هەندێك دەنگ لە گەرووی کەسێکەوە دەردەچن، بەڵام لە ڕاستیدا سەدای ناخی هەمووانە، هەندێك هاواریش هەرچەند لە پنتێکی بچوکی نیشتمانەوە بەرزببێتەوە، کەچی دەنگدانەوەی تا دوورترین گۆشەکانی نیشتمان دەڕوات.
(ئەم ماڵە باوانەمان تێك مەدەن) ئەمە تەنها دەربڕینی خەمێکی کەسی نییە، بەڵکو پەیامی دڵسۆزی مامۆستا مەلا لوقمانی ئەمینی یە، وەك مامۆستایەکی ئایینی و ڕیش سپییەکی نیشتمانپەروەرە، کە لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمانەوە و لەسەر مینبەری پێغەمبەر (د.خ) لە نوێژی هەینیدا، بە داخێکی قووڵەوە بۆ دووبەرەکی و مەترسییەکانی سەر باشووری کوردستان هاوار دەکات. ناکۆکی و ململانێ سیاسییەکان، کە قەوارەی سیاسی و پێگەی هەرێمی کوردستانیان خستووەتە بەردەم مەترسی، جێی نیگەرانییەکی جددین، چونکە کوردستان ماڵی هەموو کوردێکە لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانەبن، ماڵێك کە بە ڕەنج و قوربانی و خوێنی شەهیدان و خەڵکی ماندوو و نیشتمانپەروەر هاتووەتە بوون، نابێت ئەم قەوارەیە ببێتە قوربانی بەرژەوەندییە تەسکە کەسی و حیزبییەکان و کێبڕکێی دەسەڵات.
بە ناوی خوێنی شەهیدان و قوربانییەکانی ئەم خاکەوە؛
داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین کارێك نەکەن مێژوو ناویان بە خراپ تۆمار بکات، بەڵکو هەنگاوێك بنێن نەوەکانی داهاتوو بە شانازییەوە یادیان بکاتەوە!
بەرژەوەندییە باڵاکانی ئەم گەل و خاکە وا پێویست دەکات ببنە پارێزەری یەکڕیزی و قەوارەی نیشتمانی، نەك هۆکاری لاوازبوون و پەرتەوازەیی، تەبایی و یەکڕیزی بکرێنە ئەولەویەت، ناکۆکییەکان بە گفتوگۆ و دیالۆگ چارەسەر بکرێن و ئارامی بۆ دڵ و دەروونی ئەم گەلە ماندووە بگەڕێندرێتەوە.
هەرچەندە جیاوازیی بۆچوون و ئاراستەی سیاسی هەبێت، بەڵام کوردستان ماڵی هەمووانە، نە موڵك و قۆرخکراوی هیچ کەسێکە و نە میراتی هیچ بنەماڵەیەکە. دەسەڵات و پۆست و پلە کاتین، سەرکردەکان دێن و دەڕۆن، حکومەتەکان دەگۆڕێن و هاوکێشە سیاسییەکانیش بەرز و نزمی دەکەن، بەڵام ئەوەی دەبێت بمێنێتەوە و بپارێزرێت، کوردستان و قەوارە دەستوری و نیشتمانییەکەیەتی.
لەکۆتاییدا؛
سەرکردەی ڕاستەقینە لە کاتی قەیران و مەترسیدا خۆی دەسەلمێنێت، لەو ساتانەی بەرژەوەندی گشتی لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکەوەیە و پێویستە ناکۆکییەکان لەپێناو ئامانجە باڵاکاندا وەلا بندرێن.
ئەمڕۆ مێژوو چاودێری هەڵوێست و بڕیارەکانتانە و سبەی نەوەکانی داهاتوو دەپرسن؛ ئەو کاتەی ماڵەکەمان لەبەردەم مەترسیدا بوو، ئێوە چیتان کرد؟ با وەڵامەکەتان شانازی بێت، نەك شەرمەزاری و پەشیمانی، ئەم ماڵە باوانەمان تێك مەدەن، چونکە ئەگەر ماڵەکەمان تێك بچێت، هیچ کاممان لە دەرەوەی ئەم ماڵە سەلامەت نامێنین.
137 جار خوێندراوەتەوە