بەراورد بە سێ هەفتەی رابردوو نرخی نەوت بەرزترین ئاستی تۆمار كرد

KNN : Kurdish News Network
06:31 - 20/05/2019
ئابوری
+
-

نرخی بەرمیلێك نەوتی برێنت بە زیاتر لە 73 دۆلار فرۆشرا 

بەهۆی بارگرژییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاڵۆزبوونی زیاتری پەیوەندیەكانی نێوان واشنتۆن و تاران، نرخی نەوت بەراورد بەسێ هەفتەی رابردوو بەرزترین ئاستی تۆمار كردو گەیشتە سەرو 73 دۆلار. 

ئەمڕۆ لە بازاڕەكانی جیهان نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی برێنت بە 73 دۆلار و 27 سەنت مامەڵەی پێوەكرا. 

نرخی بەرمیلێك نەوتی تەكساسی ئەمریكاش بە 63 دۆلارو 66 سەنت مامەڵەی پێوەكرا. 

چاودێرانی ئابوریی و سیاسی پێیان وایە. سەرەڕای كاریگەریی بارگرژییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەیوەندی خراپی نێوان ئەمریكاو ئێران، لەسەر بەرزبونەوەی نرخی نەوت، بەڵام كۆبوونەوەكەی وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت-ئۆپیك لە شاری جەدەی سعودیەش، تاڕادەیەك كاریگەریی خۆی هەبووە لەسەر نرخی نەوت. 

لەو كۆبونەوەیەدا سعودیەو ئیمارات، نیگەرانییان پیشاندا لە بەرزبونەوەی ئاستی نەوتی كۆگاكراوی جیهانی و جەختیانكردەوە، لەسەر سەقامگیریی بازاڕی جیهانی نەوت.

469 جار خوێندراوەتەوە