قەیرانی هیوا

قەیرانی هیوا:
بێدەنگیی کۆمەڵگە لە نێوان بێهیوایی و بەرپەرچدانەوەی داڕزانی کۆمەڵایەتیدا
د. مەجید ساڵح
 لە کۆمەڵگەی قەیرانەوە بۆ کۆمەڵگەی ماندوو
کۆمەڵگەی کوردی لە باشووری کوردستان لە چەند دەیەی رابردوودا بە کۆمەڵێک ئەزموونی توندوتیژی، جەنگ، سەرکوتکردن، ئاوارەبوون، قەیرانی ئابووری و نائارامیی سیاسیدا تێپەڕیوە. راگواستن، ئەنفال، بۆمبارانە کیمیاییەکان، کۆڕەو، شەڕی ناوخۆیی ١٩٩٤ ـ ١٩٩٧، توندوتیژیی هێزە سیاسییەکان لە دژی یەکتر، ملمڵانێ ناوخۆییەکان، فشار و دەستێوەردانی وڵاتانی دەوروبەر و قەیرانە ئابوورییە بەردەوامەکان، بە تەنها کۆمەڵێک رووداوی سەرپێی و راگوزەر نەبوون، بەڵکو بەشێکی دانەبڕاون لە ئەزموونی مێژوویی و یادەوەریی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەی کوردستان، بەڵام لە ئێستادا، ئەم ئەزموونە تاڵانەی مێژوومان تێکەڵی دیاردەیەکی نوێتر بووە، ئەویش بەرکەوتن و ئاڵوودەبوونی بەردەوامە لەگەڵ هەواڵە نەرێنییەکان، گەورەکردنی قەیرانە فکری و کۆمەڵایەتییەکان، و پاشەکشەی رۆڵی دامەزراوە فەرمی و مەدەنییەکان کە رۆژانە لە میدیای کلاسیک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاودەبنەوە.
لەو روانگەیەوە، نابێت دۆخی ئێستای کۆمەڵگە تەنها بە چەمکگەلێکی سادەی وەک "گوێنەدان بە سیاسەت" یان "کەمبوونەوەی مەیلی خەڵک بۆ بەشداریی سیاسی" لێکبدرێتەوە. ئەوەی لە ئاستی کۆمەڵگەدا دەبینرێت، بەشێکە لە پرۆسەیەکی زۆر ئاڵۆزتر کە دەتوانرێت بە (داڕزانی کۆمەڵایەتی ـ دەروونی) ناوببرێت. بە مانایەکی دیکە، کەڵەکەبوونی قەیرانە ئابووری و سیاسییەکان، دووئیدارەیی، پەکخستنی پەرلەمان، باڵادەستیی حیزب بەسەر دادگاکان و بێ‌کاریگەربوونی دەستە چاودێرەکان لە لایەک، و ئالودەبوونی بەردەوامی خەڵک بە بارانی هەواڵە نەرێنییەکان و دەستوەردانی حیزبی لە سەندیکا و رێکخراوە مەدەنییەکان لە لایەکی ترەوە، بوونەتە هۆی داڕمانی متمانەی گشتی و لاوازبوونی توانای دەروونی و سیاسیی تاکەکان بۆ کاردانەوە و گۆڕانکاری.
لێرەوە پرسە بنەڕەتییەکە سەرهەڵدەدات: ئایا ئەم بێدەنگی و گوێنەدانەی کۆمەڵگەی کوردستان بەرامبەر بە بەردەوامی قەیرانەکان نیشانەی رازیبوونە، یان ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ بێهیواییەک کە لە ئەنجامی داڕزانی کۆمەڵایەتییەوە چەکەرەی کردووە؟ ئاخۆ کەڵەکەبوونی قەیرانەکان و بۆمبارانکردنی بەردەوامی میدیایی چ رۆڵێکیان هەیە لەوەی خەڵک خۆیان لە کایەی گشتی بەدوور بگرن؟ ئەگەر وڵات لە نێوان فەشەلی مۆدێلە سیاسییەکان و پەکیەککەوتنی کۆمەڵگەی مەدەنیدا گیرسابێتەوە، کێ بەرپرسیارێتیی سەرەکی دەگرێتە ئەستۆ بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم داڕزانە، دووبارە بنیاتنانەوەی سەرمایەی کۆمەڵایەتی، و گەڕاندنەوەی هیوا لە شێوەی کردارێکی بینراودا؟
ترۆما، یادەوەریی کۆمەڵایەتی و کەڵەکەبوونی قەیرانەکان
زانستی کۆمەڵناسیی توندوتیژی و قەیران، ئەوە دەردەخات کە قەیرانە درێژخایەنەکان تەنها کاریگەریی مادی لەسەر تاک و کۆمەڵگا بەجێناهێڵن، بەڵکو کاریگەری قوڵ لەسەر متمانە، ناسنامە، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و روانگەی خەڵک بۆ داهاتوو دادەنێن.
لە کۆمەڵگەیەکدا کە چەندین نەوەی جەنگ، کوشتار، ئاوارەبوون و سەرکوتیان بینیوە، توندوتیژیەکان لە ئاستی "ڕووداوێکی مێژوویی" تێدەپەڕن و دەبنە بەشێک لە یادەوەریی کۆمەڵایەتی.
