مه‌لا به‌ختیار و مامه‌ڵه‌كردن به‌ ئاڵای شۆڕشه‌وه‌

(به‌شێكه‌ له‌ كتێبی رامانێك له‌ نه‌وشیروان مسته‌فا)

 
پەیوەندییەکانی مەلا بەختیار بە پارتییەوە، هێشتا به‌شێكی بە نهێنی ماوەتەوە و تا ئێستا وەک پێویست لێکۆڵینەوەی لەسەر نەکراوە. هەرچەندە خۆی لە (19/9/2019) له‌ کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ کۆمەڵێک لە تێكۆشەرانی دێرینی سەردەمی شاخ ‌و پێشمەرگایەتی، دەڵێت: "بۆ مێژوو دەیڵێم ‌و بە گۆڕی هەموو شەهیدەكانتان، جیابووینەتەوە و هاتووشینەتەوە ناو یەكێتی، بەشبەحاڵی خۆم یەك دینار، یەك دۆلار‌ و یەك تمەنم نە لە یەك دەوڵەت‌ و نە لە هیچ حزبێكیش وەرنەگرتووە. چونكە ئامادە نەبووم، نە چەك، نە پارە، نە یارمەتی لە هیچ لایەك وەربگرم ‌و دژی یەكێتی بەكاری بهێنم(١)
 بەڵام زانیارییه‌كان شتی دیكه‌ ده‌ڵێن، پشتیوانی کردنی پارتی بۆ مه‌لابه‌ختیار و هاندانی بۆ دروستكردنی ئاڵای شۆڕش بەو رادەیە ئاڵۆز و شاراوە نییە.

 هەندێ لە دامەزرێنەرانی ئەو رەوتە، بەم دواییانە لە نهێنیی جۆری هاوکارییەکانی پارتی و شیوعییان بۆ ئاڵای شۆڕش ئاشکرا کردووە. پشکۆ نەجمەدین، لەو بارەیەوە قسەیەکی پێچەوانەی ئەو سوێندەی مەلا بەختیاری کردووە و نووسیویەتی: "بازنەی پەیوەندییە سیاسیەکانی "ئاڵا" لەگەڵ هێزەکانی کوردستانی عێراقدا، پارتی دیموکراتی کوردستان لە پلەی یەکەمدا و حیزبی شیوعی ئێراق لە پلەی دووەمدا بوو. پارتی، جگە لە کۆمەکی لۆجیستیکی، لە سەرەتادا، کاتژمێرێکی لە وێستگەی رادیۆی خۆی بە "ئاڵا" دابوو. حیزبی شیوعی عێراق، لەگەڵ ئەوەی هاوکاریی "ئاڵا"یان دەکرد، دیسانیش وەکو پیشەی خۆیان، دەستیان تێ وەردەدا و گرفت وکێشەی فیکری و سیاسییان بۆ دەخوڵقاند."(٢)

لەتیف حاجی فەرەج، وەکو خۆی دەڵێ، (23) ساڵ لەناو پارتی و (دەزگای پاراستن)دا کاری کردووە و کەسی باوەڕپێکراوی ئیدریس و مەسعود بارزانی بووە و بەر لە راپەڕین بەرپرسی (دەزگای پەیڕەوانی رێبازی بارزانی) و دەزگای پاراستن و رێکخستنەکانی پارتی بووە لە سلێمانی و لە نزیکەوە ئاگای لە بڕیارە سیاسییەکان و کێشەی ناوخۆی حزبەکان بووە. لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری (لڤین) سەبارەت بە پەیوەندییەکانی مەلا بەختیار و پارتی دەڵێت: "ساڵی (1983) نوێنەری پارتی بووم بۆ جیاکردنەوەی ئاڵای شۆڕش لە یەکێتی بە سەرۆکایەتی مەلا بەختیار و بە فەرمانی پارتی (15) هەزار دیناری ئەو سەردەمە و ئامێرێکی چاپی فۆتۆکۆپیم پێدان، گەردوونی برای شەهید بێستوون بۆی بردن بۆ قەرەداغ. سەعاتی سفرمان دانابوو بۆ راگەیاندنی جیابوونەوەی ئاڵای شۆڕش لە یەکێتی، ئەگەر ئەو پلانە سەری گرتایە، هەر ئەو کاتە باڵێکی بەهێز لە یەکێتی جیا دەبووەوە و یەکێتی شەش کەسی نەدەمایەوە، بەڵام بە هۆی ئەوەی من نەمتوانی ئەو بروسکەیەی کە پێم بوو، بگەیەنمە مەلا بەختیار، پلانەکە هەڵوەشایەوە و مەلا بەختیار دەستگیر کرا(٣)"

