چیرۆکی لەقلەقەکانی دهۆک

KNN : Kurdish News Network
11:41 - 30/06/2019
گەلەری
+
-

لە ساڵی 1974 لەگەڵ ئاوەدانکردنی گوندی دۆستەکی سەربە ناحیەی رۆڤیا لە سنووری قەزای بەردەڕەش، دوو لەقلەق لەسەر یەکێک لە ستوونەکانی کارەبای گوندەکە دەگیرسێنەوە و تا ئێستا دەیان وەچە و نەوەیان ناوەتەوە لە سنوورەکە. سەرجەم ستوونی کارەبا و بڵندگۆی مزگەوت و شوێنە بەرزەکانیان کردووە بە هێلانە.
 
لەقلەق کە حاجی لەقلەقیشی پێدەوترێت، بەوە ناسراوە کە لە شوێنی سەقامگیر و ئەمان دەمێنێتەوە و هێندە دڵ ناسکە تەنها یەک جار ئازاردانی بەسە بۆ ئەوەی بتۆرێت و چەندین ساڵ ناوچەکە جێبهێڵێت.

 

لەقلەق یەکێکە لەو باڵندانەی کە سیفاتی کۆمەڵایەتی هەیە و هاوشێوەی مرۆڤ لەگەڵ یەکتری دەژین، بەڵام تیرەکانیان لەگەڵ یەکتر تێکەڵ نابن، خێزان خێزان بە جیا پێکەوە دەژین، هەر خێزانێک هێلانەی خۆی هەیە، شوێنی سەقامگیر و دوور لە جەنگ و جەنجاڵی هەڵدەبژێرن بۆ ژیان، مانەوە و زۆربوون. خواردنی سەرەکییان لە چەم و زۆنگاوی ناوچە کشتوکاڵییەکان دەست دەکەوێت، بەبێ ئەوەی زیان بە بەربوومی جووتیاران بگەیەنن.

 

حاجی لەقلەق رەنگی سپییەو سەر باڵەکانی رەشن و دەنووکێکی سوور و دوو قاچی درێژی هەیە، بە دەنووکە درێژەکەی راوی مار، مشک، جرج و بۆق دەکات و دەیخوات و هەر ئەو خوارندنانەش لە کێڵگە کشتوکاڵییەکان بۆ بێچووەکانیان دەهێنن، تەنانەت بێچووەکانیان رادەهێنن لەسەر هەڵفڕین و چۆنییەتی راوکردنی ئەم گیانەوەرانە.

 

هاوڵاتییانی گوندی دۆستەک لە سنووری قەزای بەردەڕەش ئاشنان بە مێژوو و سروشتی لەقلەقەکان، بۆیە بەهیچ شێوەیەک ئازاریان نادەن و و هێلانەکانیان ناشێوێنن. 

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی حاجی لەقلەق ئەوەیە لە شوێنە بەرزەکان ژیان دەکەن و هەر بە کۆمەڵیش کۆچ دەکەن و بە کۆمەڵیش لە کۆچەکەیان دەگەڕێنەوە.

 

تەمەنی حاجی لەقلەق بە شێوەیەکی گشتی لە 30بۆ 45ساڵ دەبێت، ساڵانە سێ بۆ شەش هێڵکە دەکات و دوای سی رۆژ کڕکەوتن چەند بێچووێک لەقلەق لە هێڵکەدا دەردەهێن و باوانی ئەم بێچووانە چۆن خۆیان بە خواردنی مار، مشک، جرج و بۆق دەژین، بەهەمان شیوە هەمان خواردن بۆ بێچووەکانی دەهێنن.

 

ئەوەی سەرنج راکێشە ئەوەیە کە ژمارەی ماڵەکانی گوندی دۆستەک و هێڵانەی حاجی لەقلەقەکانی گوندی دۆستەک جیاوازییەکی ئەوتۆیان نییە. 

 

خورشید ئەحمەد دانیشتووی گوندی دۆستەکە دەڵێت "وەرزی جووتبوونی لەقلەقەکان لە کۆتایی وەرزی بەهار دەستپێدەکات، لەم وەرزەیاندا لەقلەقەکان کۆدەبنەوە و بە ئاسمانی ناوچەکەماندا دەسوڕێنەوە، دوای هێڵکە کردن و کڕکەوتن بۆ ماوەی 30 رۆژ هەر خێزانێک دەبێتە خاوەنی چەند بێچووێک، پاش پێگەیشتن و پەروەردەکردنی بێچووەکانیان، لەقلەقەکانی سنوورەکەمان لە کۆتایی مانگی ئابی هەموو ساڵێک کۆچ دەکەن و بۆ ماوەی شەش مانگ هەرێمی کوردستان جێدەهێڵن، بەڵام لەبەر ئەوەی کەشوهەوای گوندی دۆستەک گونجاوترین کەشوهەوایە بۆیان، لەقلەقەکانی سنوورەکەمان پێش هەموو سنوورەکانی دیکە لە گەشتەکەیان دەگەڕێنەوە بۆ دۆستەک".

2782 جار خوێندراوەتەوە