قۆناغەکانی ئامادەکردنی بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٧ کۆتایی هات

KNN : Kurdish News Network
02:47 - 27/09/2026
ئابوری
+
-

وەزارەتی دارایی عێراق ڕەشنووسی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی بۆ ساڵی 2027 ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزاریی ئابووری کرد، ئەوەش دوای تەواوبوونی سەرجەم قۆناغەکانی ئامادەکردنی.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتەکە، ئامادەکردنی پرۆژەیاساکە بەرهەمی کۆبوونەوە بەردەوامەکانی لیژنەی باڵای ئامادەکردنی بودجە بووە بە سەرپەرشتیی فالح ساری، وەزیری دارایی، کە تێیدا میوانداریی نوێنەرانی وەزارەتەکان، هەرێمی کوردستان و پارێزگاکان کراوە، لەگەڵ ڕاوێژکردن بە شارەزایانی دارایی لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق.

 

وەزیری دارایی جەختی لەوە کردووەتەوە کە وەزارەتەکەی پابەندییەکانی خۆی لە ئامادەکردنی پرۆژەیاسای بودجە لە کاتی دیاریکراودا جێبەجێ کردووە. ئاماژەی بەوەش کردووە، ئامادەکردنی بودجەکە جێبەجێکردنی قۆناغ بە قۆناغی سیستەمی "بودجەی بەرنامە و کارایی" لە کەرتی کارەبا و پارێزگاکانی دیوانیە و سەڵاحەدین لەخۆدەگرێت، بەمەبەستی بەستنەوەی تەرخانکراوە داراییەکان بە ئامانج و ئەنجامەکانەوە و پێوانەکردنی کاریگەریی خەرجییەکان، وەک ئامادەکارییەک بۆ فراوانکردنی ئەو سیستەمە لەسەرجەم دامەزراوەکانی دەوڵەتدا.

 

فالح ساری ڕوونیشیکردووەتەوە، پرۆژەیاسای بودجە ڕەچاوی لەپێشینەکانی بەرنامەی حکومەت و گۆڕانکارییە ئابووری و داراییەکانی کردووە، هەروەها پێداویستیی چینە گرنگەکانی کۆمەڵگای لە چوارچێوەی توانا داراییە بەردەستەکاندا لەبەرچاو گرتووە، لەگەڵ تیشک خستنە سەر زیادکردنی داهاتە نانەوتییەکان و چەسپاندنی دیسپلینی دارایی.

 

بڕیارە ئەنجومەنی وەزاریی ئابووری گفتوگۆ لەسەر پرۆژەیاسای بودجەکە بکات، بەمەبەستی تەواوکردنی گفتوگۆکان و دواتر بەپێی ڕێکارە باوەکان ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێت بۆ پەسەندکردنی.

95 جار خوێندراوەتەوە