جیهان؛ لە نیوەگۆی باكوور ماوەی ڕۆژووگرتن زیاترە وەك لە نیوەگۆی باشوور

07:17 - 15/05/2019
جیهان

جیهان؛ لە نیوەگۆی باكوور وەرزی بەهارە بەڵام لە نیوەگۆی باشوور پاییزە
جیهان؛ ماوەی ڕۆژووگرتن لە وڵاتانی نیوەگۆی باكوور زیاتر لە  17 كاتژمێرە
جیهان؛ ماوەی ڕۆژووگرتن لە وڵاتانی نیوەگۆی باشوور نزیكەی 12 كاتژمێرە
جیهان؛ درێژترین ماوەی ڕۆژووگرتنی ئەمساڵ لە وڵاتی گرینلاندە كە 20 كاتژمێرە
جیهان؛ كورتترین ماوەی ڕۆژووگرتنی ئەمساڵ لە وڵاتی ئوستورالیایە كە 12 كاتژمێرە
لە وڵاتانی ئێران و عێراق و ئەفغانستان و سوریا ماوەی ڕۆژووگرتن دەوروبەری  15 كاتژمێرە
هەرێمی كوردستان؛ ئەمساڵ ڕۆژبەڕۆژ كاتی ڕۆژووگرتن درێژ دەبێتەوە


هەمووانمان دەزانین ڕۆژانە كاتی خۆرهەڵاتن و بەربانگ گۆڕانكارییان بەسەردا دێت و تا دێت ماوەی ڕۆژووگرتن لەم ساڵدا لە هەرێمی كوردستان درێژ دەبێتەوە، بێگومان ئەم گۆڕانكارییە گەردوونییە و لە هەموو جیهاندا بە پێی شوێنی جوگرافی، ماوەی ڕۆژووگرتن جیاوازە و گۆڕانكارییشی بەسەردا دێت.

لەم ڕاپۆرتەدا درێژترین و كورترین ماوەی ڕۆژووگرتن نیشان دەدەین، كە لە هەندێ وڵاتی نیوەی گۆی باكووری زەوی دەگاتە سەروو بیست كاتژمێر و لە هەندی وڵاتی نیوە گۆی باشووری زەوییش كەم دەبێتەوە بە خوار 12 كاتژمێر.

ماوەی ڕۆژووگرتن بە كاتژمێر دیاری نەكراوە، بەڵكوو پەیوەندیی بە كاتی خۆرهەڵاتن و خۆرئاوابوونەوە هەیە، ئەم كاتەش دەكەوێتە نێوان بانگی بەیانی و بانگی مەغریب كە لە كوردەواریدا بە بانگی شێوان ناسراوە.

هەڵهاتنی خۆر و ئاوابوونی، دیاردەیەكی گەردوونییە و بەپێی كات و بەپێی شوێنیش گۆڕانكاریی بەسەردا دێت، بە گشتی ئەوەی ئاشكرایە و هەموان دەیزانن ئەوەیە،  لە پاییز و زستاناندا ماوەی دەركەوتنی خۆر كەمترە وەك لە بەهار و هاوینان، بەم پێیە لە بەهار و هاویندا ماوەی ڕۆژووگرتن زیاترە وەك لە پاییز و زستان.

ئەمساڵ لە نیوەی گۆی باكووری زەوی كاتی ساڵ بریتییە لە وەرزی بەهار، بۆیە ماوەی ڕۆژووگرتن لەو وڵاتانەی دەكەونە ئەم بەشەی زەوییەوە زۆرە و لە وڵاتێكی وەك گریلاند كاتی ڕۆژووگرتن زیاتر لە بیست كاتژمێرە.

دوای گریلاند وڵاتانی ئیسكەندەنافی (فینلەندا، سوید، دانیمارك و نەرویج) دێت كە ماوەی ڕۆژووگرتن نزیكەی بیست كاتژمێر و هەندێكیان زیاتر، هەروەها وڵاتانی كەنەدا و ڕووسیا و بەریتانیا كەمتر لە بیست كاتژمێرە، واتە لە نێوان 18 بۆ 19 كاتژمێرن.

ئینجا وڵاتانی كیشوەری ئەفریقا دێت كە ماوەی ڕۆژووگرتن لە نێوان 15 بۆ 18 كاتژمێرە وەك وڵاتانی: لیبیا، سودان، مۆریتانیا، مەغریب، تونس، پاشان وڵاتانی عەرەبیی یەمەن و و ئوردن و لوبنان و سعوودیە، كاتەكانی ڕۆژووگرتن لە 15 كاتژمێر بەرەو سەرە.

لە ئێران و عێراق و ئەفغانستان و سوریا و چەند وڵاتێكی تریش كاتی ڕۆژووگرتن نزیكەی 15 كاتژمێرە، لە هەرێمی كوردستانیش بە هەمان شێوەی كاتی ڕۆژووگرتن دەوروبەری 15 كاتژمێرە. لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ئاسیاش ماوەی ڕۆژووگرتن دەوروبەری ١٦ كاتژمێرە..

كاتەكانی ڕۆژووگرتن بە شێوەیەكی ڕۆژانە لە مانگی ڕەمەزاندا سەبارەت بە موسڵمانان بەپێی شوێنی جوگرافی وڵاتەكەیە و لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی تر دەگۆڕێت، هەتا زیاتر لە ئاراستەی جەمسەری باكووری زەوییەوە نزیك بین، كاتەكانی شەو درێژتر دەبێت، واتە ماوەی ڕۆژووگرتن كەم دەبێتەوە، بەڵام بە پێچەوانەوە هەتا لە جەمسەری باشووری گۆی زەوییەوە نزیكتر بین كاتەكانی ڕۆژ درێژتر دەبێت، واتە ماوەی ڕۆژووگرتن زیاتر دەبێت، هەر ئەمەش وا دەكات كاتەكانی ڕۆژووگرتن لە مانگی ڕەمەزاندا لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی تر جیاواز بێت.  

 كەمترین ماوەی ڕۆژووگرتنیش لە وڵاتانی باشووری نیوەگۆی زەوی ناوبراو بە جەمسەری باشووری زەوییە، كە لە وڵاتی ئەرجەنتین كەمترە لە 12 كاتژمێر و ماوەی ڕۆژووگرتن 11 كاتژمێر و 46 خولەكە، بە دوایدا وڵاتانی ئوسترالیا و چیللی بەرازیل دێت كە كاتی ڕۆژووگرتن كەمتر یان نزیكەی 12 كاتژمێرە.

302 جار خوێندراوەتەوە