عێراق... موچەی پەرلەمانتاران و بەرپرسان بۆ نیوە کەمدەکرێتەوە

10:32 - 23/10/2019
عێراق

سەرۆکوەزیرانی عێراق چەند بەڵێنێک بە گەلی عێراق دەدات و بەپێی بەڵێنەکان، موچەی پەرلەمانتاران و بەرپرسان و پلە تایبەتەکان بۆ نیوە کەمدەکرێتەوە و زۆرترین موچەی مانگانە لە 10 ملیۆن دینار زیاتر نابێت.

عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند سبەی وتارێک پێشکەش دەکات و تێیدا باسی رەوشی ئێستا عێراق دەکات و هەنگاوەکانی چاکسازی ئاشکرا دەکات.


بەپێی راگەیاندراوەکە، موچەی بەرپرسان تاوەکو پلەی چوارەم و موچەی سەرۆکایەتییەکان، وەزیران، ئەندامانی پەرلەمان، پلە تایبەتەکان، بریکارەکان و بەڕێوەبەران بۆ نیوە و کەمتر لە نیوە کەمدەکرێتەوە، بەشێوەیەک بەرزترین موچەی مانگانە بە دەرماڵەوە لە 10 ملیۆن دینار زیاتر نابێت.

هاوکات، ئەو پارەی لە کەمکردنەوەی موچە دەمێنێتەوە بۆ دروستکردنی سندوقی بیمەی کۆمەڵایەتی بەکاردەهێندرێ بۆ ئەوەی هیچ عێراقییەک لە ژێر هێڵی هەژاریدا نەمێنێ و هەر کەس و خێزانێک سەرچاوەی داهاتیان نییە مانگانە بڕی 130 هەزار دیناریان دەدرێتێ.

ئەو راگەیاندراوەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کاتێکدایە، بڕیارە رۆژی ٢٥ ئەم مانگە لە دژی گەندەڵی و بێکاری و هەژاری خۆپیشاندانەکان دەستپێبکاتەوە.

938 جار خوێندراوەتەوە