كازاخستان؛ خولێكی دیكەی گفتوگۆكانی ئەستانەی تایبەت بە پرۆسەی ئاشتی لە سوریا دەستپێدەكات

KNN : Kurdish News Network
01:44 - 25/04/2019
جیهان
+
-

كازاخستان؛لەم خولەی ئەستانەدا گفتوگۆ لەبارەی دەستوری سوریا و گروپە چەكدارەكانی پارێزگای ئیدلب دەكرێت

بڕیارە ئەمڕۆ خولێكی دیكەی گفتوگۆكانی ئەستانەی تایبەت بە پرۆسەی ئاشتی لەسوریا دەستپێبكات و دەستوری سوریا و  ئایندەی گروپە چەكدارەكانی پارێزگای ئیدلبیش تەوەرەی سەرەكی گفتوگۆكان دەبن.

ئاژانسەكانی هەواڵ بڵاویانكردەوە، ئەمرۆ 12 هەمین خولی گفتوگۆكانی ئاشتی لەسوریا لەشاری نورسوڵتانی پایتەختی كازاخستان بەرێوەدەچێت و ماوەی 2 رۆژ دەخایەنێت.

سەبارەت بەكارنامەی كۆبونەوەكانی ئەم خولەی گفتوگۆكانی ئەستانە، سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاند، پێكهێنانی لیژنەی نوسینەوی دەستوری سوریا و ئایندەی گروپە چەكدارەكانی پارێزگای ئیدلیب گفتوگۆیان لەبارەوە دەكرێت.

لەكۆبونەوەكەدا جگە لە وەفدی حكومەتی سوریا و ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە، نوێنەرانی روسیا و ئێران و توركیا و ئوردن و هەروەها گێر بیدەرسۆن نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆكاروباری سوریا و نوێنەرانی كۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوەیە كگرتوەكان و لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوریش بەشداری دەكەن.

231 جار خوێندراوەتەوە