راگواستنی گوندەکان و ئەنفال و گۆڕەبەکۆمەڵەکان، تەنها چەند رووداوێکی مێژوویی نین لە یادەوەریی خێزانەکان، گێڕانەوە زارەکییەکان، ئەدەب، هونەر و رێوڕەسمەکانی بەجەستە دەبن و رەنگ دەدەنەوە. کیمابارانی هەڵەبجە تەنها کارەساتێک نییە لە کتێبەکانی مێژوودا بخوێندرێت، بەڵکو بەشێکە لە ئەزموونی نەوەیەک کە هێشتا لە یادەوەریی کۆمەڵایەتیی خۆیدا کاریگەرییەکانی هەڵدەگرێت.
لەو روانگەیەوە دەتوانرێت باس لە بەردەوامیی ترۆما بکرێت، واتە دۆخێک کە کۆمەڵگە هەلی پێویستی بۆ دووبارە خۆ بنیاتنانەوەی متمانە و هەستی ئاسایش دەروونی بەدەست ناهێناوە، چونکە پێش ئەوەی کاریگەرییەکانی قەیرانە کۆنەکان کۆتاییان پێ بێت، قەیرانە نوێیەکان دەچنە ناو ژیانی کۆمەڵایەتییەوە.
لە حاڵەتی ئاسایدا دەبێ کۆمەڵگە دوای قەیرانەکان خۆی بسازێنێتەوە، بەڵام ئەگەر کۆمەڵگە خۆی لەگەڵ قەیرانەکەدا بگونجێنێت، ئەوە خۆ گونجاندنێکی پاسیڤانەیە لە حاڵەتی دووبارەبوونەوەی قەیرانەکەدا کۆمەڵگە بۆ هەمیشە لەگەڵیدا رادێت.
لە قەیرانی سیاسییەوە بۆ داڕزانی کۆمەڵایەتی
داڕزانی کۆمەڵایەتی ئەو کاتە دروست دەبێت کە فشارە ئابووری، سیاسی، ئەمنی و دەروونییەکان بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام بن و تاک یان کۆمەڵگە دەرفەتی پشوودان و نوێبوونەوەی تواناکانی نەبێت. لە سەرەتای هەر رووداوێکدا لەوانەیە تووڕەیی، ترس و ناڕەزاییی بەرفراوان دروست ببێت، بەڵام بە دووبارەبوونەوەی قەیرانەکان، توندیی کاردانەوەکان سست و کەمتر دەبێتەوە.
لێرەدا پێویستە لە نێوان گوێنەدان و بێهەڵوێستی کۆمەڵایەتی جیاوازی بکرێت. گوێنەدان واتە کەمبوونەوەی گرنگیدان، بەڵام بێ‌هەڵوێستی کۆمەڵایەتی دەتوانێت ببێتە هۆی زۆربوونی تێڕوانییە نەرێنییەکان.

لەوانەیە تاک نیگەرانی داهاتووی کۆمەڵگە بێت، بەڵام چیتر توانای دەروونیی پێویستی بۆ کاردانەوە بۆ قەیرانە نوێیەکان نەبێت. دەکرێت دەستەواژەیەکی رۆژانەی وەک "دووبارە هەواڵێکی خراپ" بتوانێت دەربڕینی ئەم دۆخە بێت. لەبەر ئەوە، نابێت کەمبوونەوەی کاردانەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی بێ ئەوەی بارودۆخی پێکهێنانی ئەو دۆخە لەبەرچاوبگرین، بە نیشانەی کەمبوونەوەی نیگەرانیی کۆمەڵایەتی دابنرێت. هەندێک جار بێهەڵوێستی کۆمەڵگە دەرئەنجامی نەبوونی نیگەرانی نییە، دەرئەنجامی کەڵەکەبوونی نیگەرانییە.
ئابووری سیاسیی بێ هیوایی
ناکرێت بێ هیوایی کۆمەڵایەتی تەنها لە روانگەی دەروونییەوە روون بکرێتەوە، دۆخی ئابووری رۆڵێکی بنەڕەتی هەیە. بێکاری، ناسەقامگیریی پیشەیی، کەمبوونەوەی توانای کڕین، نائاساییی داهاتووی ئابووری، نیگەرانی لەسەر داهاتووی منداڵان و کۆچی هێزی کار، هەموویان توانای تاک بۆ بەشداریی کۆمەڵایەتی کەم دەکەنەوە.
ئەو کەسەی بەشێکی زۆر لە وزەی مێشکیی خۆی بۆ دابینکردنی ژیان بەکار دەهێنێت، توانای کەم‌تری بۆ چالاکیی سیاسی، کولتووری و مەدەنی دەبێت. لەو روانگەیەوە، قەیرانی ئابووری تەنها قەیرانی داهات نییە، بەڵکو قەیرانی توانای بەشداریی کۆمەڵایەتیشە. لەو دۆخەدا سیاست بۆ هاووڵاتی لە بواری بەشداری و گۆڕانەوە دەگۆڕێت بۆ بوارێکی ماندووکەر و لە دەسەڵاتی ئەو بەدەرە.
