وەزارەتی
دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا لە ڕێگەی لیژنەیەکی تایبەتەوە بەپەلە
دەست بە هەنگاوەکانی گواستنەوەی پڕۆژەی "هەژماری من" بکات بۆ سەر
وەزارەتەکەی، هاوکات وەزیری دارایی جەخت لە چارەسەرکردنی خێرای کێشەی بانکە
ئەهلییەکان دەکاتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە
(29ی ئەیلوولی 2026)، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، لەگەڵ تیمی
سەرپەرشتیاری پڕۆژەی "هەژماری من" کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا کە
ژمارەیەک لە ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت ئامادەی بوون، شیلان دۆسکی
کورتەیەکی لەسەر دوایین قۆناغەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە و هەنگاوەکانی گواستنەوەی
بۆ سەر وەزارەتی دارایی خستە ڕوو.
لە میانی
دیدارەکەدا، وەزیری دارایی و ئابووری تیشکی خستە سەر ئەو کێشانەی لە ماوەی
ڕابردوودا لە لایەن بانکە ئەهلییەکانەوە دروست بوون، جەختیشی کردەوە کە پێویستە بە
زووترین کات ئەو کێشانە چارەسەر بکرێن و خزمەتگوزاریی زیاتر و باشتر پێشکەش بە
فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکرێت.
لە بەشێکی
دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ئاماژە بە دوایین هەنگاوەکانی تۆمارکردنی مووچەخۆران و
دابینکردنی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە (ATM) کرا. بەپێی ئامارەکانی پڕۆژەکە، لە
ئێستادا تەنها نزیکەی 10هەزار مووچەخۆر ماون خۆیان تۆمار بکەن، هەروەها زیاتر لە 750 ئامێری ڕاکێشانی پارە جێگیر کراون و زیاتر لە یەک ملیۆن مووچەخۆریش بە شێوەی
دیجیتاڵی مووچەکانیان وەردەگرن.
لە کۆتایی
دیدارەکەدا، ئاوات شێخ جەناب بڕیاری دا بە زووترین کات و لە ڕێگەی لیژنەیەکی
تایبەتی وەزارەتەوە، دەست بە پرۆسەی گواستنەوەی پڕۆژەی "هەژماری من"
بکرێت بۆ سەر وەزارەتی دارایی و ئابووری.
142 جار خوێندراوەتەوە