پەیوەندییەکانی ئاڵای شۆڕش و پارتی دوای گیرانی مەلا بەختیاریش، تاوەکو ئاشتبوونەوەی لەگەڵ یەکێتیدا لە (3/12/1986)ەوە بەردەوام بووە. پارتی هیوای زۆری لەسەر ئاڵای شۆڕش هەڵچنیبوو، تەنانەت بارەگا و چەک و ئیزگەشی بۆ دابین کردبوو.

 عادل رەفیق لە بیرەوەرییەکانی خۆیدا دەگێڕێتەوە: "دوای رۆیشتنی سالار عەزیز، ئیدریس بارزانی بەناوی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە داوای چاوپێکەوتنی منی کرد. دەزانم بەتەنیا نەچوم، بەڵام بیرم نایە چ هاوڕێیەکم لەگەڵ خۆمدا برد، بێجگە لە ئیدریس بارزانی، عەلی عەبدوڵڵا و فاضل میرانی و حەمەی مەلا قادر و فرانسوا هەریری... هتد لەوێ بوون. سەرەتا هەستم بە گرژی دانیشتنەکە کرد، بێ ئەوەی هۆکارەکەی بزانم. تا ئیدریس بارزانی وتی: کاک عادل ئێمە گلەیی و رەخنەی زۆرمان هەیە، ئێمە ئەو چەکانەمان دا بە ئێوە بۆ ئەوەی خۆتانی پێ بپارێزن، نەک بیفرۆشن؟ (دواتر زانیم چەکەکان بریتی بوون لە چەند سیمینۆفێکی روسی ساڵی ١٩٧٥..) بەو قسانەی ئیدریس بارزانی داچەڵەکیم، چونکە ئاگام لێ نەبوو پارتی چەکی بە ئاڵای شۆڕش دابێ. پرسیم ئەو چەکانەتان بە کێ داوە؟ وتی کاک سالار عەزیز، ئاگادارە چەکەکان براوە لەناو ئێراندا، لە بازاڕی ئاوایی (گوندی دزە) فرۆشراوە بە قاچاخچی و ئەمەش لیستی چەکەکان و ژمارەکانییەتی بۆیان ناردوین و ئەوەش ناوی ئەوانەی چەکەکانیان فرۆشتووە. وتیشیان ئەو کارە کێشەی گەورە بۆ پارتی و ئێوەش لەگەڵ ئێراندا دروست دەکات و نەدەبوو وا بکرایە(٤) "

لە نامەیەکی دیکەدا کە سێ کادیری ئاڵای شۆڕش (عیماد ئەحمەد، کەریم عوسمان و سیروان) لە (12/12/1985) ناردوویانە بۆ مەلا بەختیار لە زیندان، باس لە هاوکارییەکانی بەرەی جود و پارتی و لیبیا و سوریا دەکەن بۆ رەوتەکەیان و نووسیویانە: "پەیوەندی و هاوکاری چاکمان لەگەڵ لایەنەکانی ناو جود هەیە، بە تایبەتی حزبی شیوعی و پارتی و تا ئێستە کۆمەکی باشمان دەکەن. جگە لەوەی دەوڵەتی دۆست وەعدی زۆریان داوە کە پشتگیری تەواومان بکەن و یارمەتیشمان بدەن. خۆت چاک لە سروشت و تەرکیبی ئێرە شارەزایت. دەربارەی دۆستانی لیبی و سوری هەر بەو جۆرەی وەعدی زۆریان داوە و لەم ماوەیەدا کاک سالار سەری لێدان و زۆر بەرێزەوە پێشوازیان کردووە، و پیرۆزبایی جیابوونەوەکەیان کردووین و زۆر ناڕەزایی خۆیان بەرانبەری شەخسی جەلال تاڵەبانی دەربڕیوە. جگە لەوەی دۆستانی لیبی بەرەسمی دەعوەتی کاک سالاریان بۆ سەردانی لیبیا کردووە، بەڵام چونی کاک سالار لەم کاتەدا بە چاک نازانین، لەبەر وەزعی ئێرە و بە هیواین مامۆستا جەعفەر بڕیاری گەڕانەوە بدات و پاشان کاک سالار سەفەرەکەی بکات."(٥)

