بە هۆی باران بارینی زۆری ئەمساڵ، جوتیارەكان لە زەوییە دێمییەكان و قەدپاڵی گردۆڵكەكان كشتوكاڵ دەكەن و بەئاسانی ئاو دەگوازنەوە بۆ ئاودانی ئەو بەرووبوومە كشتوكاڵییانەی چاندونیان.
عوسمان حسێن جوتیارێكی دانیشتووی گوندی ئیمامی زامنە لە خوارووی هەڵەبجە، ئەو باس لەوە دەكات ئەمساڵ بە هۆی هەستانی زۆری ئاوی دەریاچەی دەربەندیخان (سیروان) لە زەوییە دێمییەكانی ناوچەكەدا زیاتر لە 300 دۆنم زەوییان بە شوتی و كاڵەك و تەماتە داچاندووە و بەئاسانی دەتوانن ئاو بگەیەننە زەوییەكانیان.
بەگوێرەی ئامارەكان لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی هەڵەبجە، ١٧٠ هەزار دۆنم زەوی كشتوكاڵی هەیە، لەو بڕەش بەشێكی زۆری لە وەرزی هاویندا بە سەوزە و میوە و بەرووبوومە هاوینەییەكان دەچێندرێن.
عوسمان حسێن دڵخۆشە بە بەرهەم و زۆری ئاوی ئەمساڵ بۆ ئاودانی ئەو بەرووبوومانەی چاندونی، بەڵام لە هەمانكاتدا داوا لە حكومەت دەكات هاوكاری جوتیاران بكات و لە كاتی پێگەیشتنی بەرهەمەكانیاندا رێگە لە هاتنی بەرهەمی كشتوكاڵی لە دەرەوە بگرێت، تاوەكو بەرهەمی ناوخۆ بەئاسانی لە بازاڕدا ساغ ببێتەوە.
935 جار خوێندراوەتەوە