لێرەدا پەیوەندیی نێوان ئابووری و بێ‌متمانەیی سیاسی گرنگ دەبێت. کاتێک هاووڵاتی هەست بکات بڕیارە سیاسییەکان کاریگەرییەکی دیار لەسەر کوالیتیی ژیانی ئەو نییە، ئەگەری دوورکەوتنەوەی لە بەشداری سیاسی و چالاکی مەدەنی زیادتر دەبێت.
میدیا و بەرهەمهێنانی "واقیعی قەیران"
لەم پرۆسەیەدا میدیا تەنها رۆڵی گواستنەوەدەری قەیران نابینێت، بەڵکو لە شێوەدان بە تێگەیشتنی کۆمەڵگە بۆ قەیراندا رۆڵ دەبینێت. لە سەردەمی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، چەمکی کلاسیکی "ڕێکخستنی ئەجێندای میدیایی" چووەتە قۆناغێکی نوێوە. ئێستا ئەوە تەنها میدیاکان نیین کە دیاری دەکەن چی شتێک زیاتر ببینرێت، بەڵکو ئەلگۆریتمەکانی پلاتفۆرمەکان لە دیاریکردنی ئەوەی چی زیاتر دەگاتە بەکارهێنەر رۆڵ دەبینن.
ناوەڕۆکی بابەتێکی تووڕەکەر، ترسناک و جنجال‌هێنەر زۆرجار توانای زۆرتری هەیە بۆ راکێشانی سەرنجی خەڵک. لەبەر ئەمە، ئابووریی سەرنج دەتوانێت ببێتە هۆی جۆرێک لە بەهێزکردنی میدیایی قەیران. رووداوێک کە لە راستیدا جارێک روویداوە، لەوانەیە لە بوارە میدیاییەکەدا سەدان جار دووبارە بەرهەم بهێنرێتەوە. وێنە، ڤیدیۆ، شیکردنەوە، کاردانەوە و مشتومڕە سیاسییەکان رووداوێک لە رووداوێکی راستەقینە دەگۆڕن بۆ بازنەیەکی بەردەوامی سەرنج. لە ئەنجامدا، هاووڵاتی تەنها لەگەڵ "واقیعی قەیرانەکە"دا ناژی، بەڵکو لەگەڵ واقیعی میدیایی‌کراوی قەیرانەکەشدا دەژی. ئەم جیاوازییە لە روانگەی کۆمەڵناسیی سیاسییەوە زۆر گرنگە.
ماندووبوون لە هەواڵ و دوورکەوتنەوە لە سیاست
یەکێک لە دەرئەنجامە گرنگەکانی زۆربوونی هەواڵ، ئەو دیاردەیەیە کە لە ئەدەبیاتی میدیاییدا بە ماندووبوونی هەواڵ (News Fatigue) ناودەبرێت. تاکێک کە بەردەوام هەواڵە نەرێنییەکان دەبینێت و دەبیستێ، لەوانەیە بۆ پاراستنی تەندروستیی دەروونیی خۆی، بە ئاگاداری یان بێ ئاگاداری، لە هەواڵ دوور بکەوێتەوە. لە قۆناغی دواتردا، ئەم دوورکەوتنەوەیە لە هەواڵ دەتوانێت ببێتە هۆی دوورکەوتنەوە لە سیاستیش. هاووڵاتییەک کە هەست بکات بەشدارییەکەی هیچ گۆڕانێک دروست ناکات، لەوانەیە لە جیاتی بەشداری، دوور بکەوێتەوە.
قەیرانی متمانە و سەرمایەی کۆمەڵایەتی
بێ هیوایی کۆمەڵایەتی ئەو کاتە مەترسیدارتر دەبێت کە لەگەڵ کەمبوونەوەی سەرمایەی کۆمەڵایەتی هاوکات بێت. بە شێوەیەکی سادە سەرمایەی کۆمەڵایەتی بریتیە لە کۆمەڵێک متمانە، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هاوکاری و خواستە هاوبەشەکان کە رێگە بە کردارکردنی کۆمەڵایەتی دەدەن.
کۆمەڵگەیەک کە متمانەی دامەزراوەیی تێیدا کەم بووبێتەوە، بە نرخێکی کۆمەڵایەتیی قورستر ئەزموونی قەیرانەکان دەکات. ئەگەر هاووڵاتی متمانەی بە حکومەت، حیزبەکان، میدیاکان و تەنانەت بە یەکتری نەبێت، هەر قەیرانێکی نوێ لە جیاتی دروستکردنی یەکگرتوویی، دەتوانێت کەلێنی کۆمەڵایەتی زیاتر بکات.
لەو دۆخەدا، هەواڵی نەرێنی تەنها "زانیاری" نییە، دەتوانێت ببێتە هۆی بەهێزکردنی بەدبینی گشتی. لەبەر ئەمە، کێشەی سەرەکی تەنها ژمارەی هەواڵە نەرێنییەکان نییە، بەڵکو ئاستی متمانەی ئەو کۆمەڵگەیەیە کە ئەم هەواڵانە وەردەگرێت.
