توركیا... دۆسیەی نوێ‌ دژی دەمیرتاش و یوكسەكداغ كرایەوە

KNN : Kurdish News Network
11:27 - 21/09/2019
جیهان
+
-

توركیا بە بیانووی بەشداریكردن‌ و ڕێكخستنی خۆپیشاندانی نایاسایی، دۆسیەكی دیكەی دادگا بۆ  هاوسەرۆكانی پێشووی زیندانیكراوی هەدەپە دەكاتەوە.

میدیاكانی توركیا بلاویانكردەوە، لە چوارچێوەی لێكۆڵینەوەكانی داواكاری گشتی ئەو وڵاتە, دژی سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوكسەكداغ، هاوسەرۆكانی پێشووی زیندانیكراوی پارتی دیموكراتی گەلان, هەدەپە, دادگا بڕیاری داوە بە تۆمەتی خۆپیشاندانی نایاسایی‌ و دەربڕینی هاوسۆزی بۆ كۆبانێی ڕۆژئاوای كوردستان، لە ڕۆژانی 6 تا 8ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2014 لە 32 پارێزگای ئەو وڵاتە، ئەو دوو هاوسەرۆكە دەستبەسەر بكات، لەكاتێكدا هێشتا لە زیندان ئازادنەكراون.

ئاماژەبەوەشكراوە, دادوەر لە دۆسیە نوێیەكەدا تۆمەتی هاندان بۆ كوشتن‌و شاردنەوەی بەڵگەكان‌و هاندان بۆ تێكدانی یەكڕیزی‌و یەكپارچەیی وڵاتی دژی هاوسەرۆكانی پێشووی هەدەپە جوڵاندوە.

هاوكات داواكاری گشتی، لە دوای وەرگرتنی وتەكانیان لە ڕێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە، هەردوو هاوسەركەكەی پێشووتری هەدەپەی بەمەبەستی دەستبەسەركردن ڕەوانەی دادگای ئێشكگر كردووە, بەوتەی چاودێرانیش ئامانج لەو كارەی دەوڵەتی توركیا، هێشتنەوەی هاوسەرۆكانی هەدەپەیە لە زیندان.

 

ئەمەش لەکاتێکدایە، پاش نزیكەی سێ‌ ساڵ لە زیندانیكردنی, سەلاحەدین دەمیرتاش, هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە, لەلایەن توركیاوە, ڕۆژی 2ی ئەم مانگە, دادگای سزا قورسەكانی ئەنقەرە, لەسەر دۆسیەی تیرۆر, دوای چەند جارێك لە دادگاییكردنی بڕیاری ئازادبوونی لەو دۆسیەیە بۆ دەرچوو, بەلام هێشتا هەر لە زینداندایە.

1033 جار خوێندراوەتەوە