هەولێر.. بەهۆی جەژنی قوربانەوە مەیدانی ئاژەڵان جمەی دێت

KNN : Kurdish News Network
03:07 - 09/08/2019
گەلەری
+
-

 

لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان ساڵانە لە ھەرێمی کوردستان کەسانێک قوربانیی دەکەن و بەهۆیەوە بازاڕی کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵان لە هەولێر وەک سەرجەم بازاڕەکانی دیکەی کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵان لە هەرێمی کوردستان جووڵەی تێدەکەوێت و خەڵکێکی زۆر بۆ کڕینی ئاژەڵ روو دەکەنە ئەو بازاڕە و فرۆشیارەکانیش کە ماوەیەکی زۆر ئاژەڵەکانیان بۆ ئەم کاتانە ئامادەدەکەن ھەفتەی پێش جەژنی قوربان بۆ فرۆشتنی ئاژەڵەکانیان بە دەرفەت دەبینن.

 

یەکێک لە فرۆشیارانی ئاژەڵ رایدەگەیەنێت لەئێستا بەدواوە بازاڕی فرۆشتنی ئاژەڵ جووڵەی تێدەکەوێت و دەشڵێت کە جوانە گا بۆ قوربانیکردن خواستێکی زۆری لەسەرە. 

 

ئاژەڵفرۆش حاجی نورەددین سورچی دەڵێت: "لێرە ھەموو جۆرە ئاژەڵێکی گەورە و بچووک کە بۆ قوربانی دەشێت دەست دەکەوێت، ئێستاش ھێشتا بازاڕەکە وەکو چەند ساڵی رابردوو نییە، بەڵام چاوەڕوانیین لە چەند رۆژی داھاتوو کڕین و فرۆشتن زیاتر بێت".

 

نورەددین سورچی گوتیشی: "خەڵک بەزۆری جوانە گا دەکڕێت چونکە بۆ حەوت کەس دەچێت، ئێستا کڕین هەیە، بەڵام چەندی لە جەژن نزیک ببینەوە زیاتر جموجۆڵ دەکەوێتە ناو بازاڕ و تا چوارەم رۆژی جەژنیش کڕین بەردەوام دەبێت".

 

لەبارەی جۆر و نرخی ئاژەڵەکانیش، حاجی نورەددین سورچی روونیکردەوە جوانە گا خواستێکی زۆری لەسەرە لەگەڵ ئەوەشدا، بەران، بزن و مەڕی خۆماڵی بەراورد بەوانەی لە دەرەوە هاوردە دەکرێن، خواستی زۆرتر لەسەرە چونکە بەشێک لە ئاژەڵەکان لە وڵاتانی وەک جۆرجیا، تورکیا و سوریا دەهێندرێن و جیاوازییەکەشیان لە رووی نرخەوە زۆر نییە".

 

حاجی نورەدین سورچی وتیشی: "لەم مەیدانەدا نرخی ئاژەڵی بچووک نزیکەی سێ تا سێ ھەزار و ٥٠٠ دینارە، رەشەوڵاخیش بە نزیک بە پێنج ھەزار دینار دەفرۆشرێت، بەڵام ئەو ئاژەڵانەی کە هاوردە دەکرێن کەمێک نرخی لە ئاژەڵی خۆماڵی هەرزانترە".

1609 جار خوێندراوەتەوە