وەزارەتی
ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا لە سەرەتای ساڵی 2027ـەوە بە ڕێژەی 15٪
گومرگ لە ئۆتۆمبێلی تەواو کارەبایی و ئەو ئۆتۆمبێلانە وەربگرێت کە بزوێنەرەکەیان
تەنها بۆ بارگاویکردنی پاتری بەکاردێت. هاوکات وەزارەتەکە مەرجە نوێیەکانی
تۆمارکردن و وەرگرتنی رسوماتی بۆ ئۆتۆمبێلە کارەبایی، هایبرید و مێلدهایبریدەکان
دیاری کرد.
ڕێبەر ئەحمەد،
وەزیری ناوخۆ، بڕیارەکەی لە چوارچێوەی هەمواری دووەمی ڕێنمایی مەرجەکانی سەلامەتی
و تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلی هاوردەکراو ژمارە (14)ی ساڵی 2025ـدا واژۆ کردووە.
ڕێنماییەکە پاڵپشت بە یاسای وەزارەتی ناوخۆ ژمارە (6)ی ساڵی 2009 و کۆنووسی
کۆبوونەوەی ڕۆژی 14ی تشرینی یەکەمی 2026ـی نێوان وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتیی
گشتیی گومرگی سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابووری دەرچووە.
بەپێی ماددەی
یەکەمی ڕێنماییەکە، ئەو ئۆتۆمبێلانەی تەواو کارەبایین و هیچ جۆرە بزوێنەرێکیان
نییە بە بەنزین، غاز، گازوائیل، هایدرۆجین یان هەر سووتەمەنییەکی دیکە کار بکات،
بە ڕێژەی 15٪ گومرگیان لێ وەردەگیرێت و تەنها لە رسوماتی تابلۆ و ژینگە بەخشراون.
سەبارەت بەو
ئۆتۆمبێلانەی بە سیستەمی کارەبا و سووتەمەنی کار دەکەن، بەڵام بزوێنەرەکە ڕۆڵی لە
جووڵاندنی ئۆتۆمبێلەکەدا نییە و تەنها بۆ بارگاویکردنی پاتری بەکاردێت، ئەوانیش بە
ڕێژەی 15٪ گومرگیان لێ وەردەگیرێت. ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلانە بە رسوماتی ئۆتۆمبێلی
چوار پستۆن تۆمار دەکرێن و گشت رسوماتی تایبەت بە تۆمارکردنیان لێ وەردەگیرێت.
وەزارەتی ناوخۆ
ڕوونی کردووەتەوە، ئۆتۆمبێلی هایبرید و مێلدهایبرید کە بزوێنەری سووتەمەنی و
پاتریی کارەباییان تێدایە، بەپێی پستۆن تۆمار دەکرێن و سەرجەم رسوماتێکیان لێ
وەردەگیرێت. بەپێی ماددەی دووەمی ڕێنماییەکەش، بڕیارەکە لە ڕێکەوتی 1ی کانوونی
دووەمی 2027ـەوە جێبەجێ دەکرێت و لە ڕۆژنامەی وەقایعی کوردستان بڵاو دەکرێتەوە.
91 جار خوێندراوەتەوە