سەرۆک کۆماری ئێران، رایگەیاند، دەبێت ئەمریکییەکان لە رۆژهەڵاتی سوریا
برۆنەدەرەوە و دەرفەت بە گەڕانەوەی سوپای سوریا بدرێت بۆ ناوچەکە.
حەسەن روحانی سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، چوونی
سوپای تورکیا بۆ رۆژهەڵاتی سوریا "رۆژئاوای کوردستان" لە بەرژەوەندی
ناوچەکە نیە و گونجاونیە.
روونیشیکردەوە، تورکیا مافی خۆیەتی سنورەکانی
بپارێزیت بەڵام دەبێت رێگە و شێوازی دروست بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە هەڵبژێردرێت.
ئەمەش لە کاتێدایە، دوای ئامادەکارییەکانی تورکیا بۆ هێرشکردنەسەر رۆژئاوای کوردستان، رۆژی دووشەممە، ئەمریکا هێزەکانی لە دوو خاڵی ناوچەی ئارام لە حەسەکەی سەر بە کانتۆنی جەزیرە و تەل ئەبیەز لە رۆژئاوای کوردستان کشاندەوە.
ئەمڕۆش، بەرپرسێکی ئەمریکی بە گۆڤاری فۆرن پۆلیسی ئەمریکای راگەیاندووە، باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەنقەرە ئاگادارکراوەتەوە، هێرشی تورکیا بۆسەر باکوری سوریا "رۆژئاوای کوردستان" لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری داهاتوودا دەستپێدەکات.
لەلایەکی دیکەوە، فەخرەدین ئاڵتون، بەرپرسی راگەیاندنی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا رایگەیاند، هێرشەکە لە ماوەیەکی "نزیکدا" دەستپێدەکات و هێزەکانی سوپای سوریای ئازاد بەشداری دەکەن.
4250 جار خوێندراوەتەوە