لە سنووری پارێزگای سلێمانی چەند کارگەیەکی تایبەت بە بڕین و ھاڕینی بەرد ھەیە ، زۆربەی ئەو بەردەش رەوانەی بەغدا و شارەکانی تری عێراق دەکرێت بۆ دروستکردنی کاشی و کەلوپەلی تری بیناسازی.
لە نزیک قەزای دەربەندیخان ژمارەیەک کرێکار لە نێو کارگەیەکدا سەرقاڵی کارێکی سەخت و قورسن و لەو رێگەیەوە بژێوی ژیانی خۆیان دابین دەکەن، کە ئەویش کارکردنە لە کارگەیەکی بڕین و ھاڕینی بەرددا.
ھەرێمی کوردستان ناوچەیەکی دەوڵەمەندە بە کانزای جۆراو جۆر و چەندین کانگای بەردی دەگمەنی تێدایە ، بەتایبەت لە ناوچەی پێنجوێن لە سنووری پارێزگای سلێمانی کە لە شاخ و چیاکانی ئەو ناوچەیە بڕێکی زۆر بەردی جۆراوجۆری دەگمەن بونیان ھەیە.
بەرد تەنێکی سروشتییە و شڵخەیەکی ڕەقەوەبووە لە چەند ماددەی کانگایی و نیوەکانگایی پێکھاتووە، چینی ڕەقی دەرەوەی گۆی زەوی لە بەرد دروست بووە.
لە سەرەتای ژیانی مرۆڤایەتییەوە بەزۆری بەرد بەکارھاتووە بۆ رایی کردنی کاروباری ژیانی رۆژانەی خۆی ، لەلای کوردیش بەرد گرنگی خۆی ھەبووە و لە زۆربەی زاراوە کوردییەکاندا ئەم وشەیە بوونی ھەیە.
کەریم عەبدوڵا خاوەنی کارگەکە ، لە بارەی کارەکەیانەوە دەڵێت: "لەم ناوچەیەی ئێمەدا چەند کارگەیەک ھەیە کە کاریان بڕین و ھاڕینی بەردە ، ئەو بەردەش زۆربەی لە کانگا و شاخەکانی پێنجوێن بۆمان دێت بۆ بڕین، بۆ ھاڕینیش لە شاخەکانی دەربەندیخانەوە بەردمان بۆ دێت ، بەردەکەی پێنجوێن بەردی رەنگاو رەنگە و بەردی سەیدسادقیش ھەیە رەشە ".
ئەو وتی:" ئەو بەردانە بە قیاسی ستاندارد یەک سانتیم و نیو دەبڕدرێت و دەخرێتە سەر سکێبە و رەوانەی بەغدا و شارەکانی تر دەکرێت ".
خاوەنی ئەو کارگەیە کە رۆژانە بۆ خۆیی و چوار کرێکار سەرقاڵی کارن، باس لەوەش دەکات کە کارەکەی ئەوان پەیوەندی راستەوخۆی بە بەغدا و باشووری عێراقەوە ھەیە و لەسەدا ٩٥ی بەردەکان دوای بڕین و ھاڕینیان راستەوخۆ رەوانەی بەغدا و ئەو شارانەی تری باشووری عێراق دەکەن ، لەوێ لە کارگەکان کاشی و کەلوپەلی تری بیناسازی لێدروست دەکرێت.
سەبارەت بە تایبەتمەندی بەردی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان ، کەریم عەبدوڵا لە وەڵامدا گوتی:" ھەر بەردێک لە ناوچەیەکی تایبەت ھەیە، بە نموونە بەردی سەوز تەنھا لە پێنجوێن ھەیە و سوور و رەش لە ناوچەی سەیدسادق و زەردیش لە ھەولێر ھەیە".
2072 جار خوێندراوەتەوە