەیدا، پڕۆژەی چاککردنەوەی رێگای بەردەڕەش-کەڵەک و دواتر چەند پرۆژەیەکی دیکەی بەسەرکردەوە و رایگه‌یاند؛ لە چوارچێوەی بەرنامەی وەزارەت بۆ نۆژەنکردنەوەو چاککردنەوەی رێگا سەرەکییەکانی نێوان شارەکانی ھەرێمی کوردستان، بڕی زیاتر لە 10 ملیار دینار بۆ سنوری پارێزگای دھۆک دیاریکراوە.

دانا عەبدولکەریم حەمەساڵح، وتی: "ھیوادارین ئەو پرۆژانە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا تەواو بکرێن و پێش ھاتنی وەرزی سەختی زستان رێگای ھاتوچۆی ھاوڵاتیان کارئاسانی بۆ کرابێ و کێشەکان چارەسەر کرابن".

وەزیری ئاوەدانکردنەوە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو رێگایانەی زۆر خراپ بوە لەم بەرنامەیەدا تۆمارکراوەو چاککردنەوەی بۆ دەکرێت، ئەمەش بەرنامەیەکی چاکسازییەو ھەوڵ دەدەین لە ساڵانی داھاتودا ھەمو رێگاکانی ھەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی وەھا چارەسەر بکەین کە گرفتی ھاتوچۆ نەمێنێت.

1247 جار خوێندراوەتەوە