بەپەلە

لانی كەم 10 پۆلیسی كینیا لەسەر سنوری سۆماڵ كوژران

10:06 - 15/06/2019
جیهان

بەرپرسانی كینیا؛ رووداوەكە بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێكی چێندراوەوە بووە

لە نزیك سنوری سۆماڵ بۆمبێكی چێندراو بە ئۆتۆمبێلێكی پۆلیسی كینیا-دا تەقییەوە و بەهۆیەوە لانی كەم 10 پۆلیس كوژران.


بەرپرسانی ئەمنیی كینیا بڵاویانكردەوە، بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێكی چێندراوەوە لە ناوچەی واجیر-ی نزیك سنوری سۆماڵ، لانی كەم 10 پۆلیسی ئەو وڵاتە كوژراون. ئەمەش لە كاتێكدا بووە كە پۆلیسەكان بەمەبەستی گێڕانەوەی چەند پۆلیسێكی ڕفێندراو، هەوڵی شوێنكەوتن و دەستگیركردنی چەند ئەندامێكی گرووپی تیرۆرستیی شەباب-یان داوە.

دوێنێ هەینی، پۆلیسی كینیا ڕایگەیاند، ژمارەیەك چەكدار، كە گوماندەكرێت ئەندامی گرووپی تیرۆرستیی شەبابی سۆماڵ بن، هێرشیانكردووەتە سەر بنكەیەكی پۆلیسی ناوچەی واجیر و سێ پۆلیسیان ڕفاندووە.

تاكو ئێستا هیچ لایەنێك بەرپرسیاریی خۆی لە تەقینەوەكەی نزیك سنوری سۆماڵ ڕانەگەیاندووە، بەڵام گرووپی تیرۆرستیی شەباب، پێشتر لەو ناوچەیە چەند هێڕشێكی هاوشێوەیان بۆ سەر هێزەكانی پۆلیسی كینیا ئەنجامداوە.

180 جار خوێندراوەتەوە