ئەمڕۆ لە ھۆڵی یانەی وهرزشی ئاشتی لە شاری سلێمانی و بە بەشداریی ھەڵبژاردەی کاراتێی ھەرێمی کوردستان و ههڵبژاردهكانی پێنج وڵاتی ئاسیا، یەکەمین پاڵەوانێتیی کاراتی کراوەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دەستیپێکرد.
لە رێوڕەسمی کردنەوەی پاڵەوانێتییەکەدا كه بڕیاره ماوەی سێ رۆژ بخایەنێت، ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومهتی ھەرێمی کوردستان، بەرپرسانی وەرزشی کاراتی عێراق و ئاسیا ئامادەبوون.
ئەردەڵان محەمەد سەرپەرشتیاری راگەیاندنی پاڵەوانێتییەکە راگهیاند: "ئەمە یەکەمین پاڵەوانێتیی کاراتی کراوەی نێودەوڵەتییە کە لە سلێمانی بە بەشداریی ھەڵبژاردەکانی ھەرێمی کوردستان، عێراق، ئێران، سووریا، ئیندۆنێزیا و ئەفغانستان بەڕێوەدەچێت".
وتیشی: "پاڵەوانێتییەکە بۆ سەرجەم ئاستەکانی کوڕان و کچانە لەتەمەنی 11ساڵ تا ئاستی پێشکەوتووان، و بۆ ماوەی سێ رۆژ لەھۆڵی یانەی ئاشتیی بەردەوامدەبێت".
ئەردەڵان محەمەد ئاماژەی بەوەشکرد یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە لەلایەن 50 ناوبژیوانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی کە زیاتر لە 15 ناوبژیوانیان خهڵكی وڵاتانی ئاسیان بەڕێوەدەبرێن، و لە کۆتایی پاڵهوانێتییهكهشدا خەڵاتی زیو و برۆنز بەسەر سەرکەوتوواندا دابەشدەکرێت.
باسی لهوهشكرد یەکەمجارە ئەم پاڵەوانێتییە لەسەر ئاستی عێراق ئەنجامدەدرێت و ئەگەر سەرکەوتنی بەدەستھێنا لەلایەن یەکێتیی کاراتی ئاسیاوه بهفهرمی وەک پاڵەوانێتییەکی نێودەوڵەتیی لەسەر ئاستی ئاسیا دەناسێنرێت.
سەرپەرشتیاری راگەیاندنی پاڵەوانێتیی کاراتێی کراوەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، راشیگهیاند: "له پێناو ئهوهی پاڵهوانێتییهكه سهركهوتن بهدهستبهێنێت ئامادەکاریی تەواو کراوە، و گەشبینین بگەینە ئەو ئەنجامەی لە کۆتاییدا یەکێتیی کاراتی ئاسیا لەسەر پاڵەوانێتییەکە رایدەگەیەنێت".

1057 جار خوێندراوەتەوە