داهاتی نەوتی عێراق بەرزدەبێتەوە و زیاتر لە 70٪ی مووچەی مانگانە دابین دەکات

KNN : Kurdish News Network
11:43 - 01/10/2026
ئابوری
+
-

شارەزایەکی ئابووری ڕایدەگەیەنێت، لە مانگی ئەیلولی ڕابردوودا ئاستی هەناردە و داهاتی نەوتی عێراق بەرزبوونەوەی نوێی تۆمارکردووە و کۆی داهاتەکە گەیشتووەتە نزیکەی پێنج ملیار دۆلار، بەوەش دەتوانێت سەدا 71ی مووچەی مانگانەی فەرمانبەران دابین بکات.

 

د. نەبیل مەرسوومی، شارەزای ئابووری ڕایگەیاند، خەمڵاندنە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تێکڕای هەناردەی نەوتی عێراق بەرزبووەتەوە بۆ دوو ملیۆن و 650 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لەو بڕەش دوو ملیۆن و 400 هەزار بەرمیلی لە ڕێگەی دەریا و گەرووی هورمزەوە بووە، هەروەها نزیکەی 250 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە بەرەو بەندەری جەیهانی تورکی هەناردە کراوە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو بڕەی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە هەناردە کراوە، نزیکەی 140 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان و 40 هەزار بەرمیلی لە کێڵگەکانی کەرکوکەوە بووە، ئەمە سەرەڕای ناردنی 70 بۆ 100 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە لە نەوتی بەسرەوە بۆ کەرکوک بە مەبەستی هەناردەکردنی لە ڕێگەی بەندەرە تورکییەکەوە.

 

بەپێی پێشبینییەکانی مەرسوومی، چاوەڕوان دەکرێت داهاتی نەوتی عێراق لە مانگی ئەیلولدا بگاتە نزیکەی پێنج ملیار دۆلار، کە دەکاتە نزیکەی 6.5 ترلیۆن دینار، پاش دەرکردنی تێچووی کۆمپانیا بیانییەکانیش، پوختەی داهاتەکە دادەبەزێت بۆ 5.5 ترلیۆن دینار. ئەو شارەزایە پێی وایە ئەمە بەرزترین ئاستی داهاتە لە دوای داخستنی گەرووی هورمزەوە، بە جۆرێک داهاتەکەی مانگی ئەیلول دەتوانێت سەدا 71ی مووچەی مانگانە دابین بکات، لە کاتێکدا لە مانگی ئابدا ئەو ڕێژەیە سەدا 65 بووە.

229 جار خوێندراوەتەوە