دەستەی
دەستپاکی فیدراڵی، ئەمڕۆ سێشەممە، دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری بەشی موڵکایەتی لە
شارەوانی تکریتی ڕاگەیاند، ئەوەش بەهۆی بوونی گومانی تێوەگلانی لە یاریپێکردن بە
پرۆسەی دابەشکردنی زەوی، هاوکات دەستیشبەسەر چەندین تاپۆ و بەڵگەنامەی خانوبەرە و
مامەڵەی گواستنەوەی خاوەندارێتیدا گیراوە.
دەستەکە لە
ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە: "تیمێکی بەڕێوەبەرایەتی لێکۆڵینەوەی
سەڵاحەدین توانیویانە بەڕێوەبەری بەشی موڵکایەتی لە شارەوانی تکریت دەستگیر بکەن،
ئەوەش لەسەر دۆسیەی یاریپێکردن بە دابەشکردنی زەوی".
ئەوەشی
خستووەتەڕوو: "لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکەدا توانراوە دەستبەسەر (94)
تاپۆی خانوبەرەدا بگیرێت، لەگەڵ دۆزینەوەی بڕێک پارە بە دینار و دۆلار و بڕێک زێڕ
لە ماڵی تۆمەتبارەکەدا".
هەر لە
ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە تیمەکە دەستیان بەسەر چەندین سەنەدی دیکەی موڵکایەتی
و مامەڵەی تەرخانکردن و گواستنەوەی خاوەندارێتیدا گرتووە، جەختیشیکردووەتەوە کە
بەپێی یاسا ڕێکارە یاساییە پێویستەکان بەرامبەر تۆمەتبارەکە گیراونەتەبەر.
473 جار خوێندراوەتەوە