بۆچی بێ هیوایی سەرهەڵدەدات؟
هیوای سیاسی کاتێک بەردەوام دەبێت کە هاووڵاتی هەست بکات داهاتوو گۆڕانکارییە و کردارکردنی ئەو دەتوانێت بەشێک بێت لەو گۆڕانکارییە. ئەگەر تاک چەندین جار بەڵێنی چاکسازی ببیستێت، بەڵام گۆڕانێکی دیار نەبینێت، کەلێنی نێوان "بەڵێن" و "کردار" فراوانتر دەبێت.
لەو دۆخەدا هیوا بە هێواشی دەگۆڕێت بۆ بەدبینی و نائومێدی. لەبەر ئەمە، قەیرانی هیوا لە کۆمەڵگەی کوردستان نابێت تەنها بە کێشەیەکی ئەخلاقی یان دەروونی سەیر بکرێت، ئەم کێشەیە رەگ و ریشەی سیاسی و دامەزراوەیشی هەیە.
هیوا سیاسی کاتێک لەناو دەچێت کە هەستی کاریگەریی سیاسی لەناو بچێت. بە واتایەکی تر، هاووڵاتی کاتێک هیواخوازە کە باوەڕی هەبێت: من دەتوانم بەشداری بکەم، بەشدارییەکەم کاریگەرە، دامەزراوەکان بەهۆی بەشداری، منەوە چالاک دەبن، و لە بەشداریی من ئەنجامێک بەرهەم دێت.
کێ بەرپرسیارە لە دووبارە بنیاتنانەوەی هیوا لە کۆمەڵگەی کوردستان؟
ئەگەر بێ هیوایی کۆمەڵایەتی دەرئەنجامی تێکەڵبوونی ترۆمای مێژوویی، قەیرانە بەردەوامەکان، فشاری ئابووری، بێ‌متمانەیی دامەزراوەیی و بۆمبارانکردنی میدیایی بێت، بەرپرسیارێتی دووبارە بنیاتنانەوەی هیواش نابێت بخەینە سەر تاک یان خێزان. ئەمە کێشەیەکی گشتی و سیاسییە.
١. حکومەت و بەرهەمهێنانی "هیوا"
حکومەت گەورەترین توانای هەیە بۆ گۆڕینی هیوا لە بیرکردنەوەیەکی دەروونییەوە بۆ ئەزموونێکی بینراو یان هەستپێکراو، بەڵام هیچ کات حکومەت ناتوانێت بە ریکلام و پروپاگەندا هیوا دروست بکات. هیوا ئەو کاتە دروست دەبێت کە هاووڵاتی گۆڕانکارییەکان بە کردەیی لە ژیانی رۆژانەی خۆیدا ئەزموون بکات. کەمکردنەوەی گەندەڵی، جێبەجێکردنی یاسا، ئاسایشی پیشەیی، خزمەتگوزارییە گشتییەکان، دادپەروەری، دەرفەتی یەکسان، بەرپرسیارێتیی دامەزراوەکان و هەلی بەشداریی سیاسی، هەموویان دەتوانن سەرچاوەی بنەڕەتیی دروستکردنی هیوا و متمانە بن.
لەبەر ئەمە، حکومەت پێویستە لە سیاسەتی بەڵێنەوە بەرەو سیاسەتی کردار بڕوات. خەڵک پێویستیان بە بەڵێنێک نییە کە لە داهاتوودا ئەنجام دەدرێت، پێویستیان بە کردارێکی بچووک و راستەقینەیە بۆ باشترکردنی دۆخی ژیانی ئێستایان. دروستکردنی رێگاوبان و قوتابخانەیەکی باشتر، نەخۆشخانەیەکی کاراتر، فەرمانگەیەکی وەڵامدەر، دەرفەتێکی کار یان یاسایەکی دادپەروەرانە، کاریگەرییەکی زیاتری هەیە لە دەیان دروشم و وتاری سیاسی لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا، چونکە بنیاتنانی هیوا پێویستی بە کردارە نەک بەڵێن و گوفتار.
بەڵام لە ئەزموونی هەرێمی کوردستاندا، گەورەترین ئاستەنگ لە بەردەم دروستبوونی ئەم هیوایە، بەردەوامیی دۆخی دووئیدارەیی و باڵادەستیی رەھای حیزبەکانە بەسەر دامەزراوە فەرمییەکاندا. کاتێک هاووڵاتی دەبینێت پەرلەمان وەک بەرزترین دەسەڵاتی یاسادانان چەندین جار پەکدەخرێت یان لەکار دەخراوە، و دادگاکان سەربەخۆیی خۆیان لەدەستداوە و تووشی سستی و سێبەری حیزب بوون، بەتەواوی لە گۆڕانکاری بێهیوا دەبێت. لەوەش مەترسیدارتر، بەحیزبیکردن و ئیفلجکردنی ئەو دامەزراوە سەرپەرشتیار و چاودێرانەیە کە دەبێت پارێزەری مافەکانی هاووڵاتی و بەرەنگاربووەوەی گەندەڵی بن، دامەزراوەکانی وەک دیوانی چاودێریی دارایی، دەستەی دەستپاکی (نەزاهە)، و کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤ، بەهۆی دەستوەردانی حیزبی و نەبوونی ئیرادەی سیاسی، لە رۆڵی سەرەکیی خۆیان داماڵراون و ناتوانن لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران و دەسەڵاتداران بپڕژێنن.
