شێوازی خۆپیشاندانەکانی عێراق دەگۆڕێت

02:16 - 26/10/2019
عێراق

نوێنەری خۆپیشاندەران لە شاری بەغدا و نۆ شاری ناوەڕاست و باشوری عێراق رایانگەیاند، خۆپیشاندانیان گۆڕیووە بۆ مانگرتنی كراوە، تا ئەو كاتەی داواكارییەكانیان تایبەت بە دەستلەكاركێشانەوەی حكومەت و دادگاییکردنی بكوژانی خۆپیشاندەران جێبەجێدەكرێت.


كەریم شاملی، رێكخەری خۆپیشاندانەكان لە بەسرە، بە میدیاکانی راگەیاند، "بڕیارماندا خۆپیشاندانەكانمان بگۆڕین بۆ مانگرتنی كراوە، بەهیچ شێوەیەك لە بڕیارەكەمان پاشگەزنابینەوە".

روونیشیکردەوە، "مانگرتنەكەمان كۆتایی نایەت تا ئەو كاتەی داواكارییەكانمان جێبەجێ نەكرێت، بكوژانی خۆپیشاندەرانیش هەروا بە ئاسانی دەربازنابن".

هاوكات، یاسین مەكسووسی، رێكخەری خۆپیشاندانەكان لە شاری زیقاریش رایگەیاند، "رێكخەرانی خۆپیشاندانەكان لە شاری بەغدا و شارەكانی ناوەڕاست و باشور رێككەوتن لەسەر ئەوەی خۆپیشاندانەكان بگۆڕن بۆ مانگرتنی كراوە، واتا لە شەقام دەمێننەوە تا ئەو كاتەی داواكارییەكانمان جێبەجێ دەكرێت".

وتیشی، "ئەو لایەنانەی كە دوێنێ‌ خۆپیشاندەرانیان كوشتووە لای هەمووان ناسراون و بە گرتەی ڤیدیۆیی دۆكۆمێنتكراون و پێویست بە لیژنەكانی لێكۆڵینەوە ناكات بۆ ئەوەی راستییەكان ئاشكرابكرێن".

ئەمەش لە كاتێكدا بە فەرمانی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، هاتوچۆكردن لە شارەكانی واست، بەسرە، میسان، زیقار، موسەننا، بابل و دیوانییە لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە قەغەكراوە.

دوێنێ‌ هەینی جارێكی دیكە خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕین دژبە گەندەڵی، بێكاری و خراپی خزمەتگوزارییەكان لە شاری بەغدا و ژمارەیەك شاری دیكەی باشوری عێراق دەستیپێكردەوە و خۆپیشاندەران داوای هەڵوەشاندنەوەی حكومەت و چاكسازی لە سیستەمی سیاسی دەکەن.

بەپێی دوایین ئامار كە لە لایەن كۆمیسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە عێراق بڵاوكراوەتەوە، لە میانی خۆپیشاندانەكانی دوێنێ‌ شاری بەغدا و ژمارەیەك شاری باشور، ٣١ خۆپیشاندەر كوژراون و دوو ھەزارو ٣١٢ی خۆپیشاندەر و ھێزە ئەمنییەكان برینداربوون.

2746 جار خوێندراوەتەوە