"ئەمریكا شەڕ لەگەڵ ئێران ناكات"

08:20 - 12/05/2019
جیهان

سوپای پاسداران: ئەمریكا جەنگی دەروونی لە دژمان دەستپێكردوە

 

ئاڵۆزییەكانی ئێران و ئەمریكا، كاردانەوەیان لێدەكەوێتەوە و بەشێك لە شارەزایان دەڵێن: جوڵەكانی ئەمریكا تەنها بۆ بەدیهێنانی چەند ئامانجێكی لە ناوچەكە و هەرگیز شەڕ لەگەڵ ئێران ناكات. فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێرانیش، هەموو جوڵە هەڕەشەكانی ئەمریكا بەرامبەر ئێران، بە جەنگێكی دەروونی وەسف دەكات.

بەپێی ڕاپۆرتێكی ئاژانسی ڕیا نۆڤەستی ڕوسی، كە لەزاری چەند شارەزایەكی سیاسی بڵاوی كردوەتەوە، ئەمریكا هەرگیز نایەوێت لە ئێران بدات، بەڵكو چەند ئامانجێكی هەیە كە دەیەوێت بەدەستیان بێنێت، لەوانە، دروستكردنی دژایەتی لە نێوان ئێران و ئیسرائیل، وەك ستراتیژی كۆشكی سپی، هاوكات دروستكردنی گرفت و ناكۆكی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە نێوان سوننە و شیعە‌و بەپێی بۆچونی شارەزایانیش، پشتگیریكردنی سعودیە لەلایەن ئەمریكاوە، هەربۆ ئەو مەبەستەیە.

شارەزایان وای بۆ دەچن، بەرژەوەندیی سەرەكیی ئەمریكا لەوەدایە كە بەردەوام كێشە و گرفت لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبێت و هەرگیز كۆتاییان نەیەت، تاكو ئەمریكا بتوانێت بە ویستی خۆی لەو ناوچانەدا بمێنێتەوە.

ئەمریكا ئەم جارە ئێرانی كردوەتە ئامانج و دەیەوێت سیاسەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە بەتەواوی بگۆڕێت، بەپێی وتەی شارەزاییان، گۆڕینی ڕژێمی كۆماری ئیسلامی ئێران، ئامانجی لەمێژینەی ئەمریكایە و بەچەندین ڕێگەی جیاواز هەوڵی بۆداوە، بۆیە لەم جارەدا تەواوی ڕێگاكانی لەبەردەستدایە و دەیەوێت ئامانجەكەی بهێنێتە دی.

ئەوەش لە كاتێكدایە، پێشتریش مایك پۆمپیۆ - وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، ڕایگەیاندبوو، كە ئامانجیان شەڕكردن نییە لەگەڵ ئێران بەڵكو ئامانجیان گۆڕینی ڕەفتارەكانی ڕژێمی ئیسلامیی ئێرانە.

ئاماژەی بەوەش كرد، ناردنی هێزیش بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ ئەوەنییە كە لە ئێران بدەن‌و ئەوە تەنها بۆ ڕوبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێكی نەخوازراوە، لە ناوچەكە كە ڕووبەڕووی هێزەكانیان ببێتەوە.

لای خۆیەوە، حسێن سەلامی، فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی ئێران بە ئاژانسی رۆیتەرزی ڕاگەیاندوە: ئەوەی ئێستا ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەیكات، تەنها جەنگێكی دەرونییە دژ بە ئێرانییەكان، چونكە ئاڵوگۆڕپێكردنی هێزەكانیان شتێكی ئاساییە و لەماوەی رابردووشدا ئەو جموجوڵانەیان هەبوە.

وتیشی: ئەوان هیچكات دەستپشخەری شەڕو جەنگ نابن، بەڵام ئەگەر جەنگ بەرۆكیان بگرێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە، لەئامادەباشیدان و بە توندی وەڵامی هەر هێرشێك دەدەنەوە كە دەستدرێژی بكاتە سەر وڵاتەكەی و سەركەوتنی گەورەش بەدەست دەهێنن.

10519 جار خوێندراوەتەوە