ئەم داڕزانەی دامەزراوەکان وا دەکات حکومەت لە بڕیار و دادپەروەری بکەوێت و تەنها لە رێگەی دەسەڵاتی حیزبییەوە بەڕێوە بچێت، بەمەش هاووڵاتی دەگاتە ئەو بڕوایەی کە هیچ پەناگەیەکی یاسایی و فەرمی نییە پارێزگاری لە مافەکانی بکات. بۆیە تا حکومەت نەبێتە خاوەنی دامەزراوەی سەربەخۆ و ناوەندێتییەکی یاسایی دوور لە باڵادەستیی حیزبی و ناوچەیی، دروستکردنی هیوا تەنها لە چوارچێوەی دروشمی میدیاییدا دەمێنێتەوە.
٢. حیزبە سیاسییەکان و بەرپرسیارێتی گەڕاندنەوەی بەشداری خەڵک
حیزبە سیاسییەکانیش لەم پرۆسەیەدا بەرپرسیارێتییەکی گرنگیان هەیە. لە بارودۆخێکدا کە ملمڵانێی سیاسی زۆرجار تەنها بۆ شەڕی دەسەڵات، تۆمەتبارکردنی یەکتر و بەرهەمهێنانەوەی قەیران سنووردار بکرێت، هاووڵاتی بە هێواشی سیاست بە بوارێکی ماندووکەر دەبینێت.
حیزبەکان بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی متمانە پێویستە لە سیاستی قەیرانسازی دوور بکەونەوە و بەرنامە، وەڵامدەرایەتی و بەشداریی راستەقینەی هاووڵاتی لە ناوەندی کارەکانیان دابنێن. کۆمەڵگەی ماندوو زیاتر لە هەر شتێک پێویستی بەو هەستە هەیە کە: دەنگی من دەبیسترێت و بەشداریی من بێ‌کاریگەری نییە.
حیزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە هەردوو ئاستی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆندا، بەرپرسیارێتییەکی راستەوخۆیان لە بێ هیوایی سیاسیی کۆمەڵگەدا هەیە. کاتێک ململانێی سیاسی لە ئامرازێک بۆ خزمەتکردنی گشتییەوە دەگۆڕێت بۆ "زۆرانبازیی مان و نەمان"، توومەتبارکردنی یەکتر و دروستکردنی قەیرانی ساختە، هاوڵاتی تووشی بێزاربوونی بونیادی دەبێت و کایەی سیاست وەک بوارێکی فرێودەر و ماندووکەر دەبینێت.
نائومێدیی قووڵی ئێستای کۆمەڵگەی کوردستان بەرامبەر بە بەشداریی سیاسی، زادەی ئەزموونکردنی چەندین شکستی دراماتیکیی مۆدێلە سیاسییەکانە. سەرهەڵدانی بزووتنەوەی گۆڕان لە ساڵی ۲۰۰۹ ئاسۆیەکی بەرزی هیوای لای شەقام دروست کرد، بەڵام چوونی ئەم بزووتنەوەیە بۆ ناو پێکهاتەی دەسەڵات، بێتوانایی لە ئەنجامدانی چاکسازی و ئالوودەبوونی بەشێک لە سەرکردایەتییەکەی بە ئیمتیازات و گەندەڵی، گەورەترین زەبر بوو لە بڕوای خەڵک بەرامبەر بە ئەمڕازی بەدیل/ ئۆپۆزسیۆن.
دروستکردنی حیزب لەلایەن د. بەرهەم ساڵحەوە وەک پڕۆژەیەکی چاکسازیخوازی و دواتر هەڵوەشاندنەوەی و رێککەوتن لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار، تێڕوانینی شەقامی بۆ حیزب لەکەدار کرد. ئەم رووداوە سەلماندی کە پڕۆژە سیاسییەکان زۆرجار تەنها کەرستەیەکن بۆ کارتیکی گوشار و گەیشتن بە پۆست، نەک پڕۆژەی بونیادنەر. هاوپەیمانیە لەناکاوەکەی شاسوار عەبدولواحد لەگەڵ یەکێتی و پاشان لێکترازانی نەوەی نوێ بەهۆی دەستبەسەرداگرتنی حزبەکە وەک موڵکێکی خێزانی و لەتبوونی رەوتی هەڵوێست و جودابوونەوەی هاوڕێکانی پێشووی بەهۆی ناکۆکی لەسەر میتۆدی کارکردن و لاوازیی بەردەوامی حیزبە ئیسلامییەکان لە داڕشتنی گوتارێکی کرداریی نوێ و ئاوێتەبوونی بێئەنجامیان لەگەڵ یارییە سیاسییەکاندا، وایکرد ئەم حزب و رەوتانەش نەتوانن ببنە پەناگەیەک بۆ دروستکردنی ئومێد.
