وەزارەتی دارایی دەستی بە ئامادەکارییەکان بۆ پشکی هەرێم لە بودجەی 2027ی عێراق کرد

KNN : Kurdish News Network
06:53 - 02/08/2026
کوردستان
+
-

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە، دەستپێکردنی ئامادەکارییەکانی بۆ جێگیرکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم لە پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027ی عێراق ڕاگەیاند

 

لەسەر ڕاسپاردەی ئەنجومەنی وەزیران، کۆبوونەوەیەک بە سەرپەرشتیی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئامادەبوونی وەزیرانی پلاندانان و کارەبا و چەند بەرپرسێکی باڵای حکومەت بەڕێوەچوو. لە کۆبوونەوەکەدا بەوردی گفتوگۆ لەبارەی شایستە داراییەکانی هەرێم لەسەر بنەمای دەستوور، یاسا و دوایین داتاکانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان کرا

 

بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، کۆبوونەوەی تایبەت لەگەڵ سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکان بکرێت، بۆ ئەوەی خواست و پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی داهاتوو لە ناو بودجەی فیدراڵیدا جێگەیان بکرێتەوە

 

وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەش کردووە، ماوەی چەند مانگێکە دەستیان بە خەمڵاندنی بودجەی پێویست بۆ مووچە، خەرجییەکان، وەبەرهێنان و داواکردنی دامەزراندنی میلاکی پێویست لە چوارچێوەی یاسای بودجەی عێراق کردووە. هاوکات کار بۆ گەڕاندنەوەی شایستەی ئەو فەرمانبەر و مووچەخۆرانەش دەکرێت، کە پێشتر بەهۆی نەبوونی بودجە و قەیرانی داراییەوە بۆیان خەرج نەکراوە.

 

 

481 جار خوێندراوەتەوە