چار چییە؟!

سەیرێکی ئەو رەخنە و شەڕە قسە و جوێن و موهاتەراتانە بکەیت کە هەندێ کەس لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەینوسن، بۆت دەردەکەوێ زۆربەیان سادە و هەڕەمەکى و بۆ مەرامێکی حیزبی یان شەخسی نووسراون. بەخوێندنەوەیان ئاستی دواکەوتوویی هۆشیاری سیاسی و دۆگمایی عەقڵی خاوەنەکانیت بۆ دەردەکەوێت، تەنانەت ئەوانەشی بە نییەتێکی دڵسۆزانە و پاک رەخنە لە سیستمی سیاسی و ئیداری کوردستان دەگرن، لەوە حاڵی نەبوون کە ناکارایی دەوڵەتمەدارانی کوردستان دوو هۆکاری هەیە:

یەکەم: دواکەوتوویی تاک لە کۆمەڵگای ئێمە لە رووی هۆشیاری سیاسییەوە. پاڵنەری رەخنە و هەڵوێست وەرگرتن لەلای تاکی کورد پاڵنەرێکی سەرەتایی شيزوفرينی خۆ کوژانەی دژ بە بەرژەوەندییەکانی خۆیەتی، پێی وایە بە رەخنەی ساویلکانە و شەڕە جوێن و شەڕە قسە دەتوانێ دەسەڵات ناچار بە خواستەکانی بکات!!، لەکاتێکدا تاک لە کۆمەڵگا مۆدێرنەکان بە نەفەسێکی درێژەوە لەچوارچیوەی رێکخراوە سیاسی و جڤاکییەکانەوە توانییان دەسەڵاتی وڵاتەکانیان بێنە ژێر باری خواستەکانیان، بۆ نمونە ژنانی سویسرا (100)ساڵ تێکۆشان تاوەکو لە ساڵی (1971) رێگەیان پێدان بەشداری هەڵبژاردن بکەن و دەنگ بدەن.

دووەم: تاوەکو ئێستا دەوڵەتمەدارانی کورد بە دوو شەرعیەت حوکمڕانی دەکەن، شەرعیەتێکی خەڵک بە رەعیەت زانین و خۆ بە راعی، ئەمەش لەگەڵ سەردەم و دۆخی ئێستادا نەگونجاوە، شەرعیەتەکەی دیکەشیان شەرعیەتی شۆڕشگێری و خەباتی شاخ و تێکۆشانی باوک و باپیرانیانە، ئەمەشیان دوای روخانی سەدام و کۆتایی هاتنی دەسەڵاتە شمولییەکانی ئۆرۆپای شەرقی کۆتایی هاتووە.

رووبەرووبوونەوەی ئەم سیستمی حوکڕانییەی کوردستان بە رەخنە و شەڕە جوێنی پۆپۆلیستەکانی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناکرێت. بەو شێوازەی میسر و تونس و سوریاش ناکرێت لە جێگەی ئایدۆلۆژییەتێکی شمولی بە ناو ناسیۆنالیزم و ئیشتراکی، دانەیەک یان چەند ئایدۆلۆژیایەکی ئیسلامی بکەیتە ئەڵتەرناتیڤ.

تاکە ریگە کەڵک وەرگرتنە لەو رێبازەی کە ئۆرۆپای دیموکرات بەشێنەیەیی و پتەوی و نەفەس درێژی گرتیانەبەر و پێی گەیشتن. رێگەی هۆشیار کردنەوەی تاکەکان و خۆ رێکخستنی چین و توێژەکانی کۆمەڵگا.

305 جار خوێندراوەتەوە