بەڵام لە سەرویی ئەوانەوە گەندەڵی و قۆرخکاریی هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار (پارتی و یەکێتی) و بەسیستمکردنی گەندەڵی، دادۆشینی سامانی گشتی و نەبوونی شەفافییەت لەلایەن دوو حیزبی فەرمانڕەواوە، هاوڵاتیی گەیاندووەتە ئەو باوەڕەی کە سندوقی دەنگدان توانای هێنانی گۆڕانکاریی راستەقینەی نییە.
تێکەڵبوونی ئەم نموونانە بووەتە هۆی دروستبوونی "نائومێدیی گشتی لە بەشداری، واتە هاوڵاتی بەکردار دەبینێت کە بەشداریکردنی لە پرۆسەی سیاسی، هیچی لێ سەوز نابێت و تەنها شەرعییەت بە نوخبەیەکی ناکارا دەدات.
بۆ دووبارە دروستکردنەوەی متمانە و راکێشانەوەی بەشداریی خەڵک، پێویستە حیزبەکان دەستبەرداری سیاسەتی عاتیفی و قەیرانخوڵقێن بن، لە شوێنی ئەودا، بەرنامەی روون، وەڵامدانەوەی راستەقینە و بەشداریی کارای هاووڵاتییان بکەنە کاری سەرەکییان، تا ئەم کۆمەڵگەی ماندووە بە کردەوە هەست بکات کە دەنگی دەبیسترێت و بەشدارییەکەی کاریگەر و دیاری هەیە.
٣. رۆشنبیران، زانکۆ و دامەزراوە کەلتوورییەکان
نوخبە کولتوورییەکانیش لە دووبارە بنیاتنانەوەی هیوا رۆڵێکی گرنگ دەبینن. ئەگەر مێژووی کۆمەڵگەیەک تەنها بە زمانی قوربانی‌بوون بگێڕدرێتەوە، لەوانەیە ناسنامەی کۆمەڵایەتی زۆر بە رەنج و قوربانی‌بوونەوە پەیوەست ببێت.
پاراستنی یادەوەریی مێژوویی پێویستە، بەڵام کۆمەڵگە جگە لە "یادەوەریی رەنج" پێویستی بە "خەیاڵکردنی داهاتوو"ـیش هەیە. زانکۆ، ئەدەب، هونەر و بیرکردنەوەی سیاسی پێویستە بتوانن لە رابردووەوە فێرببن و لە هەمان کاتدا ئەگەری داهاتوو بخەنە بەردەم کۆمەڵگە. کۆمەڵگەیەک کە نەتوانێت خەیاڵی داهاتووی خۆی بکات، بە زەحمەت دەتوانێت ئەو داهاتووە دروست بکات.
٤. میدیا، لە بەرهەمهێنانی قەیرانەوە بۆ بەرهەمهێنانی تێگەیشتن
میدیای پیشەیی لە رووبەڕووبوونەوەی بێ هیوایی و داهێزرانی کۆمەڵایەتیدا، دەبێت هاوسەنگی لە نێوان رەخنە و رۆژنامەگەریی چارەسەردا دروست بکات. رۆژنامەگەریی چارەسەر شێوازێکی باسکردنی هەواڵە لەبری ئەوەی تەنها باسی کێشەکان بکات، سەرنج دەخاتە سەر لێکۆڵینەوەی رەخنەگرانە لەو چارەسەرانەی بۆ کێشە کۆمەڵایەتییەکان دەخرێنەڕوو. ئەرکی میدیا تەنها دروستکردنی شۆک و راکێشانی سەرنجی بینەر نییە.
میدیای پیشەیی پێویستە لە نێوان هەواڵ، شیکردنەوە، چوارچێوە و چارەسەردا هاوسەنگی دروست بکات. ئەگەر میدیا تەنها بڵێت ئەم دیاردەیە یان ئەو بڕیارە خراپە، بەڵام روونی نەکاتەوە بۆچی خراپە، کێ بەرپرسیارە، چ چارەسەرێک هەیە و چ ئەزموونێکی سەرکەوتوو بەردەستە، لەوانەیە لە جیاتی زیادکردنی هۆشیاری، بە تەنها هەستی بێ‌توانی و سستبوونی ئیرادەی جەماوەر بەرهەم بهێنێت.
 کەناڵ و پلاتفۆرمە میدیاییەکانی باشووری کوردستان لە پێناو بەدەستهێنانی بینەر و کلیک، زۆرجار رووداوە نەرێنییەکان گەورەتر لە واقیعی خۆیان نیشان دەدەن، وەک زەقکردنەوەی ململانێی فکری لە نێوان وتاربێژی نەزان و بەناو عەلمانیی رادیکاڵدا بە مەبەستی دروستکردنی جەنجاڵی، کە ئەوەش کێشە کۆمەڵایەتییەکان قووڵتر دەکاتەوە و کۆمەڵگە تووشی دووبەرەکی و نائارامی دەروونی دەکات. هاوکات تێڕوانینی کەمپین ئاسای میدیا بۆ کۆچی گەنجان و بە بازاڕکردنی توندوتیژی و قەیرانە خێزانییەکان وا لە هاووڵاتی دەکات هەست بکات کۆمەڵگە بە تەواوی داڕزاوە و هیچ ئەلتەرناتیڤێک نەمێنێتەوە.
