هەرێمی كوردستان؛ هاوڵاتییان پێشوازی لە جەژنی نەورۆز دەكەن

04:25 - 20/03/2019
کوردستان

لەسەرجەم شارو شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان‌و پارچەكانی دیكەی كوردستان، مەراسیمی جەژنی نەورۆز ‌و سەری ساڵی كوردی بەڕێوەدەچێت، هاوڵاتییان بەئاگركردنەوە‌و پۆشینی جلی كوردی‌و ئاهەنگ‌و شادی، پێشوازی لەو جەژنە نەتەوەییە دەكەن.

ئەمڕۆ كە كۆتا رۆژی مانگی رەشەمێ ‌و وەرزی زستانە، مەراسیم ‌و فێستیڤاڵی جەژنی نەورۆز، لەسەرجەم شارو شارۆچكەكانی كوردستان، بەڕێوەدەچێت‌و هاوڵاتییان پێشوازی لە ساڵی  2719ی كوردی ‌و وەرزی بەهار دەكەن.

لەشاری سلێمانی، لە گردی مامەیارە، جەژنی نەتەوەیی كورد، بەرز رادەگیرێت ‌و بۆنەو رێوڕەسمی تایبەت بەو جەژنە رێكدەخرێت، لە هەولێری پایتەخی هەرێمی كوردستانیش، بە ئاهەنگ‌و كردنەوەی ئاگری نەورۆز، پێشوازی لە ساڵی نوێی كوردی دەكرێت.

هاوكات، لەشاری ئاكرێ، كە خاوەنی نازناوی جوانترین مەراسیمی جەژنی نەورۆزە، هاوڵاتییان بە داگیرساندنی هەزار مەشخەڵ لەسەر شاخەكان، پێشوازی لەجەژنی سەری ساڵی كوردی دەكەن.

لەلایەكی دیكەوە، لەئامادی باكووری كوردستان، بەئامادەبوونی سەدان هەزار كەس، پێشوازی لە جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی كوردی دەكرێت.

996 جار خوێندراوەتەوە