هەر سەبارەت بە هاوکارییەکانی پارتی بۆ ئاڵای شۆڕش، عادل رەفیق لە یاداشتەکانیدا نووسیویەتی: "پارتی لەسەر ئەساسی (دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە) مامەڵەی لەگەڵ ئاڵای شۆڕشدا دەکرد، واتە بۆ بەرژەوەندی حزبی خۆی (هەندێ کۆمەکی مەمرەومەژی) بە ئاڵای شۆڕش دەکرد. لەوێ زانیم کە ئەو ئیزگەیەی ئاڵای شۆڕش بەرنامەکانی بۆ ماوەی سەعاتێک لێوە بڵاودەکاتەوە، ئیزگەی پارتییە نەک ئاڵای شۆڕش...(٥) ئه‌و زانیاریانه‌ ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات كه‌ مه‌لا به‌ختیار سوێند خواردن به‌ خوێنی شه‌هیدانیش بۆ مه‌به‌ستی‌ ناحه‌ق به‌كار ده‌هێنێ.

ئاڵای شۆڕش خۆی بە درێژەپێدەری رێبازی شەهید ئارام دەزانی، کەچی مەلا بەختیار لەگەڵ هاوڕێکانی ئارامدا هەڵی نەدەکرد و بە بیانووی خیلافی فکری، لەگەڵ سەرسەخترین نەیارە فکرییەکانی ئارام دا، هاوپەیمانی دەبەست؛ مام جەلال لەو بارەوەیەوە دەڵێت: "وەک وتم ئەوان ئارامیان کردبوو بە کراسەکەی عوسمان، ئارام زۆر دژی سەرکردایەتی بارزانی و ماڵی بارزانی بوو و رەئی زۆر توند و تیژی خۆی نووسیوە لە سەریان، کەچی ئەمان ئاخری پەنایان بردەبەر ماڵی بارزانی بۆ دژایەتی کۆمەڵە و یەکێتی نیشتمانی کوردستان. هەروەها بەڕاستی لە ناو یەکێتیشدا ئەم برادەرانە دەورێکی خراپیان هەبوو لە تۆراندنی رەسوڵ مامەند و دەرپەڕاندنیدا، هەروەها بەشی خۆیان دەستیان هەبوو لە نانەوەی ئاژاوە و لە عاجزکردنی کادیرەکان و دەستیان لە بەربەرەکانێ کردنی هەندێک لە کادیرەکانی کۆمەڵەدا هەبوو، بە تایبەتی مەوقفێکی خراپیان هەبوو لە مەسەلەی ئەو برادەرانەی لە سجن لە عەفوی (1979)دا بەرببوون."(٧)

 سه‌رچاوه‌كان:
١. لای مەلا بەختیار، بەدیلی یەكێتی هەر یەكێتییە:
٢. پشکۆ نەجمەدین، ئەزموون و یاد، سەرچاوەی پێشوو، ل٣٥٧.
٣. ئەحمەد و هێمن ویاسین، چاوپێکەوتن لەگەڵ لەتیفی حاجی فەرەج، گۆڤاری لڤین ژمارە ، فێبەروەری ٢٠٠٧، ل١٢.
٤. عادل رەفیق، هەندێک لە دیکۆمێنتەکانی ئاڵای شۆڕش، ٢٠١٧، ، ل٤٠١.
٥. عادل رەفیق، سەرچاوەی پێشوو، ل٣٨٤.
٦. هەمان سەرچاوە، ل٣١٣.
٧. سەلاح رەشید، دیداری تەمەن بەرگی (٢)، ل ١١٤

723 جار خوێندراوەتەوە