لە بەرامبەردا، لە ئاستی نێودەوڵەتیدا تۆڕەکانی رۆژنامەگەریی چارەسەر سەلماندوویانە کە میدیا دەتوانێت لە دروستکەری قەیرانەوە بگوێزرێتەوە بۆ دروستکەری ئومێد. بۆ نموونە بەشی چاکسازییەکانی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز زنجیرە وتار و راپۆرتێکی بڵاوکردەوە تێدا سەرنجی نەدەخستە سەر رێژەی بەرزبووەوەی هەژاری یان بێماڵیی، بەڵکو تیشکی دەخستە سەر ئەو شارانەی توانیویانە بە مۆدێلی داهێنەرانە رێژەی بێماڵیی کەم بکەنەوە. ئەم جۆرە راپۆرتانە فشاریان خستە سەر سیاسەتڕێژان تا ئەو مۆدێلە سەرکەوتووانە تاقی بکەنەوە.
هەروەها میدیای ناوخۆیی ئوسترالیا لە شاری ئالیس کاتێک شارەکە تووشی ناوزڕاندن و قەیرانی رێژەی بەرزی تاوان لە میدیا نیشتمانییەکاندا ببووەوە و خەڵکەکەی تەواو بێهیوا ببوون، میدیای ناوخۆیی بە هاوکاری کۆمەڵگەی مەدەنی راپۆرتیان لەسەر هەوڵە سەرکەوتووەکانی رێکخراوە خۆجێییەکان بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی ئەنجام دا، ئەو راپۆرتانە بوونە هۆی زیندوبوونەوەی هیوا و بەشداریی شارۆچکەکە لە پاراستنی ئاسایشی خۆیاندا.
بۆیە میدیا پێویستە کۆمەڵگە لە ئابووریی ترس بەرەو ئابووریی تێگەیشتن بگوازرێتەوە. کۆمەڵگە پێویستی بە زانیاری هەیە، بەڵام زانیاریی بێ چوارچێوە و بێ چارەسەر، تەنها دەتوانێت ببێتە هۆی دڵڕاوکێ و نیگەرانیی قووڵ.
٥. کۆمەڵگەی مەدەنی و دووبارە بنیاتنانەوەی متمانە لە خوارەوە
هیوا کۆمەڵایەتی تەنها بە حکومەت و میدیاوە بەرهەم نایەت. کۆمەڵگەی مەدەنی بریتییە لەو بۆشاییە سەربەخۆیەی نێوان دەسەڵات و هاووڵاتی، کە لە رێکخراوە ناحکومییەکان، سەندیکاکان، کۆمەڵە کولتوورییەکان، گرووپەکانی گەنجان، ژنان، زانایان و هونەرمەندان پێکهاتووە. لێکۆڵینەوە نێودەوڵەتییەکان دەریانخستووە کە لە کاتی قەیرانە قوڵەکان و داڕمانی متمانەی سیاسی، ئەم توێژە دەتوانێت ببێتە تۆڕی پاراستنی کۆمەڵگە و سەرچاوەی سەرەکی بۆ بونیادنانەوەی هیوا.
بەڵام لە باشووری کوردستان، کێشەی سەرەکی ئەوەیە کە حیزبە سیاسییەکان بەهۆی دەستوەردانی بەردەوام و سەپاندنی هەژموونی خۆیان لە کاروباری رێکخراوە پیشەیی و سەندیکاییەکاندا، سەربەخۆیی ئەم دامەزراوانەیان تووشی داڕزان کردووە. ئەم دەستوەردانە سیاسییە وایکردووە زۆربەی سەندیکا و رێکخراوەکان یان بە تەواوی پەکیان بکەوێت و کارایی خۆیان لەدەست بدەن، یاخود لە گۆڕەپانی داواکارییە راستەقینەکانی خەڵکدا ون و بێ‌کاریگەر ببن و ببنە پاشکۆی ئیرادەی حیزبی.
مێژووی هاوچەرخی وڵاتانی تووشبوو بە قەیران دەیسەلمێنێت کە رزگاربوون لەم ئیفلجبوونە ئەستەم نییە. لە ئیرلەندی باکوور لە سەردەمی ململانێ توندەکاندا، گرووپە مەدەنییەکان (وەک هاوپەیمانیی ژنان) زەمینەی ئاشتییان لە خوارەوە ئامادە کرد. لە تونس دوای ٢٠١١، "چوارقۆڵیی دیالۆگی نیشتمانی" کە لە سەندیکا و رێکخراوە مەدەنییەکان پێکهاتبوو، وڵاتیان لە شەڕی ناوخۆ رزگار کرد. لە لبنانیش دوای تەقینەوەکەی بەیروت و داڕمانی ئابووری، گرووپە خۆبەخشە مەدەنییەکان لە بری دەوڵەت ئەرکی بەهۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەیان گرتە ئەستۆ.
