سودان؛ رێككەوتنی قۆناغی گواستنەوە لەنێوان ئەنجومەنی سەربازیی و لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن ئیمزا كرا
سودان؛ بەگوێرەی رێككەوتننامەكە حكومەتێكی مەدەنی لە سودان پێكدەهێنرێت
سودان؛ لەماوەی 39 مانگدا ئامادەكاری دەكرێت بۆ هەڵبژاردنی گشتی
لەمەراسیمێكدا رێككەوتنی قۆناغی گواستنەوە لەنێوان نوێنەرانی ئەنجومەنی سەربازییو لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن ئیمزا كراو بەوەش كۆتایی بەسەردەمی حوكمی ئەنجومەنی سەربازیی دێتو ئەنجومەنێكی تێكەڵە لەسوپاو نوێنەرانی لایەنە سیاسییەكان پێكدەهێنرێت كە بەئەنجومەنی قۆناغی گواستنەوە ناسراوە و ماوەی سێ ساڵ ئەو وڵاتە بەڕێوەدەباتو ئامادەكاریی دەكات بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی مەدەنی.
بەبەشداری سەرۆك و بەرپرس و نوێنەرانی وڵاتانی عەرەبی و جیهانی، راگەیاندنی دەستوریی و رێككەوتنی نێوان ئەنجومەنی سەربازی و هێزەكانی ئازادی و گۆڕانكاریی ئیمزا كرا.
دوای چەند هەفتەیەك لە دانوستان، رێككەوتنەكە بۆ قۆناغی گواستنەوە ئیمزا كرا، ئەوەش كاردانەوەی گەورەی ناوخۆیی و دەرەوەی لێكەوتەوە و هاوڵاتیانی سودان بە سەركەوتنی ئیرادەی گەل و شۆڕش ناوی دەبەن، كە توانراوە هەر لە رێگەی ئەو شۆڕشەوە عومەر حەسەن بەشیر، سەرۆكی پێشوی سودان، ناچار بكرێت دەسەڵات جێبهێڵێت و لەهەمانكاتدا ئەو وڵاتە لە شەڕێكی ناوخۆیی دور بخرێتەوە.
بەپێی رێككەوتنەكە، رۆژی یەكشەممە، ئەنجومەنێكی باڵا لە نوێنەرایەتی ئەنجومەنی سەربازی و هێزەكانی ئازادی و گۆڕانكاریی كە نوێنەرایەتی خۆپیشاندەران و هاوڵاتیان دەكات، پێكدەهێنرێت. بەگوێرەی رێككەوتننامەی ئەنجومەنی سەربازیی و لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنی سودان.
رۆژی 19ی ئاب، ئەنجومەنی باڵا، لەبەردەم سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەریی سوێندی یاسایی دەخوات و یەكەم كۆبونەوەی خۆی دەكات، رۆژی دواتر سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بۆ قۆناغی گواستنەوەی هەڵدەبژێردرێت و رۆژی چوارشەممەی داهاتوش لەبەردەم ئەنجومەنی باڵاو سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەریی سوێندی یاسایی دەخوات و حكومەتی قۆناغی گواستنەوە دەستبەكاردەبێت.
بەوەش دوای هەشت مانگ لە مانگرتن و خۆپیشاندان كۆتایی بە حوكمی سی ساڵەی رژێمەكەی عومەر حەسەن بەشیر، دێت و هەردوولایەنی سەربازی و مەدەنی لەماوەی 39 مانگدا ئامادەكاریی دەكەن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی.
419 جار خوێندراوەتەوە