ads top

ئەمە چ دۆخێکە ئێمەی تێدا دەژین؟!


(١)
سەرەتای جەنگی عێراق و ئێران، رەزای کوڕی حەمەڕەزا شا، کە خێزانەکەی تازە لە ئێران دەرکرابوو و باوکی لە ئاوارەیی و لەداخی مەلاکاندا کۆچی کردبوو، کاتێک بینی وڵاتەکەی لە لایەن عێراقەوە پەلامار دراوە و بەشێکی زۆری خاکەکەی داگیر کراوە، هەموو شتێکی وەلاوە ناو نامەیەکی بۆ فەرماندەی هێزی ئاسمانی ئێران نووسی و داوای لێکرد رێگەی گەڕانەوەی پێ بدەن بۆ ئەوەی شارەزاییەکەی لە بواری فڕۆکەوانی جەنگیدا بەکار بهێنێت و ئەرکی نیشتمانی خۆی بەرامبەر ئێران و ئێرانییەکان جێبەجێ بکات. بەڵام دەسەڵاتدارانی ئێران ئەو داوایەیان رەت کردەوە.

(٢)
دوای شۆرشی گەلانی ئێران، بەشی زۆری باغەکانی (فستق)ی ئێران لەلایەن دەسەڵاتدارانی نوێی ئێرانەوە دەستی بەسەردا گیرا و خاوەنەکانیان لە ئەمریکا گیرسانەوە، بەڵام هەستی خۆشەویستی نیشتمان وای لێ کردن هەرگیز نهێنی باشی کوالیتی فستقی ئێرانیان بۆ ئەمریکاییەکان ئاشکرا نەکەن، چونکە دەزانن ئەمریکا و ئێران لە بازاڕی (فستق)دا دوو رکابەری گەورەی یەکتر.

(٣)
لەم گوشارە گەورەییەی کە ئەمریکا خستویەتە سەر ئابوری ئێران، ئۆپۆزسیۆنی دەرەوە و ناوەوەی ئێران، چالاکییە سیاسی و گوشارەکانیان بۆ سەر (رژێم) تا رادەی نەمان کەم کردوەتەوە...
ئەم هەڵوێستە نیشتمانییەی ئێرانیەکان دەرهاویشتەی ئەو پرۆسەی (میللەت سازی)یەیە کە لەسەرەتای بیستەکانی سەدەی رابردوو لە لایەن رەزا شای پەهلەوی لە ئێران دەستی پێکرد..

(٤)
هێزە سیاسییەکانی ئێمەش لە رقی یەکتردا ئامادەن لە گەڵ شەیتان دانیشن و رێکەون، هەموو نهینی نیشتمان ئاشکرا بکەن، گەر پێویستی کرد سوپای موزەمبیقیش بێننە سەر یەکتر.. تا رۆژی قیامەت باسی خراپی یەکتر بکەن و رابردوو لەبیر نەکەن و بیر لە ئایندە نەکەنەوە.. ئامادەن پشتی یەکتر بدەن بە ئەرزدا بۆ ئەوەی عەرەبێک، فارسێک، تورکێک دەست خۆشیان لێ بکات..

پەرلەمانتارێک، وەزیرێک، فەرمانبەرێک، بەرپرسێکی حزبی کە کارێکی باش دەکات دنیایەک وێنەی دەگرێ و بە خەڵکی دەفرۆشێتەوە و خۆی دەکات بە فریاد رەس..!!


هۆکاری ئەمە چییە؟ ئەمە چ دۆخێکە ئێمەی تێدا دەژین؟
بەڕای من هۆکارەکەی ئەوەیە کۆمەڵگای ئێمە، بە سیاسی و رۆشنبیریەوە، ... هێشتا لە سەردەمی ئەقڵی خێڵدا دەژین و نەمانتوانیوە پرۆسەی بوون بە میللەت تێپەڕێنین..

چۆن تێیپەڕێنین؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە دەبێ ناوەندەکانی ئەکادیمی، داموودەزگاکانی دەوڵەتداری بە پەرلەمان و حکومەت و وەزارەتەکانیەوە، رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی.. بەدوای وڵامەکەیدا بگەڕێن.

451 جار خوێندراوەتەوە