هەرێمی كوردستان؛ 10 ساڵ بەسەر یەكەمین بەشداریی بزووتنەوەی گۆڕان لە پرۆسەی سیاسیی هەرێمدا تێپەڕ دەبێت

11:30 - 25/07/2019
کوردستان

ساڵی 2009 بزووتنەوەی گۆڕان وەك پێداویستیی قۆناغێكی نوێی سیاسی دامەزرا
لە یەكەمین ئەزموونی هەڵبژاردندا گۆڕان سەركەوتنی گەورەی بەدەست هێنا  
گۆڕان ڕێبەر و دامەزرێنەری مۆدیلی ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی بوو


 25 تەمموزی ساڵی 2009  لە بیرەوەریی هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستاندا ڕۆژێكی لەبیر نەكراوە، چونكە لەو رۆژەوە كاروانی  قۆناغێكی نوێی كاری سیاسی و پەرلەمانی بە ڕابەرایەتیی بزووتنەوەی گۆڕان دەستی پێكرد و بۆماوەی 10 ساڵیشە ئەو كاروانە درێژە بەخەبات دەدات لەپێناوی ئەنجامدانی چاكسازی ریشەیی و بەدیهێنانی دادپەروەری و سەروەری یاسا.


ئەوكاتەی كە گەندەڵی و ناعەدالەتی سەرتاپای هەرێمی كوردستانی گرتبوەوە، ڕەوتێكی چاكسازی خواز  لەهەناوی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانەوە سەری هەڵدا كەئامانجەكەی راستەڕێكردنەوەی ژیانی سیاسی و بەدامەزراوەیی كردنی دامەزراوە فەرمییەكانی حكومەت و بنەبڕكردنی گەندەڵی و شەفافیەت لەداهات و ئەنجامدانی چاكسازی ریشەییی بوو، ئەو رەوتەش لەلایەن نەوشیروان مستەفاوە رێبەراتی دەكرا .

كاتێك نەوشیروان مستەفاو هاوڕێكانی بێ‌ هیوابوون لەوەی بتوانن لەناو حزبەكەیانە وەچاكسازی ئەنجامبدەن، كۆتاییان بەو وێستگەیەی خەباتی سیاسی هێناو  لە  یەكێتی نیشتیمانی كوردستان هاتنە دەرەوە و یەكەمین هەنگاویشیان بە دامەزراندنی كۆمپانیای وشە دستپێكرد، كە وەك مۆدێلێكی نوێی كاری رۆژنامەوانی و راگەیاندن تەماشا دەكرا، لەسەر ئەرزی واقیعیش  كەناڵەكانی راگەیاندنی سەربەم كۆمپانیایە مۆدێلێكی  نوێ و وێنەیەكی جیاوازی راگەیاندنیان پێشكەشی بینەر و بیسەرو خوێنەران كرد.

ئەو بۆشاییەی كە لەو سەردەمەدا لە نێوان جەماوەری كوردستان و دەسەڵاتداراندا دروست بو بوو، لەهەمان كاتدا پێویستی ئەو قۆناغەش بۆ دروست بونی رەوتێكی سیاسی نوێ‌ كەگوزارشت لەخواستەكانی جەماوەر بكات  بواری  دروست بوونی بزووتنەوەیەكی سیاسی نوێی رەخساند كە ئەویش بزووتنەوەی گۆڕان بوو.

ئەم بزوتنەوە سیاسیە سەرەتا لە چوارچێوەی لیستێكی هەڵبژاردندا دەركەوت و لەیەكەم ئەزمونی هەلبژاردنیشدا لە 25 تەمووزی 2009 دا ، بەبەدەستهێنانی 25 كورسی پەرلەمانی كوردستان، توانی ناڕازی  وتوانی سەركەوتنێكی گەورە بەدەست بهێنێـت و نەخشەی سیاسی هەرێم بگۆرێت  ورێبەرایەتی مۆدێلێكی نوێی كاری سیاسی بكات كە ئەویش ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی بوو.

