نەیمار دووچاری پێكانێكی قورس بوو

KNN : Kurdish News Network
10:38 - 06/06/2019
وەرزش
+
-

نەیمار بەشداری یارییەكانی كوپا ئەمریكا ناكات

 

هەڵبژاردەی بەرازیل زەبرێكی گەورەی بەركەوت كاتێك نەیمار دا سیلڤا دووچاری پێكانێكی قورس هات‌و نەیتوانی یارییەكەی قەتەر تەواو بكات، یەكێتیی تۆپی پێی بەرازیلیش دەڵێت بەشداری كوپا ئەمریكا ناكات.

لە یاریی نێوان بەرازیل‌و قەتەرو لەسەرەتای تایمی یەكەمدا نەیمار دا سیلڤا دووچاری پێكان هات لە قولە پێیدا‌و بەهۆی هەستكردن بە ئازار نەیتوانی یارییەكە تەواو بكات، بەو هۆیەشەوە یاریگای بەجێهێشت.

تەلەفزیۆنی بەرازیل بڵاویكردۆتەوە، نەیمار بەهۆی هاوكاری پزیشكەكان یاریگای بەجێهێشتوە‌و دواتریش بەهۆی دوو دارشەقەوە چۆتە دەرەوەی ژووری خۆگۆڕینی یاریزانان.

لەلایەكی ترەوە یەكێتیی تۆپی پێی بەرازیل بڵاویكردۆتەوە، پشكنینی پزیشكی بۆ نەیمار ئەنجامدراوە‌و دەركەوتوە كە پێكانەكەی لە قولە پێیدایە‌و بەستەرەی سەرەكی پچڕاوە، بەوەش ناتوانێت بەشداری یارییەكەی كوپا ئەمریكا بكات كە بڕیارە یارییەكانی رۆژی 14ی ئەم مانگە لە بەرازیل بەڕێوە بچێت.

دەستەی هونەری هەڵبژاردەی بەرازیلیش ئاشكرایكردوە، بەشوێنی جێگرەوەی نەیماردا دەگەڕێن بۆ ئەوەی لە شوێنی ئەو یاریزانە پێكراوە بانگهێشتی پێكهاتەكەی هەڵبژاردەكەی بكەن بۆ كوپا ئەمریكا، كە لۆكاس مۆرا و ڤینیسیۆس جۆنیۆر پاڵێوراون بۆ شوێنەكەی.

800 جار خوێندراوەتەوە