بۆیە لە کوردستانیش، دەربازبوون لەم قەیرانە پێویستی بە دووبارە سەربەخۆکردنەوە و کاراکردنی دەستپێشخەرییە ناوخۆییەکانە. کاتێک خەڵک لە پڕۆژەیەکی مەدەنیی سەربەخۆدا لەگەڵ یەکتر هاوکاری دەکەن و ئەنجام بەدەست دەهێنن، ئەزموونی راستەقینەی کاریگەری بەدەست دەهێنن و پەیامێکی گرنگ دەبەخشنەوە کە "هێشتا دەتوانین شتێک بگۆڕین". ئەم هەستەی کاریگەری، بنەمایەک دیارە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داڕزانی کۆمەڵایەتی و دووبارە بنیاتنانەوەی هیوا و بەشداریی سیاسی.
هیوا وەک کێشەیەکی گشتی
نابێت کۆمەڵگەی کوردستان تەنها لە روانگەی قەیرانە سیاسی و ئابوورییەکانەوە لێک بدرێتەوە. یەکێک لە کێشە گرنگەکانی ئەمڕۆ بێ هیوایی کۆمەڵایەتیە، ئەم بێ هیواییە لە ئەنجامی تێکەڵبوونی یادەوەریی مێژوویی توندوتیژی، قەیرانە بەردەوامەکان، فشاری ئابووری، کەمبوونەوەی متمانەی دامەزراوەیی و بەرکەوتنی بەردەوام لەگەڵ هەواڵە نەرێنییەکان دروست بووە.
لەو روانگەیەوە، ئەوەی هەندێک جار بە "گوێنەدانی کۆمەڵگە" ناودەبرێت، لەوانەیە لە هەندێک باردا نەبوونی نیگەرانی نەبێت، بەڵکو میکانیزمێکی بەرگریی کۆمەڵگە بێت لە بەرامبەر کەڵەکەبوونی قەیرانەکان.
کۆمەڵگەیەک کە چەندین جار ترس و تۆقینی تاقیکردوەتەوە، چەندین جار هیواخواز بووە و چەندین جار ناومێد کراوە، لەوانەیە لە بەرامبەر قەیرانەکانی داهاتوودا بێدەنگ بێت. بەڵام نابێت ئەم بێدەنگییە بە رازیبوون لێک بدرێتەوە.
لەوانەیە بێدەنگی نیشانەی بێهیوایی بێت، لەبەر ئەمە، کێشەی سەرەکی تەنها ئەوە نییە چۆن خەڵک دووبارە بەرامبەر قەیرانەکان هەستیار بکەین، بەڵکو ئەوەیە چۆن متمانە، هەستی کاریگەری و هیوا سیاسییەکە دووبارە لەناو کۆمەڵەگەدا بنیاد بنێینەوە. ئەمەش ئێمە دەباتەوە بۆ گرنگترین پرسیاری ئەم وتارە: سەرچاوە و بزوێنەری هیوا لە کۆمەڵگەی کوردستان کێیە؟
وەڵامەکە بە تەنها تاکێک یان حیزبێک نییە. هیوا کۆمەڵایەتی بەرهەمی سیستەمێکی پێکەوە گرێدراوە: حکومەتێکی وەڵامدەر، دامەزراوەی متمانەپێکراو، حیزبە بەرپرسیارەکان، میدیای پیشەیی، کۆمەڵگەی مەدەنیی چالاک، زانکۆ و کولتووری زیندوو و هاووڵاتییەکانی کە ئەزموونی راستەقینەی بەشداری و کاریگەرییان هەیە، بەڵام لەم نێوانەدا حکومەت و دامەزراوە سیاسییەکان بەرپرسیارێتییەکی زیاتر هەڵدەگرن، چونکە گەورەترین دەسەڵاتیان بۆ گۆڕینی بەڵێن بۆ واقیع لە دەستدایە.
جەخت لەسەر ئەوە دەکەمەوە هیوا بە ریکلام و پروپاگەندا دروست ناکرێت، هیوا ئەو کاتە لەدایک دەبێت کە خەڵک بتوانن لە ژیانی رۆژانەی خۆیاندا نیشانە راستەقینەکانی ئەگەری گۆڕانکارییە پۆزەتیڤەکان ببینن.
لەبەر ئەمە، لەوانەیە گرنگترین سیاستی کۆمەڵایەتی بۆ کوردستانی ئەمڕۆ تەنها بەڕێوەبردنی قەیران نەبێت، بەڵکو بەڕێوەبردنی بێهیوایی کۆمەڵایەتی و دووبارە بنیاتنانەوەی توانای هیوا بێت.
کۆمەڵگەیەک کە دەیان ساڵ بۆ مانەوەی ژیان خەباتی کردووە، ئێستا پێویستی بە شتێکی زیاتر لە خۆڕاگری هەیە، پێویستی بەو باوەڕە هەیە کە دەکرێ "ژیانی داهاتوو لە رابردوو باشتر بێت." ئەم باوەڕە تەنها ئەو کاتە دەگەڕێتەوە کە کۆمەڵگە، لە جیاتی بیستنی بەڵێنی داهاتوو، بتوانێت لە ئێستادا بەشێک لەو داهاتووە ئەزموون بکات.

67 جار خوێندراوەتەوە