25  تەمموزی 2009 بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان رۆژێكی تەواو جیاوازە، لەئەزمونی حوكمڕانی 18 ساڵی پێش خۆی، چونكە لەدوای ئەم مێژوەوە رەوتێكی سیاسیی دروستبوو  كە داكۆكیكاری سەرسەختی مافەكانیان بوو، بۆئەنجامدانی چاكسازییش لەهەموو ئەو بوارانەی كەپەیوەندی راستەخۆیان بەژیانی هاوڵاتیانەوە هەبوو،بزووتنەوی گۆڕان چەندین پرۆژەی ستراتیژی و گرنگی هەبوو.

بزووتنەوەی گۆڕان لەماوەی 4 ساڵی خەباتی  ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانیدا واتە لەماوەی  نێوان ساڵانی 2009  بۆ2013 جگەلەوەی سەرسەختانە داكۆكی لەجێبەجێ كردنی ئەو بەڵێنانە كرد كەپێش هەڵبژاردنی ساڵی 2009 بەهاوڵاتیانی هەرێمی كوردستانی دابوو، رێبەرایەتی بەرەی ئۆپۆزسیۆنیشی دەكرد،لەهەمانكاتداشێوازی كاركردنی هەم بزوتنەكەو هەم فراكسیۆنەكەشی لەپەرلەمانی كوردستان  وەك شۆڕشێكی هۆشیاری لەلایەن هاوڵاتیانی هەرێمەوە سەیر دەكرا، هەر ئەوەش وای كرد خەلكی كوردستان بەردەوامبن لە پشتگیری كردنی  بزووتنەوەكە،  ئەوەش پێچەوانەی ئەو را وبۆچۆنانە بو كە پێیان وابوو گۆڕان پرۆژەیەكی كاتیە،  پشتیوانی خەڵكی كوردستان  بۆ بزووتنەوەی گۆڕان  بەتەواوی لەهەڵبژاردنەكانی  دواتری پەرلەمانی عێراق وكوردستاندا رەنگی دایەوە و دەنگەكانی بزوتنەوەكە بە جۆریك زیادی كرد كە ئەم هیزە سیاسیە ی كرد بەدووەمین هێزی هەرێمی كوردستان.

 لەساڵی 2014 شەوە قۆناغێكی دیكەلە كاری سیاسی بزووتنەوەی گۆڕان دەستی پێكرد ئەویش بەشداری كردن بوو لە حكومەت و وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی دەسەڵاتی یاسادانان.

لەم قۆناغەشدا بزوتنەوەی گۆڕان لەناو كابینەی هەشتی حكومەتە بنكە فراوانەكە وپەرلەمانیشدا جموجۆڵەكانی بۆ ئەنجامدانی چاكسازی ریشەیی درێژەپێدا، بەڵام ئاستەنگەكانی بەردەم زۆربوون و زۆربەی هێزە سیاسیە هاوكارە كانیشی هاورێی نیوەڕێ‌ بون، بۆیە هەوڵەكانی گۆڕان بۆ چاكسازی نەك تەنها پەك خران،  بەڵكو  باجی گەورەشی لەسەردا رێگری كردن لەسەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بۆ گەرانەوە بۆهەولێرو  و دەركردنی وەزیرەكانی لەكابینەی هەشتەم نمونەی قوربانیدانی ئەم بزووتنەوەیە بون لەپێناو چاكسازی راستەرێ‌ كردنی ژیانی سیاسی .

لەدوای هەڵبژاردنەپەرلەمانیەكەی ساڵی 2018ش جاریكی تر بزووتنەوی گۆڕان بریاری بەشداری كردن لەكابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی دا، بەڵام  دروشمی ئەم بەشدارییەش  هەمان دروشمەكەی ساڵی 2009 كە بریتیە لەئەنجامدانی چاكسازی ریشەیی، ئەوەش لەسەر بنەمای رێككەوتنێكی سیاسی نوسراو.

550 جار خوێندراوەتەوە